گۆگڵ یادی ژنه‌ شێوه‌كارێك ده‌كاته‌وه‌

2021/07/05    1099 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
كۆمپانیای "گۆگڵ" له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى سه‌ره‌كی وێبگه‌ڕه‌كه‌ى دا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، یادی ژنه‌ شێوه‌كارى فه‌ڵه‌ستینی به‌ره‌گه‌ز ئێرانى (مه‌لیحه‌ ئه‌فنان)ى كردوه‌ته‌وه‌.
 
وێبگه‌ڕه‌كه‌ ئه‌مڕۆ 5ى ته‌موز، له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى خۆی گرافیكێكى هونه‌رمه‌ند مه‌لیحه‌ ئه‌فنانى داناوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ شێوه‌كاره‌ به‌راییه‌كانى عه‌ره‌ب و له‌ چه‌ندین هۆڵی ناسراوى جیهانى دا نمایشی تابلۆكانى كراوه‌.
 
مه‌لیحه‌ له‌ ساڵی 1935 له‌ دایك و باوكێكى به‌ره‌گه‌ز ئێرانى له‌ تایفه‌ى به‌هائیی، له‌ شاری حه‌یفای فه‌ڵه‌ستین له‌دایكبوه‌، به‌كالۆریۆسی ئادابی له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ به‌یروت و ماسته‌رى له‌ كۆلێژى كۆركوران بۆ هونه‌ر و دیزاین له‌ واشنتۆن ته‌واو كردوه‌، له‌ شاره‌كانى: كوه‌یت، به‌یروت، پاریس و له‌نده‌ن ژیاوه‌.
 
له‌ ژیانى هونه‌رییدا سه‌دان تابلۆی كێشاوه‌، به‌گشتى پشت به‌ ره‌نگی تێكه‌ڵ له‌سه‌ر كاغه‌ز و هه‌روه‌ها پاستیلی زه‌یتی ده‌به‌ستێت، زۆرینه‌ى تابلۆكانیش گوزارشتن له‌ ته‌نیایی و غه‌ریبی و دڵه‌ڕاوكێی مرۆڤ.
 
یه‌كه‌م پێشانگای تایبه‌تى خۆی له‌ پاریس له‌ ساڵی 1971 كردوه‌ته‌وه‌، به‌دواى ئه‌ویشدا زنجیره‌یه‌ك پێشانگاى دیكه‌ى له‌ شاره‌ جیاوازه‌كان كردوه‌ته‌وه‌، ئێستاش به‌شێك له‌ تابلۆكانى له‌ گه‌له‌رییه‌ ناسراوه‌كانى جیهاندا هه‌ن، له‌وانه‌: میترۆپۆلیتانى ئه‌مریكی و مۆزه‌خانه‌ى بریتانی و هه‌روه‌ها له‌ هۆڵه‌كانى وڵاتانى تری وه‌كو ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش.
 
مه‌لیحه‌ له‌ 6ى كانونى دوه‌مى 2016 له‌ له‌نده‌ن كۆچی دوایی كرد.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,798,648     ژمارەی میوان 1688

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە