خانمانی شانۆکار دیداری شانۆی ئەنجام دەدەن

2021/05/19    1753 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ئەگەرچی بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتایی کۆرۆناوە پاشەکشەی سێکتەرە جۆربەجۆرەکانی هونەری دەبینرێت، بەڵام خانمانی شانۆکار وەک ئالنگاریەک بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوامن بۆ ئەوەی بسلمێنن ژنانی هونەرمەند روبەڕوی باردۆخە سەختەکان دەوەستنەوە.
 
 
لە ئێستادا ژمارەیەک لە خانمانی شانۆکار بەشێوەی ئۆنلاین دیدارێکی شانۆیی بەڕێوە دەبەن، ئەوانیش هەریەکە خانمە هونەرمەند (فرمێسک مستەفا) وەک رێکخەر و ئەندامەکانیشی پێکهاتون لە هەریەکە لە هونەرمەندان (ئاشنا رەئوف، روپاک عبدالقادر، ئاڤان حسین، خەرمان هیرانی).
 
 
فرمێسک مستەفا، رێکخەری دیدارەکە بۆ نەوژین وتی: لەدوای ئەو بارودۆخە نە خوازراوەی بەسەر کوردستاندا هات، چالاکیە کلتورییەکانی وەک زۆربەی لایەنەکانی دیکەی کایە گرنگەکانی کۆمەڵگەی وەستان و لاوازبون،  بەڵام لە رێگەی ئۆنلاینەوە توانیمان دیدارێکی شانۆیی ئەنجام بدەین، چەندین مامۆستا و راهێنەری شانۆ شانی خۆیان دایە بەر ئەم ئەرکەوخۆبەخشانە وا بۆ نزیکەی مانگێک دەچێت، زۆر بە سەرکەوتوانە بەڕێوە دەچێت.“
 
 
دیداری شانۆی خانمانی شانۆکار بەشێوەی ئۆنلاین وێنە: نەوژین
 
دیدارەی خانمانی شانۆکار چەند چالاکیەکی تێدا بەڕێوە دەچێت لەوانە ۆرکشۆپی (دەنگم یادەوەریمە)، لە لایەن دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداخی بەڕێوە دەچێت ۆپرکشۆپی  (بە وشەکانمدا دەمدۆزنەوە) مامۆستا گەزیزە عمر سەرەپەرشتی دەکات، ۆرکشۆپی (جەندەر و جەستەی ژن) مامۆستا میدیا رەئوف، هەروەها وەک میوان، د. نەزەنگ بەگی خانی وێبینارێکی بۆ بەشداربوان سازکرد دەربارەی (جەندەر و کاریگەری لەسەر جەستەی خانمە ئەکتەر لەسەر سەکۆ).
 
 
لەگەڵ ئەمانەشدا رێکخەری دیدارەکە ئاماژەبەوەدەکات چەند سیمینارێکیش ئامادەیە بۆ قۆناخی پراکتیزەی دوای ئۆنلاین کە لە لایەن هونەرمەندان (خەرمان هیرانی، ریزان ساڵح، لەگەڵ ڤیان نەوشیروان) بەڕێوەدەبرێن.
 
 
ژنان بە شانۆ دەچنە ناو خەمی ژنانی شەڵتەرو کەمپەکان
 
 
لەم دیدارە شانۆیەدا ئەو خانمە شانۆکارانەی لە قەزا و ناحیەکان دەژین، بەشداریان تێداکردوە بەوەش دەرفەتێکی باشبوە بۆ ئەوەی بەشداری چالاکیە هونەریەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا گروپی تایبەتیان تێدا دروستکراوە بەنمونە  گروپی ( منی ناوەوەم ) پێک هێنراوە لە لایەن چەند قوتابییەکی شانۆ لە شاری هەڵەبجە بە وتەی فرمێسک مستەفا ئەم گروپە نەک هەر بۆ شانۆ بەڵكو ئەمانە ئامادە دەکرێن چۆن بتوانن لە رێگەی شانۆوە خزمەت بەو ژنانە بکەن  لە کەمپەکاندان یاخود لە شەڵتەرەکاندان.
 
 
هەروەک یەکەمین خولی دیداری خانمانی شانۆکار بۆ ماوەی سێ رۆژ لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی (٢٠١٣)بەڕێوە چو. بە ئامادە بونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنە شانۆکارەکانی هەرێمی کوردستان و چەند ژنە شانۆکارێکی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان کە وەک میوان بەشداری دیدارەکەیان کرد.
 
 
وێنەی بەشێک لە خانمانی هونەرمەند لە یەکەمین خولی دیداری خانمانی شانۆکار ساڵی (٢٠١٣) وێنە: خاتو خاڵدار
 
دیدارەکە چەندین چالاکی لەخۆگرتبو لەوانە رێزلێنان لەچەند  خانمە پێشەنگێکی بواری دراما و شانۆ،سیمینار و گفتوگۆ لەسەر ئاریشە و بەربەستەکانی تواناکانی خانمانی شانۆکاری کورد، 'فرمێسک مستەفا' وەک رێکخەری دیدارەکە باسیلەوەکرد ئەوکات سیازدە راسپاردەیان نوسیوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و پێگەی ژنی شانۆکار پتەو و کاریگەر بکەن..
 
 
خانمانی شانۆکار پێکەوە روبەڕوی ئالنگاریەکان دەبنەوە
 
 
لە بارەی بیرۆکەی کارکەشیەوە فرمێسک مستەفا، دەڵێت: ”کاتێک من بیرۆکەی دیدارێکی ئاوام بۆ هات، لە پێناو پتەوکردنی توانا و بەهێزکردنی باوەڕهێنان بە خودی بەهرەو توانای مەعریفی خانمە شانۆکارەکان بو، هەروەها نزیکردنەوەیان لە  یەکتر، وە بتوانن خۆیان خۆیان تاقیبکەنەوە لە پانتایەکدا کە تەنیا خۆیان بن، هەروەها بتوانن پشتیوان و پاڵپشتی یەکتر بن“.
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,814,698     ژمارەی میوان 959

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە