لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی شەقڵاوە: کوشتنی ژنان لە سنوری ئێمە زۆر کەمە

2020/12/01    1724 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
لە قەزای شەقڵاوە، ئەمساڵ یەک حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمارکراوە، بەڵام بکوژەکە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزانی قەزاکەش دەڵێت: ”کوشتنی ژنان لە سنوری ئێمە زۆرکەمە“.
 
قەزای شەقڵاوە سەر بە پارێزگای ھەولێرە لە باشـوری کوردستان، پێکهاتوە لە پێنج ناحیە (هیران، بالیسان، سەلاحەدین، هەریر و باســرمە)، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2018ی دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێم( 159,934) کەسە، لە روی ئاینیەوە پەیڕەوی ئاینی ئیسلام و مەسیحی دەکەن.
 
ده‌رباره‌ى ره‌وشى توندوتیژی دژ به‌ ژنان، نەوژین دیدارێكى له‌گه‌ڵ لەگەڵ: سەفین تاهیر، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان لە قەزای شەقڵاوە سازداوه‌.
 
* سەرەتای گفتوگۆکەمان بەوە دەستپێدەکەین بەهۆی بڵاوبونەوەی هەواڵی بەشودانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە پیاوێک کە هاوسەرگیری لەگەڵ سێ ژنی دیکە کردوە لە ناحیەی هەریرى سەر بەشەقڵاوە، کاردانەوەی زۆری هەبو، بەدواداچونتان چی بو بۆ ئەمە؟
بۆ ئەو حاڵەتە بەوردی بەدواداچونم کردوە، ئەو کەسە سێ ژنی هێناوە، ئەمە ژنی چوارەمیەتی، ماوەی دو ساڵە لەهەریرەوە چوەتە هەولێر لەوێ نیشتەجێیە لەسنوری ئێمە نیە، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکەش پەیوەندیم بەو کەسەوە کرد و قسەم لەگەڵ کرد، وەڵامەکه‌ی بەمشێوەیە بوە: "بەڵێ من هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەو کچە کردوە، بەڵام تەنها پرۆسەی مارەکردنمان ئەنجامداوە، خێزانی کچەکە خەڵکی پارێزگای موسڵن و لە نەتەوەی عەرەبن، باوکی هاوڕێمە و پێی وتم کچەکەی خۆمت پێدەدەم ئەگەر یەکتان بەدڵ بو، دواتر یەکمان بینی بەدڵم بو و هاوسەرگیریمان کرد".
 
* کەواتە ئێوە وەک نوسینگەکانی بەرەنگاربونوەی توندوتیژی بۆ حاڵەتەکانی بەشودانی پێشوەختەی کچان چی دەکەن و چارەسەرتان چیە؟
لە سنوری ئێمە بەشودانی پێشوەختەی کچانی خوار هەژدە ساڵ زۆر کەمبوه‌تەوە، بەشێوەیەک بوەتە حاڵەت، بەڵام ئەگەر کەیسێکی لەو شێوەیە هەبێت رێکاری یاسایی دژی دەگرینەبەر.
 
* زۆرجار ئەم حاڵەتانە لە دەره‌وەی دادگاکان پرۆسەی مارەکردنەکە لەلای مامۆستایانی ئاینیەوە ئەنجامدەدرێت چۆن هەماهەنگیتان دروستکردوە بۆ کەمکردنەوەی؟
هەماهەنگیەکی زۆر باشمان دروستکردوە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی ناوچەکە بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوکارمان بن، تەنانەت لە بابەتی کاری رێکخراوەکانی پەیوەست بەم پرسانەشەوە ئێمە بە مامۆستایانی ئاینیمان وتوە کە ئەوان رۆڵێکی ئێجگار کاریگەریان هەبوە بۆ بەرەوپێشچونمان لە نێویاندا رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە هاوکارێکی زۆر باشی ئێمەن، بەتایبەت بێبەرامبەر چەندین کەیسی توندوتیژی دەگرنە خۆیان.
 
”ئەمساڵ یەک حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمارکراوە لە سنوری شەقڵاوە“
 
* ده‌رباره‌ى كوشتنى ژنان، ئاماره‌كانتان له‌وباره‌وه‌ چی ده‌رده‌خه‌ن؟
له‌ سنوری قەزای شەقڵاوە کوشتنی ژنان زۆر کەمە، بە نمونە ئەمساڵ یەک حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمارکراوە، روداوەی کوشتنەکە لە ناحیەی هەریر بو، خێزانێکی کوردستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بون، ماوەی دو ساڵە لەو ناحیەیە نیشتەجێبون، لە روداوێکی تەمومژاویدا پیاوەکە بە بەرد هاوسەرەکەی کوشت، بەڵام دوای روداوەکە پیاوەکە هەڵهات و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و شوێنی ونە.
 
* زۆرینه‌ى توندوتیژیه‌ تۆماركراوه‌كان له‌لاتان چین و هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانیان چین به‌ پێی به‌دواداچونى ئێوه‌.
ئەو توندوتیژیانەی کەروبەڕوی ژنان دەبێتەوە لێدانه‌ لەگەڵ توندوتیژی دەرونی و قسەپێوتن.
لە بارەی هۆکارەکانیشیەوە، هۆکاری سەرەکی لەمساڵدا لایەنی ئابوری بە پلەی یەکەم و دواتر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانه‌، بەڵام گرفتی سەرەکی کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ لێكتێنەگەشتن، دەبینین ساڵانە ئەو سکاڵایانەی دێتە لامان زۆر جار دوبارەن هەمان خێزانن و بەدیارییکراوی لەو دو کۆمەڵگەیەن (باسرمە و هەریر) كه‌ ئێستا کراون بە ناحیه‌، ئەم دو کۆمەڵگایە خەڵکی جیاوازی گوندەکان و شوێنەکانی دیکەی ناوچەكەن. 
هاوکات لەناو کەمپی ئاوارەکان  کچانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ ناچار بە هاوسەرگیری دەکەن و  لێدان و قسە پێوتن بە ژن لەناویان بەربڵاوە.
 
”ژمارەی دانیشتوانی شەقڵاوە نزیکەی ١٦٠ هەزار و شەڵتەری داڵدەدانی تێدانیە“
 
* بونى شه‌ڵته‌ى له‌ قه‌زاكاندا یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌ دیاره‌كان، له‌ سنوره‌كه‌ى ئێوه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ تاچه‌ند بونى هه‌یه‌؟
یەکێک لەو گرفتانەی دێتە پێش بۆ ژنانی هەڕەشەلێکراو لە سنوری قەزای شەقڵاوە، ئەوەیە کە شەڵتەری تێدانیە، ئەگەر کەیسێکی هەرەشەکردنی کوشتمان هەبێت لە ژنێک، کاتژمێر 4 بەیانی بێت یان 12 شەو، دەبێت هەر ئەوکات بینێرین بۆ شاری هەولێر، ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە لە هەمو پارێزگای هەولێر تەنها لەناوەندی شاری هەولێر شەڵتەر هەیە، تەنانەت شەڵتەری کاتیشمان نیە.
 
* ئاستى به‌شداری ژنان له‌ كایه‌كان چۆنه‌؟ بۆنمونه‌ له‌ ده‌زگاكه‌ى ئێوه‌؟
لەناو نوسینگەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی قەزای شەقڵاوە 9 کامەندی ئافرەت هەیە بە رێژەش دەکاتە (٣١٪)، یەکیان پلەی ئەفسەری هەیە، ئه‌مه‌ش بۆ قەزایەکی وەک ئێمە زۆر باشە، چونکە باردۆخی بەشداری ژن لێرە لاوازە.
به‌گشتى ژنان لێرە دەرفەتی کاریان زۆر کەمە، تەنها لە چەند شوێنێکی کەم دەبینرێن، وەک: کاری ئارایشتگای تایبەت بە خانمان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەختی باردۆخی ئابوری و بیرکردنەوەی خەڵکەکەی، تائێستاش هیچ کەیسێکمان نەبوە لەسەر رێگری کار توندوتیژیی کرابێت بەرامبەر بە ژنێک.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,654,000     ژمارەی میوان 1679

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە