کوشتن بە بیانوی ناموس قێزەونترین جۆری تاوانە لە جیهاندا

2021/06/21    1119 جار بینراوە
 
*‌ رۆزا حەمە ساڵح
 
تاوانی کوشتنی ژنان بە بیانوی ناموس پەرستی بە قیزەوەنترین جۆری تاوان ھەژمار دەکرێت لە جیھاندا، هۆکاری ئەم جۆرە تاوانە لە ئەنجامی ئەو کەمو کوریانەیە کە لە ناو سەنتەری ھێزی کۆمەڵگا و رادەی رۆشنبیری تاكەکانییەوە سەرچاوە دەگرێ ئەمەش بە زۆری لە ناو کۆمەڵگا تەقلیدی و دواکەتوەکاندا دەبینرێت کە ژن تیادا بە پلە دو ھەژمار دەکرێت.
 
کوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنھا تاوانێک نییە دژی ژنێک بەڵکو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتوش بە تایبەتی، بە وەی فشاری دەرونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر خێزان بە جێدەھێڵێت، وەک پایەیەکی کۆنکریتی دژی پێشکەوتن و گەشەسەندی کۆمەڵگاش دەوەستێت.
 
کوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا لێی قەدەغەکراوە، بە یەکێک لە شێوازەکانی جیاوازی و ئەتک کردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیھاندا بونی ھەیە بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵگاکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، کۆمەڵگا عەرەبییەکان و کۆمەڵگای کوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە، کە دەرھاویشتەی گرفتە کۆمەڵایەتی و دەرونی و ژینگەیی و ئاینی و ئابوری و پەروەردەیی و رۆشنبیرییە.
 
وڵاتانی ئەوروپا چۆن روبەڕوی کوشتنی ژنان دەبنەوە؟
 
لە تەواوی وڵاتانی دنیادا و تەنانەت لە ناو کۆمەڵگا ئەوروپیەکانیشدا دیاردەی توند و تیژی وکوشتنی ژنان ھەتا ئێستا بنبڕنەکراوە، بە تایبەتی لە وڵاتی فەرنسا رێژەی کوشتنی ژنان زۆرترە بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپا، بۆ نمونە لە وڵاتی فەرنسا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٦٦ ملیۆنە، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٣٠ ژن کوژراوە، بونی ئەم رێژە زۆرە لە کوشتنی ژنان وای کرد کە حکومەتی فەرەنسا ھەوڵ بۆ چارەسەر و کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە بدات، بەوەی کە بازنی ئەلەکترۆنی لە دەست ئەو پیاوە توندڕەوانە بکرێت کاتێک دەبنە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ژنان و دابین کردنی پاسەوانی تایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە ھەڕەشەیان لەسەرە، لە کاتێکدا بیرۆکەی بازنی ئەلەکترۆنی لە دوای ساڵی ٢٠١٠ وە لە ھەر یەک لە وڵاتانی سویسرا و ئسپانیا بە رێژەیەکی باش سەرکەوتنی بە دەست ھێنا وتوانی ئەو ژنانە بپارێزێت کە ڕوبەڕوی توند و تیژی و ھەڕەشە و کوشتن دەبنەوە.
 
کاتێک باس لە کوشتنی ژنان دەکەین، دەبێت دەست بەرین بۆ ئەو ھۆکار و گرفتانەی کە بونەتە ھۆی تەشەنە و زۆر بونی ئەم دیاردیە، لەوانە:
 
 
یەکەم/ کەمتەرخەمی یاسا و لێپرسینەوە نەکردن لەو پیاوانەی کە دەستیان لە کوشتنی ژناندا ھەیە و پێش ئەنجام دانی تاوانەکە ھەڕەشەیان لێدەکەن، زۆر جار ژنانیش ھانا بۆ دادگا دەبەن ، بەڵام تاوانبار سزا نادرێت و دواتریش زۆر بە ئاسانی و بە بێ چارەسەرێکی یاسایی گونجاو و تەندروست دەرباز دەبێت، کاتێک لێپرسینەوە نەبێت لە تاوانبار ئەوا ئاسانتر تاوانەکە ئەنجام ئەدات.
 
زۆر جاریش لە دوای ئەوەی تاوانبار تاوانەکەی دەکات و راپێچی دادگاش دەکرێت، کەس و کاری ژنەکە ھیچ دەعوایەک لە سەر تاوانبار تۆمار ناکەن بە بیانوی ئەوەی کە کچەکەیان لە شەرەف و ناموس لایداوە و دەبێت بکوژرێت بۆ ئەوەی شەرف و ناموس بۆ خانەوادەکەنیان بگەرێتەوە، ئەمەش ھۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی سزایەکی کەم بە سەر تاوانباردا بسەپێنرێت، زۆر جار تاوانبارە دەست رۆشتوەکانیش لە لایەن حزبێکی باڵادەستەوە دەرباز دەکرێن بەبێ هیچ لێپیچینەوەیەک .
 
دوەم/ شارەزا نەبونی تەواو لە ئاینی ئیسلام و ھاندانی پیاوان لە لایەن ھەندێک لە مەلاو و مامۆستایان، ئەگەر لە روی ئاینی ئیسلامیشەوە سزا لە سەر شەرەفی ژن دابنرێت، ئەوا دەبێت چوار شایەت حاڵ ھەبێت بۆ ئەوەی بە سەریدا بچەسپێت، پێم وایە ئەگەر بەو پێیەش بێت ئەوا ھیچ ژنێک روبەڕوی کوشتن نابێتەوە.
 
سێیەم/ نەبونی رۆشنبیری تەواو لە ناو کۆمەڵگادا بە گشتی و خودی ژنانیش بە تایبەتی، ئەمەش وادەکات کە ژنان زۆر بەئاسانی بێدەنگی ھەڵبژێرن و پێش وەخت ھەوڵی دەربازبون نەدەن و خۆیان ملکەچی مەرگ دەکەن بەمەبەستی ئابرو نەچونی خێزانەکانییان.
 
چوارەم/ رێکخراوەکانی ژنان بە گشتی لە بەرژەوەندی ژن کار ناکەن، یان ئەتوانیین بڵێن ھێز و دەسەڵاتێکی یاسایی و سەربەخۆ ودروست لە پشت رێکخراوەکانەوە نیین، کاتێکیش ژنێک توشی ھەرەشە و مەرگ دەبێتەوە و ھانا بۆ ئەم شوێنانە دەبات کە مافی بپارێزێت و داڵدەی بدات، مەخابن ھەر زو بێھیوا دەکرێت و لە دوای ماوەیەکی کەم رادەستی کەس و کاری دەکرێتەوە.
 
”ئەوەی کەماوەتەوە بیڵێم“
 
دەبێت ژنان و چالاکوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی ژناندا نیین، تاکە رێگایەک کە لە بەردەستە بۆ رزگارکردنی ژنان لەو کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم هەمو گۆڕانکاری و پێشوەچونەکانی ژناندا. هەرچەندیش رودانی ئەوەش هەروا ئاسان نیە وە بەتایبەت لەم دۆخەشدا کە حکومەتێکی دامەزراوی لەئارادا نیەو ژنانیش پەرش و بڵاو بێڕۆڵ و بێکاریگەریش کراون.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,988     ژمارەی میوان 3045

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە