*نەوژین - ساماڵ مانیی
لەو کاتە کەمەی کە هەمە بۆ بەسەرکردنەوەی هەواڵەکان و فەیسبوک، ناوێرم سەیری وێنەی هیچ ژنێک بکەم لە میدیاکان و پۆستەکانی ناو سۆشیال میدیا، ترسم هەیە لەوەی وێنەی ژنە کوردێکی کوژراو بێت و میدیاکان نوسیبێتیان "لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراوە".
کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەزارویەکن و هەمو کێشەکانیش لەناو کۆمەڵگەدا 'کێشەی کۆمەڵایەتین'.
دەستەواژەی "کێشەی کۆمەڵایەتی" دور راگرن لە نوسینەکاندا، لەبری ئەو دەستەواژەیەی 'کێشەی کۆمەڵایەتی' کە هیچ نەوتنە و ئەرکی زانیاری بەخشین و لێکدانەوە و خۆماندوکردن بە وردەکاریەکانەوە لە کۆڵ میدیا دەکاتەوە، هەروەهاش ئاماژەیە بۆ گرنگی پێنەدان و لەکۆڵخۆکردنەوە، داوادەکەم دەستەواژەکانیتری دەرخەری هۆکار و مەبەست لە تاوانەکە بە رونی بنوسرێت و تاوانێک لە تاوانێکتر جیابکرێتەوە، دڵنیام دەتوانن ئەوە بکەن و مەبەستتان لەوە نیە ئەو تاوانە بەکەمبگرن.
وردەکاریەکان گرنگن لە تاوانەکاندا، وەکو نیشانەکانی نەخۆشی وایە لای دوکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی هەر نەخۆشیەک. گەر وردەکاریەکان دەرنەکەون هەرگیز ناتوانین چارەسەری ئەو کێشە کەڵتوریە کوردیە بکەین کە ئەم هەمو ژنە دەکوژێت و بەکوشتی دەدات و وای لێدەکات خۆی بکوژێت.
”ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبین لە وتنی کوشتنی ژن بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە، تاوانەکە بەردەوامی دەبێت“
گەروا بەردەوام بێت، هەتا ماوین 'پرسی ژن' جیا ناکرێتەوە لە ئیشی ئیسعاف و پۆلیس لە بەرنامەی حیزبەکاندا و خەباتی ژنانیش زیاتر وەکو بەشێک لە فریاکەوتن و پۆلیس ئیش دەکەن لە کوردستاندا، هەربۆیە کۆکردنەوەی تاوانەکان و فڕێدانیان بۆ ناو چاڵە گەورەکەی "کێشەی کۆمەڵایەتی" تاوانەکان دەبێت لە میدیا کوردیەکاندا کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە ئەوەندەی کوشتنی ژن ئازارم ئەدات ئەوەندەش فڕێدانیانە بۆ ناو چاڵە گەورەکەی شاردنەوەی تاوانەکان لە ژێر ناوی "کێشەی کۆمەڵآیەتی"دا.
هەمو کێشەیەک 'کێشەی کۆمەڵایەتی' یە بە کێشەی سیاسیشەوە، بە کێشەی ئابوریشەوە، بە کێشەی میدیاشەوە، هەمو کێشەکان کێشەی کۆمەڵایتین، بەڵام وەکو چۆن کێشەی 'ناو حیزبەکان' هەیە و کێشەی 'نێوان حیزبەکان هەن و کێشەی دەزگاکانی دادوەری هەیە و کێشەی موچە هەیە و کێشەی هەڵبژاردن هەیە و کێشەی ناوچەیی هەیە و هتد، تاوانەکانیش بەهەمان شێوەن.
وەکو چۆن ناکرێت هەمو کێشە سیاسیەکان پێیان بوترێت "کێشەی کۆمەڵایەتی" تاوانەکانیش بەهەمان شێوە ناکرێت پێیان بوترێت"کێشەی کۆمەڵایەتی".