"تموح و خولیای کچان بۆ راگەیاندن وایکردوە سەرباری ئاستەنگیەکان ژمارەیان زیادبکات"

2025/04/22    84 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

٢٢ ساڵە کار لە بواری راگەیاندن دا دەکات، لە ئێستادا بەڕێوبەری کەناڵێکی میدیاییە، ئەزمونی خۆی بە پڕ لە "ئاڵەنگاری و ئاستەنگی" ناوزەد دەکات، سەرباری ئەوەش گەشبینە و باس لەوەدەکات کۆڵنادات.

شنۆ عوسمان، نوسەر و سەرۆکی دامەزراوەی کەناڵی BMCـیە لە شاری سلێمانی، تەمەنی ٤٨ ساڵە و زیاد لە ٢٢ ساڵە لەبواری راگەیاندن کاردەکات.

پەیوەست بە ساڵڕۆژی رۆژنامەوانی کوردی، نەوژین دیدارێکی لەگەڵدا سازداوە دەربارەی ئەزمونی خۆی و دۆخی رۆژنامەوانیی کوردی و پێگەی ژنان تێیدا.

* دوای ئەم هەمو ساڵە لەکارکردن لە بواری راگەیاندندا، ئەزمونی خۆت چۆب هەڵدەسەنگێنیت؟
من وەک ژنێک کە خاوەنی ٢٢ ساڵ ئەزمونم لە بواری راگەیاندن، دەتوانم ئەوە بڵێم کاری راگەیاندن خۆی چەند قورس بێت بۆ ئێمەی ژن دو هێندە قورسە، لەو کاتەوەی من هاتومەتە نێو بوارەکە هەتاوەکو ئەمڕۆش کۆمەڵگەی ئێمە پێیوایە میدیا کاری ژن نییە، بۆیە نەک بەتەنها من، بەڵکو هەمو ژنێک کە لەنێو راگەیاندن کاردەکات ئەزمونەکەی بریتیە لە ئاڵەنگاری و ئاستەنگی زۆر.

* کەواتا چی وایکردوە کە سەرباری ئەو ئاستەنگیانە، شنۆ نەوەستێت تاوەکو بگات بەوەی ببێتە بەڕێوەبەری گشتی دەزگایەک؟
کۆڵنەدان، من قۆناغ بە قۆناغ بەهێزتر بوم و کۆڵمنەدا، بۆیە گەشتم بەم ئاستە.

* کە دەبیستین ژنێک دەزگایەکی میدیایی بەڕێوەدەبات، راستەوخۆ بیرمان بۆ ئەوە دەچێت ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو دەزگایەی ژنێک بەڕێوەی دەبات لەگەڵ دەزگاکانی دیکە؟
تاڕادەیەک بەڵێ، بونی ژنان لە پێگەی بڕیاری دەزگایەکی میدیایی بێگومان لە چەند رویەکەوە جیاوازی دەبێت، بە نمونە ئێمە نەرمتر، بە سەلیقەتر، ئارامی زیاتر، ئێمە هاندانمان زیاترە تاوەکو سەرزەنشت و لێپێچینەوە، بەڵام وەک کاریگەری سەدا سەد ناتوانیین وابڵێین، چونکە هەر دەزگایەک خاوەنی پرەنسیب و یاسا و رێسای خۆیەتی و ئەمە نەگۆڕە.

* بەردەوام وەک خاڵێکی نەرێنی بە خانمان دەوترێت لە راگەیاندندا ئێوە تەنها کاری بەردەم کامێرا دەتوانن بکەن، لەمبارەیەوە چی دەڵێیت و ئایا لە کەناڵەکەی تۆ بەمشێوەیەیە؟
لەنێو دەزگاکەی ئێمەدا لە کۆی گشتی ستاف ٢٧ کەسن ٦ کارمەندی خانممان هەیە کە چواریان لە پشت کامێرا کاردەکەن، بەو کۆتاییە ستافمان کەمکردوەتەوە گەرنا پێشتر زیاتربون، ناتوانم بڵێم ئەو رایە راست نییە، بەڵام ناشتوانیین بڵێین خانمان تەنها لە بەردەم کامێران، چونکە ئێستا بەڕێژەی باش لە ژوری هەواڵی کەناڵەکانی کوردستاندا بونیان هەیە.

* بۆچی خانمان زیاتر لەسەر شاشەکان دەبیندرێن؟ ئایا میدیاکان وایان دەوێت؟ یاخود خواستی کچان خۆیانە؟
بەشێک لە هۆکارەکە خانمان خۆیانن، حەزیان بە دەرکەوتنە وەک لەوەی چەند سەعاتێک بەسەر کۆمپیوتەرەوە بن لە ژوری هەواڵ و روبەڕوی سترێسی زۆر ببنەوە، بەشێکی دیکەش میدیاکانن کە بارودۆخ وایکردوە بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر خانمان بەکاربهێنن.

* ئێوە لە بەڕێوبردنی دەزگاکەی خۆتاندا چیتان کردوە کە جیاوازبێت بۆ ژنانی نێو خودی دەزگاکەتان لەڕوی ژینگە و دابینکردنی مافەکانیانەوە؟
من وەکخۆم و دەزگاکەش کۆمەڵێک خاڵی تایبەتمان بۆ خانمانی نێو دەزگاکە فەراهەمکردوە، بە نمونە بەردەوام پشتیوان و هاوکاریانین، کاتێک پێویستیان بە مۆڵەت هەبێت لە بری قورسکردن لەسەریان بە ئاسانی پێیانی دەدەین، هەروەها دەیانێرینە خول و راهێنانی نێودەوڵەتی تاوەکو ئاستیان بەرزتر ببێتەوە. ئەم خاڵانە و لە چەند خاڵێکی دیکە هاوکاریانین.

* پەیوەست بە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردی، دۆخی رۆژنامەوانی لە کوردستان چۆن دەبینیت؟ بەتایبەت دۆخی ژنانی رۆژنامەنوس؟
بە گشتی دۆخی میدیا لە هەرێم باش نییە، بەڵام دەکرێت بڵێین ئێمەی ژنان کاری خۆمانی سەرباری کەموکورتیەکان تێدا دەکەین، لێرە کچان لەسەر خولیا و خواستەکانیان دەکوژرێن بۆیە گەر من بێڵم دۆخەکە لەبارە بۆ ئەو کچانەی خولیای راگەیاندن و دەرکەوتنیان هەیە، قسەیەکی هەڵەیە.

* لە رابردو و ئێستاشدا بەردەوام باس لەوە دەکرێت ژنان و کچان کە دێنە نێو بواری راگەیاندنەوە، روبەڕوی ئاڵەنگاری دەبنەوە، چی بە هۆکار دەبینیت کە وایکردبێت کچان هێشتا بەردەوامبن لە هاتنە پێشەوەیان بۆ کاری راگەیاندن؟
لە دونیادا کاری راگەیاندن قورسە بە تایبەت بە کچان، بەڵام کچان خۆیان چونکە تموح و خولیایان بۆ کارەکە زۆرە، بەردەوامن لە هاتنە پێشەوە، بەڵام گەر بەراوردیش بکەین بە رابردو، پێموایە دۆخەکە باشتر بوە، هەم دەرفەتی کاریان زۆرترە هەمیش کۆمەڵگە چاوکراوەتر بوە لەو روەوە.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,459,583     ژمارەی میوان 1260

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە