ئەشواق نەجیب - پارێزەری راوێژکار
تاوانى كوشتن بە گوێرەی مادەکانی(٤٠٥ _ ٤٠٦) ى ياساى سزادانى عيراقى ژماره ١١١ ى ساڵی (١٩٦٩) سزاكەی بەندکردنە یان لە سێدارەدان. ئەمە لە کاتێکدایە لەهەمان یاسا مادەی تایبەت بە سزای کوشتنی بەهەڵە هەیە.
لە کوشتنی ژنان سزاکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت ئەمەش هۆکاری زيادبونى تاوانە لە کوردستان، دەبینن حکومەکان بە رێژەیەکی بەرچاو حکومی کۆمەڵگە و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیە کە بڕیاری لەسەرداوە، ئەمەش ناحەقیەکی تەواوە بەرامبەر ژنان.
”شەریعیەتدان بە کوشتنی ژنان“
لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان دەبین هۆکار شتێکەو حکومی کۆمەڵگە شتێکی ترە بە بیانوی شەرەف شەریعیەت دەدەن بە تاوانەکە، بەمەش هەوڵدەدرێت بۆ دەربازبونی تاوانبار.
خاڵێکی دیکە کە لە تاوانی کوشتنی ژنان هەوڵ بۆ دەربازبونی بوکوژ دەدرێت، دەبینین بەدەر لە تۆمەتی رەوشت کۆمەڵێک قسەدەدرێتە پاڵ قوربانیەکە لە وانە خۆی کوشتوە لەبەر ئەوەی کێشەی دەرونی هەبوە! یان هەڕەشەی کوشتن لەو کەسانە دەکرێت کە بیانەوێت راستیەکە ئاشکرابکەن.
”لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتن و دەستکاریکردنی بەڵگەکان“
لێکۆڵینەوەکان بۆ تاوانی کوشتن لە کوردستان زۆرخراپە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک هۆشیاری ئەوەی نیە کە نابێت دەستکاری ئاسەواری تاوان بکرێت، هەروەک دیارنەمانی بەڵگە یەکێکی ترە لە کێشەکان.
هەروەها لێکۆڵینەوەکان لێرە دەگاتە ئاستێک دەستێوەردانی تێدا دەکرێت جا بەمەبەستبێت یان بێ مەبەست.
خاڵێکی دیکە لە ماوەی لێکۆڵینەوە ئەو هەمو ئامێرە پێشکەتوە هەیە لە هەرێم، بەڵام لام سەیرە کە ناتوانن بەکاری بهێنن یان دەکرێت بەمەبەست ئەوە نەکەن. دانانی کامێرای چاودێری لە کۆڵان و شەقامەکان دابنێن یان بە ئامێرە زیرەکەکان بکوژەکان بدۆزنەوە هیچ قورسیەکی نیە بۆ هێزە ئەمنیەکان.
بۆیە لێرە تاوانی کوشتن گەشتوەتە ئاستێک پێشوەخت پلانی بۆ دادەنرێت کە هەرکەس ئەنجامیدا چۆن خۆی دەربازبکات!
ئەوەی کێشەی حکومەتە تا ئەم کاتە نە پلانی کورت مەودای بۆ ئەمە هەیە نە درێژ مەودا!؟ بەمەش نەتوانراوە ئەو ئەقڵیەتەی کە رۆحی ژنی لەلا بێ بەهایە بگۆڕێت، یاساکانیش بەم هۆیانەوە نەبوە بەبەربەست بۆ کۆتایی هینان بەم تاوانانە.