* لۆنا دڵشاد - نوسەرو وەرگێڕ
منی ژن مافێکی راستەقینەم دەوێت نەوەک روکەش چونکە کە من لێرە وەک ژنێک ئازاد بوم بچمە دەرەوە، بەڵام لە گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژیی پارێزراو نەبوم، کەواتە ئازاد نییم.
مافی کارکردن و خوێندنم هەبو، بەڵام بەهۆی رەگەزەکەمەوە، ئیمتیازێکی کەمتر یان زیاترم لە رەگەزی بەرامبەر پێ درا، کەواتە من مافی خۆمم وەر نەگرتوە.
کە من بۆم هەبو لە کایە سیاسییەکاندا بەشدار بم بەڵام هیچ بۆ ئەو بوارە ئامادە نەکرام و تەنیا "کۆتا"یەکم پێ پڕ کرایەوە، کەواتە من بەڕاستی بەشدار نییم.
”من نیوە ماف کراوم“
کە مافی ئەوەم هەبو خۆم هاوژینی ژیانم هەڵبژێرم، بەڵام کە مامەڵەی لەگەڵمدا نادروست بو و ویستم جیا ببمەوە، لە دادگا هەر بەو یاسا کۆنانە مامەڵەم لەگەڵدا کرا و تاکە رێگەم بۆ دەربازبون لەو پیاوە یان پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێنی چوارپێنج ساڵە یان دەستبەرداربونم لە تەواوی مافەکانی خۆم و منداڵەکانم بو، کەواتە نیو مافم هەیە.
کە لە بژاردەکانمدا بەرامبەر جەستەی خۆم ئازاد بوم، بەڵام بەرامبەر ئەو مافانە هۆشیار نەکرامەوە و ئاسانکاریی کرا کە ببمە نێچیری ئەو مافیا و لایەنانەی دەمکەن بە کاڵا، کەواتە تەنیا بە روکەش ئازادم.
کە هاتیت کوێرانە هەندێک چەمکی شێواو و هاوردەکراوی وڵاتانی خۆرئاوات بەزۆر بەبەری من دادوری، بەڵام هیچ رێخۆشکەرییت نەکرد تا هۆشیار بمەوە و لە جیهان تێبگەم و ئەرکەکانم وەک مرۆڤ و هاوڵاتییەکی ئەم جیهانە بزانم، کەواتە من تەنیا بۆ مەرامێکی شاردراوەی خۆت و لە زیندانێکی بچوکەوە هاتومەتە زیندانێکی گەورەترەوە!