* هاوژین زیبا
كاتێك دەڵێن (ژن چی گەرەكە؟)راستەوخۆ بونی ژن دەبێتە پاسیڤ و قسەکەر خۆی دەبێتە سەردار و کوێخا بەسەر پرسی ژنەوە، ئا لێرەدا ئەو تێڕوانینە باوانەی بەسەر ژندا چەسپاون پشتڕاست دەبنەوە کە " ژن زەعیفەیە و ناقس عەقڵە"، و "پیاو سەرگەورە و سەردارە بەسەر ژنەوە" وەک لەو دەقەی قورئاندا ھاتوە دەربارەی خێزان و پێگەی پیاو و ژن لە خێزاندا " الرجال قوامون علی النساء" (النساء: ٣٤).
ھەروەھا کێشەی قستەی "مافی ژن چیە" ئەمەیە کەسێک (قسەکەرێک و بکەرێکی کولتور کە عادەتەن پیاوە) دێت خۆی لە جێی ژن مافی ژن دیاری دەکات، رۆڵی قسەکردن و داواکردن لە ژن دەسەنێتەوە، و ھەر لێرەوە مافگەلێکی بۆ دادەنێت کە لەژێر سایە و دەسەڵاتی پیاودا بیھێڵێتەوە، بە دیدێکی کۆنەپارێزی کە وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکات و تەنھا وەک بابەتی ئارەزو و ئامڕازێک بۆ خۆبەرھەمھێنانەوە و خزمەتکردن دەیبینێت، ئیتر مافی ژن ھەر ئەوە دەبێت کە لە ماڵدا بێت و کارێکی دیاریکراوی لە ماڵەوە ھەبێت و دڵی پیاو رازی بکات لە خۆی.
ئەمە سەرباری سەرمایەدارییش کە وەک کاڵا و بوکەڵەی سێکسی مامەڵە بە ژنەوە دەکات و تەنھا وەک جەستە و ھێزی کار لێی دەڕوانێت و لە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن زیاتر ھیچی تری پێ نەبەخشیوە و مافی ژن لە جەستە و پەیوەندی زایەندی ئازاددا دەبینێت.
ژن بەگشتی و لە بنەڕەتەوە بونیادێکی کێشەداری لە ڕوی بایەلۆژی و عەقڵییەوە نییە تا کەسایەتی پیاو خاوەندارێتیی پرسی ژن بکات، کە دەڵێن " ژن چی دەوێت " واتا نەفی وزە و توانای خودی ژن کراوە، ژن کراوتە بەرکار، و پرسیارکەریش بوەتە کارا، ئەمەیش بۆ خۆی ھەیمەنەی عەقڵییەتی نێرسالارانەی پیاوە بەسەر ژنەوە و ھێنانەوەی ئەوە بۆ ژێر سایە و سێبەر و دەسەڵاتی خۆی.
”ئێمەی ژنان دەبێت چی بکەین؟“
بۆیە بۆ تێگەیشتن لە پرسی ژن و داواکارییەکانی ژنان، پێویستە بڕوانینە ئەو وزە و لێھاتوییەی ژن وەکو رەگەزێکی مرۆڤ کە لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە لێی رژێنراوە و خراوەتە ئەم دۆخەوە کە ئەنجامی ھەمو ئەو کارانەی ھەزاران ساڵی ئەم کولتورەیە کە بەردەوامی بە خۆی دەدات بە شێوازی جیاوازجیاواز، بۆ ئەمەش کار و تێکۆشان پێویستە تاکو وزە رژاوی ژن، توانای تایبەت و تێڕوانین و زیھنیەتی ژن لە کەسایەتیی ژندا، بە خەباتی ھاوبەشی ژنان، کۆنەبێتەوە.
رەنگە باسکردن لە چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی پرسیاری " ژن چی دەوێت " یاخود "مافی ژن چییە" بەرەو شێواوی و رێگەی ھەڵە و دادوەریی نادروستمان بەرێت، بۆیە دەکرێت پرسیارەکان بگۆرین بەوەی "ئێمەی ژنان دەبێت چی بکەین" و "دەمانەوێت چی بونیاد بنێین؟". بۆیە دروستکردن و نوسینەوەی سەرلەنوێی مێژوی پێویستە لە لایەن ژنان خۆیانەوە، بە کارکردن و خەباتی نەبڕاوەی بێماندوبونی ھاوبەش، بە رێگا و شێوازی ھەمەجۆر و ھەمەلایەن لە سەرجەم دام ودەزگاکانی کولتوری کۆمەڵگای پیاوسالاریدا.