لەدوای باران فەرەنجیم بۆچی یە!

2021/08/13    1159 جار بینراوە
 
* نەوژین - خەدیجە عبدالجبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
 
 ساڵانە بەهۆی بێ پلانی لە خزمەتکردنی باخچە و بلوارەکان و سەوزایی و پارکەکان ، بەشێکی زۆر لەدار و درەخت و گوڵ و چیمەنی باخچە و پارکەکان لەناودەچن.
 
دوای نزیکەی ٨٠ رۆژ لە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بۆ تەرخانکردنی بڕی (   ٤٥٣٧٤٥٤٠٠٠)  چوار ملیارو  پێنج سەد و سی و حەوت ملیۆن و چوار سەد و پەنجاو چوار هەزار دینار بۆ ئاودێری باخچە و بلوارەکانی سلێمانی، تا ئێستا کە بەرەو وەرزی پایز دەڕۆین ئەو پارەیە نەگەیشتوە تا پرۆسەی تەندەرینی بۆ بکرێت و شوینی خۆی بگرێت !
 
دوای ئەوەی بەشێکی زۆری سەوزاییەکان لەناوچون وەک دەوترێ ( لەدوای باران فەرەنجیم بۆچیە!)
 
ئاخر دەسەڵاتی خەرج کردنی بودجەی خزمەتگوزاری سەوزایی بۆ دەبێ لەدەسەڵاتی مەرکەزی بێت ؟
 
 چۆن دەبێ لە وەرزی هاویندا پرۆسەی تەندەرین بۆ خزمەتکردن و ئیدارەدانی  سەوزاییەکان ئەنجام بدرێت ؟  لەسەرەتای هەمو بەهارێک و کۆتایی زستان هەڵمەتی سەوزکردن و چاڵێنج کردنی بەرپرسان دەستپێدەکات بۆ رواندنی دار و درەخت ، ئایا نابێ پێش ئەوە بیر لەوە بکەنەوە بە چ سیستمێکی ئاودێری و بە چ ئاوێک ئاودێری دەکەن ؟
 
 چ جۆرە درەختێک دەڕوێنن کە لە گەڵ کەشوهەوای ناوچەکە و سیمای کوردستانی بونماندا دەگونجێت؟  ئایا بەڕواندنی داری واشنتنی شارەکانمان دەبنە شارەکانی ئەمەریکا؟  ئەی بۆچی دار قەزوان و دارتو و دار ئەرخەوان و دار زەیتون ناڕوێنن کە تێچوی کەمتر و لەبارترە بۆ کەشوهەوای شارەکانمان؟
 
 لە لایەکی ترەوە لە هەمو دونیا  ئەو ئاوەی بۆ ئاودانی سەوزایی بەکاردەهێنرێت جیاوازە لەو ئاوەی بۆ خواردنەوە بەکاردێت، لە سایەی حکومەتێکی شکستخواردو ، گەندەڵیەکی بێ شوماری رێکخراو، بەرپرسانێکی تێرنەخۆر لەهەڵپەی خۆ دەوڵەمەندکردن و خەڵک هەژارخستن، لە بێ پلانی و بێ ئیدارەیی لە پارێزگاریکردن لە سەرچاوەکانی ئاو و سود وەرنەگرتن لە تەکنەلۆجیای وێستگەکانی چارەسەرکردنی ئاوەرۆ و گلدانەوەی ئاوی باران و بەهەدەردان بەهۆی سیستمی سەقەتی دابەشکردن ، کەوتوینەتە دۆخێکەوە  نەک سەوزایی بەڵکو خەڵکی پایتەخت لە تینواندا وا دەخنکێن!
 
با بزانین ئەو شەمەندەفەرەی پارەی ئاودانی بلوارەکانی سلێمانی هەڵگرتوە کەی دەگاتە جێ ؟!
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,884,007     ژمارەی میوان 384

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە