ژنان لە ئەزمونی سیاسی و ئیدارەدان

2021/06/14    1696 جار بینراوە
 
* ئەمەل جەلال
 
سەرەتا دەبێت لەوە تیبگەین كە نە سیاسەت بەبێ‌ ئیدارە و نە ئیدارەش بە بێ‌ سیاسەت بەڕێوە دەچێت، بۆیە ناكرێت لە یەكیان دابڕینین بە جیا پێناسەیان بۆ بكەین  هەردوكی تەواوكەری یەكترەو پێویستی بە لیهاتویی و تواناو ئەزمون و سەلیقەیی و پسپۆری و شارازایی و هونەرییەوە هە یە وەك چۆن دەوتریت سیاسەت هونەری تواناییە ( السیاسە فن الممكنات )كەواتە سیاسەت و بەرێوبردن ژن بێت یاخود پیاو پێویستە ئەو پێوەرانەی تیادا  كۆبێتەوە .
 
بەشداری ژنان لە روی وەزیفییەوە شتێكی تازەو نامۆ نیە وەك فەرمانبەری جێبەجێ‌ كار واتا تەنانەت لە روی رێژەییشەوە ژمارەیان كەم نیە بە بەراورد بە پێگەو بەشدارییان لە ناوەندەكانی بڕیار كە لە ئاستێكی زۆر كەمدایە! 

”ژنان لە ئەزمونی سیاسی و ئیدارەدان وێنایەكی بەرزی بەرێوبردن و لێهاتوییان بەرجەستە كردوە“

لە كاتێكدا ئەو ژمارە كەمەی لە ناوەندی بڕیاری كارگێڕی و بەرێوەبردندا ئەزمون كراون وێنایەكی بەرزی بەرێوەبردن ودڵسۆزیی و لیهاتوییان بەرجەستە كردوە كە دەكرا ئەوە پێوەرێكی ئەساسی هەڵسەنگاندنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوایە بۆ تێپەراندنی ئەو قۆرخكارییە رەگەزییەی كە هەژمون و كاریگەری  كردۆتە سەر یەكلایی كردنەوەی كاندیدانی پاڵێوراو بۆ پۆستە جیاوازەكانی دام و دەزگا فەرمی و نافەرمییەكان و یەكلایی كردنەوەی بە قازانجی رەگەزێك و پەراوێزخستنی رە گەزی بەرامبەر كە هاوبەشێكی سەرەكییە لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن.
 
لە كاتیكدا كەم نین ئەو بەرێوەبەرانەی كە گومانی گەورەو بێ‌ متمانەیی  زۆریان بە نەزاهەت و دڵسۆزی كاری دامەزراوەكان دروست كردوە كە  كەمترین ریژەی ژن ئەو گومان و بێ‌ متمانەیە دەیگرێتەوەو تەنانەت لە تێوەگلانیشیان لەو گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتمانیش ژنان زۆر بە دەگمەن ناویان هاتوە.
 
 بۆیە بە بڕوای من ژنان لە روی پەرۆشی و خزمەتكردنەوە باشتر دەتوانن سەركەوتوبن  لە ئیدارەدانی خەڵك و دامەزراوەكانەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كەواتە بۆچی لەگەڵ بونی ئەو راستیانەش بە شداری ژنان لە كایە سیاسی و ئیدارە ییەكاندا زۆر لە و رێژەیە كەمترە كە مایەی هەڵسەنگاندن و پیاچونەوە بیت؟ لە كاتێكدا ژنان رەگەزێكی گرنگی كۆمەڵن و رۆڵی تەواوكاری  دەگێڕن لە تەواوی ئۆرگانەكان و جومگەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەگەر هەل و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت.
 
”هەژمونی عەقڵی باوی كۆمەڵایەتی داسەپاو بەشێكی زۆری تواناو هێزەی ژنانی لە كارخستوە“
 
بەڵام، بە داخەوە هەژمونی عەقڵی باوی كۆمەڵایەتی داسەپاو بەكاربەر بەشێكی زۆری ئەم تواناو هێزەی لە كارخستوەو بە پاساوی بیری تەسكی كۆنەپارێزی هەمیشە وەڵامێكی پێچەوانەی هەیە بۆ داخوازی و هەوڵ و تێكۆشانی ژنان هەمیشە پاڵێوراوانی ژنان لە پەراوێزی بڕیارو راسپاردەكانی سەركردایەتی بڕیار بەدەستە
 
بۆیە لە كۆی پرۆسەی سیاسیدا جگە لە دەسەڵاتی تەشریعی كە بە یاسا ئەو مافە زامن كراوە بۆ ژنان كە پشكی ژنان بە ریژەی 30% كەمتر نەبێت چەسپێنراوە لە كاتێكدا ناڵیت لە و رێژەیە زیاتر نەبێت  ئەڵی كەمتر نەبێت، بەڵام نابینین لەو رێژەیە زیاتر بكریت لە كاتێكدا ئەو یاسایە10 ساڵی تێپەراندوە دەبوایە ئێستا تەواوی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە %30 لە بەركەتەی ژنانی تێپەڕاندایە و بەرەو قۆناغێك و سەردەمێكی جیاوازتر هەنگاومان بنایە، کەچی پێچەوانەكەی دەبینین .
 
”بەشداریكردنی ژنان دەبیت لە داڕشتنی سیاسەت و دروستكردنی بڕیارو دەركردنی بریارەكان و جێبەجیكردنیشدابیت“
 
كاتێك باس لە بەشداری ژنان دەكەین لە  سیاسەت و بەرێوەبردن دەبیت هەمو ئەو فاكت و بەربەست و ئاستەنگانە تێپەرێنین كە هۆكارگەلێكن بۆ چەقبەستویی و سنورداركردنی ئاستی بەشداری كردنی ژنان لە سیاسەت و بەرێوەبردن.
 
 كەواتە ئیمە باسی چ جۆرە بەشدارییەك دەكەین؟ بەهای بەشداریكردنی ژنان دەبیت لە تەواوی قۆناغەكانی داڕشتنی سیاسەت و دروستكردنی بڕیارو دەركردنی بریارەكان و جێبەجیكردنیشدابیت ئەو كات دەتوانین بۆ نمونە وەك ژنان لە داڕشتنی سیاسەتی ئابوری بەشداربین و بەشێك بین لەو نەخشە ریگایەی كە ئاستی بەرهەم هێنان لە زیادكردنی دەستی كار و بە تایبەتیش  هێنانە پێشەوەی ژنان بۆ ناو بازاڕی كار كە بە داخەوە ئامارەكان پێمان دەڵین كە ژنان بە رێژەی%14  لە كەرتی گشتیداو لە كەرتی تایبەت %11بەشدارن لە كاتێكدا دەرچوانی كچان و ژنان لە زانكۆو پەیمانگاكان ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نیە لە رەگەزی بەرامبەر.
 
لایەنیكی تری ئەم پرسە پەیوەستە بە و دابەشكارییە ناهاوسەنگییەی كە لەنێوان هەردو رەگەزدا هەیە كە پەیوەستە بەو تێگەیشتنە باوەی كە پێیوایە هێشتا ژنان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی كە سەركردایەتی دامەزراوەو ئۆرگانە جیاوازەكانی وڵات بكات تەنها لە یەك روانگەی كۆمەڵایەتیەوە رایەكی گشتی هەیە كە ژنان دەتوانن لە دامەزراوە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان دەتوانن كار بكەن بە و پێیەی كە ژن كارەكتەرێكی كۆمەڵایەتیە و باشتر لە رەگەزی بەرامبەر دەتوانێت رەفتار بكات لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگە.
 
”ژنان کاتێک وەک لێپرسراوکاردەکەن بارگرانی ئەوەشیان لەسەرشانە کە ئەرکەکانی ماڵەوە راپەڕێنێت لە کاتێکدا دەبێت ئەوە دابەشبکرێت“
 
 بەڵام، ئەو تێگەیشتنە پەیوەستە بەو بیركردنەوە چەوت و باوانەی كە دەسەڵات و توانایەكی رەها دەبەخشێت بە رەگەزی بەرامبەر و مافی ژنان لە گۆشەیەكی زۆر تەسكدا دادەنێت بۆیە دەبێت كار بكرێت بۆ زەمینە سازی بۆدروستكردنی ژینەگەیەكی تەندروست بۆ هێنانە پیشەوەی كچان و ژنان لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیداو لابردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە ژیانی كۆمەڵایەتی  و فەرهەنگی ژنی سەخت كردوە لە روی دەرونی و تەندروستی و كۆمەڵایەتیدا بارگرانی زۆرتر لە سەر ئەو ژنانە دروست دەكات كە لە یەك كاتدا دەبێت وەك لێپرسراو سەركردەیەك ئەركەكانی راپەڕینی و لە هەمانكاتدا دەبێت وەك دایك و هاوسەر رۆڵ و ئەركەكانی راپەرێنیت لە كاتێدا دەبێت ئەو ئەركە هاوبەش بیت لە نێوان هەردو رەگەزدا تا ژنان بتوانن وزەو تواناكانیان بخەنە گەڕ ببنە بەشێكی كاریگەرو گرنگ لە پرۆسەی پەرەپێدان و پێشخستی كوردستان.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,464     ژمارەی میوان 1710

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە