حزبە سیاسیەکان نە لەشاخ رێگەیاندا ژنان خەبات بکەن نەلە شار هێشتیان بڕیاربدەن

2021/05/17    1332 جار بینراوە
 
* نەوژین - رەهێڵ تەڵعەت دزەیی
 
ژنانی باشوری کوردستان دڵسۆزی و خۆشەویستی زۆریان هەیە و هەبوە بۆ خاک و وڵاتەکەیان، بەڵام ئاستی هۆشیاری وکەلتور و داب و نەریت تا ڕادەیەک و بونی پارتی کۆنەپەرست رێگربونە لە بەشداری ژنانی باشوری کوردستان لە خەباتی سیاسی و چەکدارای. تەنانەت دوای دروست بونی چەندین پارت کە هەڵگری بیر و باوەڕی نوێخوازی و دروشمی سۆسیالیستی وسۆسیال دیموکراتیان هەڵگرتبو، ژن وەک پێویست شوێنی نەکرایەوە و رێگای پێنەدرا بە ئەرکی خۆی هەستێت.
 
”نەمان بینی ژنێک سەرکردەی پارتێکی سیاسیبێت“
 
دوای دەیان ساڵ لە خەباتی سیاسی و چەکداری و حکومڕانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان نەمانبینی ژنێکی سیاسەت مەدار هەڵکەوێت، ژنێک شان بە شانی پیاوان خاوەن بڕیاربێت، یان سەرکردایەتی پارتێکی سیاسی بکات.
 
 دەبێ هۆکارەکەی بێ توانایی ژنان خۆیان بن؟ یان هەل ومەرج بیت، یان زاڵ بونی پیاوان بەسەر کایەی سیاسی وباوەڕ نەبونیان بەتوانای ژنان، یان بە مەبەست کاریان کردبێ بۆ ئیفلیج کردنی توانای نیوەی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگایان بۆ ئاسان تربێت؟
 
 
ژنی کورد لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی رێگری زۆری هەیە، بەڵام دەستەوەستان نەوەستاوە هەوڵی خۆی داوە، لەبەرامبەردا پارتەکان هەوڵەکانیان بێ بەها سەیرکردوە وبەهەندیان وەرنەگرتوە. لە سەردەمی شۆڕشی شاخدا ژنان رێگا پێدراو نەبون بەشداربن لە شۆڕش، ئەو ژنانەی کە ئێستا ناویان ناون ژنانی شاخ ئەوانەن بەهۆی مێردکردنیان بە پێشمەرگەکان لە شاخ بون نەک بەهۆی باوەڕبونیان بە خەباتی چەکداری و رۆیشتنیان بۆ شاخ بۆ بەشداری لە خەباتی چەکداری.
 
ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پیاوان ماف بە ژنان نادەن بەشداری راستەقینە بکەن لە بڕیاری سیاسی هەردەم وەک پاشکۆی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بە بیانوی ئەوەی رۆڵیان نەبوە لە شۆڕش.
 
ئەو ژنانەی دوای راپەڕین دەرکەوتن بۆ نەبون بە سەرکردەی سیاسی؟
 
دوای راپەڕین و دروست بونی کەمێک لە ئازادی ژنان دەرفەتێکیان بۆ دروست بو، ژنانێکی زۆر هاتنە مەیدان و دڵسۆزانە  هەوڵیان دەدا بۆ بەرەوپێشچونی و بونیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان( بێ گومان ژنانێک هەبون بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کاریان دەکرد)، بەڵام بیر کردنەو وشێوازی کارکردنی پارتە سیاسیەکان بەتایبەتر دو پارتی دەسەڵاتدار لەو ئاستە نەبو باوەڕیان بە تواناکانی ژنان بێت و  رێز لە هزریان بگرن، بە پێچەوانەوە هەوڵی زۆریان دا ئەو ژنانەی خاوەن توانا ودڵسۆزبون وباوەڕیان بەخۆیان هەبو دوریان بخەنەوە بە دروست کردنی بەربەست و پڕوپاگەندەی نەشیاو، تا وای لێهات زۆرێک لە ژنانی بەتوانا سڵ بکەنەوە و دوربکەونەوە لە حزبەکان و کایەی سیاسی لە پێناو پاراستنی خۆیان.
 
 ئەگەر هەلیان بۆ رەخسابا و بەربەستیان بۆ دروست نەکردبان ئێستا دەیان ژنی سەرکردەمان دەبو. 
 
”هەمو پارتەکان بەڕواڵەت دەڵێن رۆڵی ژن گرنگە لامان“
 
ئێستا دوای ئەو هەمو ساڵە لە حکومڕانی کوردیدا دۆخ و مامەڵەکردن لەگەڵ ژن لە ناو هەر هەمو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە، ژن وەک دیکۆرێکی تەواوکەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەکاردەهێندرێت، نەک وەک خاوەن توانا و شارەزا کە دەکرێ سودبەخش بێت.
 
هەمو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە پەیڕەو پڕۆگرامی پارتەکانیان دانیان بە زەرورەتی رۆڵی ژن لە کایەی سیاسی و حکومڕای داناوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا وەک کاڵایەک مامەڵیان لەگەڵ دەکەن.
 
”ئەو ژنانەی پۆست وەردەگرن ئەوانەن پیاو بڕیارەکانیان دەدات“
 
ئەو ژنانەی پۆستی حکومی و تەشریعی وەردەگرن ئەوانەن کە پیاوانی حزبەکەی بڕیاریان لەسەر دەدەن ئەوانەن کە لە ژێرکۆنتڕۆڵی پیاوەکانن و لە قسەی ئەوان دەرناچن، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی لە بەرزترین پۆستی حکومی و تەشریعیدان، بەڵام خاوەن بڕیار نین بوکەڵەیەکن ولە سەرەوەیان پیاوانی حزبەکەیان دەیانجوڵێنن و بڕیاردەدەن و ئەوانیش دەیڵێنەوە.
 
 
لەگەڵ ئەوەشدا پارتەکان ژنان وەک کاڵایەکی جوان نمایش دەکەن نیشانی کۆمەڵگایان دەدەن لە رێگای دەزگاکانی راگەیاندنەکانی خۆیان، وەک ئەوەی تاکە سیفەت ژن هەیبێ روخسار ولەش ولاری بێت، تەنانەت لە کاتی کاندید کردنیان بۆ پەرلەمان یا هەر هەڵبژاردنێکی تربێت لە نێوان ژنێکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و لێهاتو و ژنێکی بەڕواڵەت جوان و بەرچاو ژنە بێ توانا و جوانەکە  هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکەن لە شوێنێکی گرنگ و هەستیاری وەک پەرلەمان. 
 
 
لەگەڵ ئەوەی ژنان خۆشیان بێ بەری نین لەم دۆخەی تێکەوتون، بەڵام بەرپرسی یەکەم دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە کۆنتڕۆڵی هەمو جومکەکانی کۆمەڵگا و بەڕێوبردنیان کردوە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,749     ژمارەی میوان 74

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە