نەوژین، بەنان فاروق
نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک چیە، نیشانەکانی چین، چارەسەر چیە و چۆن ژنان بتوانن خۆیانی لێبپارێزن، وەڵامی هەمو ئەم پرسیارانە و زیاتر لەم دیدارەی نەوژین ـدایە لەگەڵ ژیان خەلیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، کە ماوەی ٢١ ساڵە لەم بوارە کاردەکات.
* سەرەتا پێمان بڵێ شێرپەنجەی مەمک چیە؟
کورتترین پێناسە ئەوەیە؛ شێرپەنجەی مەمک بریتییە لەوەی کە خانەکانی نائاسایی مەمک لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن لو لە سنگ و ژێر باڵی کەسەکە دروست دەکەن، شێرپەنجەکە یەکێک لە باوترین شێرپەنجەکانە لە جیهاندا و زۆرترین رێژەی توشبونی لە ژناندایە.
* کەسێک چۆن بزانێت یاخود هەست بکات توشی شێرپەنجەی مەمک بوە؟
نەخۆشیەکە هاوشێوەی زۆرینەی نەخۆشیەکانی دیکە، کۆمەڵێک نیشانەی هەیە، کە ئەوانیش بریتین لە؛ هەبونی گرێ لە مەمک و ژێر باڵ، گۆڕانکاری لە پێستی مەمک کە پێستەکە چاڵ دەبێت یان ڕەنگی دەگۆڕێت یان دەئاوسێت، گۆڕانکاری لە گۆی مەمک بە هاتنی خوێن لە گۆکە یان بون بە برین یان گۆکە دەچێتە ناوەوە، گۆڕانکاری لە شکڵ و شێوەی مەمک، ئەمانە هەموی نیشانەی شێرپەنجەی مەمکن، بەڵام جاری وا هەیە هیچ کام لەم نیشانانەی نییە کەسەکە کەچی لە فەحسەکانی دەردەکەوێت کە توشبوە، ئەمە کاتێک رودەدات کە نەخۆشیەکە لە سەرەتایە و لوەکە زۆر بچوکە.
* هۆکارەکانی توشبون بە نەخۆشییەکە چییە؟
هێشتا هۆکارێکی ١٠٠% نییە، بڵێین ئەم هۆکارە دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام هەندێک شت هەن کە رێخۆشکەرن بۆ توشبون بە نەخۆشییەکە، ئەوانیش تەمەن، لەگەڵ بەتەمەن دا چون ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکە زیاترە، هۆکاری بۆماوەیی خێرانی، هاتنی سوڕی مانگانە پێش تەمەنی ١٢ ساڵی، وەستانی سوڕی مانگانە لە تەمەنێکی زۆردا واتە لە تەمەنی ٥٢ بۆ ٥٤ سوڕی مانگەنەی بوەستێت گەر دوای ئەو تەمەنە سوڕی مانگانەی هەر هەبو ئەوە ئەگەری توشبونی بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر دەبێت، قەڵەوی، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحولی، بەرکەوتن بە تیشک، دەرمانی هۆرمۆنات وەک حەبی مەنع و ئەو دەرمانانەی کە هی هۆرمۆناتن کە دوای تەمەنی نائومێدی واتە دوای وەستانی سوڕی مانگانە، نەبونی مناڵ و شیرنەدان بە مناڵ هەمو ئەمانە هۆکارن بۆ توشبون بە شێرپەنجەی مەمک.
* واتا دەبێت بڵێین، نەدانی شیر بە مناڵ و خواردنی حەبی مەنع کە ئەمە ژناندا زۆر باون، هۆکارێکی باون بۆ توشبون بە شێرپەنجەی مەمک؟
بەڵێ، بێگومان ئەو ژنانەی کە مناڵیان نەبوە و ئەوانەی کە شیری خۆیان نادەن بە مناڵ و ئەوانەی کە حەبی مەنع زۆر دەخۆن ئەگەری توشبونیان زیاترە بەراورد بەو ژنانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە مناڵ و حەبی مەنع ناخۆن، زۆر نەخۆش دەبینم کە شیریان نەداوە و حەبیان خواردوە زۆرتر توشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بون و رێژەیان زیاترە، چەند ژنان زیاتر دوگیان ببن و شیر بدەن ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکەیان کەمتر دەبێتەوە.
* چۆن پێش وەختە بزانرێت کەسەکە نەخۆشە و پشکنین بۆ خۆی بکات؟
پێویستە ژنان پێشوەختە پشکنین بۆ خۆیان بکەن و شەش مانگ جارێک لەلای پزیشکی پسپۆر پشکنین بۆ مەمکیان بکەن، وە هەروەها مانگی جارێک دوای تەواوبون لە سوڕی مانگانە یان ئەوانەی کە سوڕی مانگانەیان وەستاوە مانگانە رۆژێک دیاری بکەن و پشکین بۆ خۆیان بکەن لە ماڵەوە.
* ئەو پشکنینە چۆن بکرێت؟
بەم رێگایانە دەکرێت؛ سەرەتا بەرامبەر بە ئاوێنەیەک بە ڕوتی بوەستێک و بە چاو سەیری مەمکی بکات بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە قەبارەیان و شکڵ و شێوەیان بۆ ئەوەی بزانێت هیچ گۆڕاوە یان نا، ئینجا کە لە ئاوێنەکەوە سەیری خۆی دەکات چەند هەنگاوێک هەیە دەبیت بیکات و پێویستە دەستی بۆ خوارەوە بێت دواتر پێویستە دەستی بەرز بکاتەوە بۆ سەرەوە و ژێری مەمکی ببینێت تا بزانێت هیچ گۆڕانکارییەک هەیە، دواتر دەست بخاتە کەمەری و دەیگوشێت تا بزانیت دەوروبەری مەمکی کون نەبوە و نەقوپاوە، دواتر دەبێت بە دەستلێدان بە دەستی راستی دەست لە مەمکی چەپی بدات و بە دەستی چەپی دەست لە مەمکی راستی بدات لە مەمکییەوە تا ژێر باڵی پشکینین بکات بە دەستلێدان تا بزانیت لوی تێدایە و لەژێر باڵی لو لیمفە گرێ نییە بۆ ژێر باڵی پێویستە دەست بەرز نەکاتەوە، وە لەگەڵ ئەمانەشدا گۆی مەمکی بگوشێت بە هێواشی و زۆر عەزیەتی نەیات بۆ ئەوەی بزانێت هیچ دەردراوێک نایەتە دەرەوە بەتایبەت خوێن.
* چارەسەری نەخۆشییەکە چییە؟ ئایا تا ئێستا چارەسەری دۆرزاوەتەوە و هەیە لە کوردستان؟
چارەسەرەکانی بریتین لە نەشتەرگەری بە لابردنی لو لە مەمک و ژێر باڵ یان لابردن و بڕینەوەی مەمک، دەرمانی کیمیایی، چارەسەر بە تیشک، دەرمانی بایۆلۆجی، دەرمانی هۆرمۆنات، و چەند چارەسەرێکی نوێ کە تازە دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەم چارەسەرانە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت هەیە پێویستی بە یەک لەو چارەسەرانە هەیە و هەشە پێویستی بە هەمو چارەسەرەکانە، هەمو ئەو چارەسەرانەی کە وتم لە سلێمانی دەکرێن.
* ئایا ئەو کەسەی مەمکی لادەبرێت و دەبڕدرێتەوە بە نەشتەرگەری لە نەخۆشییەکە پاک دەبێتەوە؟
ئەمە بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکەیە، گەر سەرەتا بێت و هەر لە مەمکەکە بێت واتە قۆناغی سفر و یەک ئەوە چارەسەر دەکرێت، بەپێی نەخۆشیش دەگۆڕێت جاری وا هەیە پێویست بە بڕینەوەی مەمک دەکات و جاری واش هەیە تەنها لوەکە لە مەمکەکە دەردەهێنرێت و پێویست بە بڕینەوە ناکات، ئێستا وەک جاران نییە مەمکەکە زۆر نابڕدرێتەوە تەنها لوەکە زیاتر دەردەهێنرێت لەگەڵ لیمفەگرێکانی و گرێکانی ژێر باڵ و مەک ۆ ژێر باڵەکە پاکدەکرێنەوە.
* شێرپەنجەی مەمک چەند قۆناغی هەیە و چین؟ لە چ قۆناغێکدا چارەسەری تەواوی نەخۆشەکە دەکرێت؟
پێنج قۆناغی هەیە قۆناغی سفر، یەک، دو، سێ، و چوار، قۆناغی سفر و یەک لە مەمکەکەیە، قۆناغی دو و سێ لە لیمفە گرێکانی ژێر باڵدایە، قۆناغی چوار بڵاودەبێتەوە بە هەمو لەشدا، لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەدا چارەسەری نەخۆشەکە دەکرێت و چارەسەرەکەی ئاسانترە واتە قۆناغی سفر و یەک و تاڕادەیەکیش قۆناغی دو.
*ژنان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی پێویستە چی بکەن؟
پێویستە ژنان شێوازی ژیانیان بگۆڕن وەک وەرزشکردن، خواردنی تەندروست، خەوی تەندروست، دورکەوتنەوە لە دەرمانی هۆرمۆنات، قەڵەوی، جگەرەکێشان، نەخواردنی خواردنەوەی کحولی، لەگەڵ ئەوەی کە لە هەموی گرنگترە پشکنینی پێشوەخت کە ژنان دەبێت لەسەر ساغی بیکەن و سەردانی پزیشکی پسپۆری مەمک بکەن، لە تەمەنی ٣٠ ساڵی بە سەرەوە شەش مانگ جارێک پشکنین بکەن لای پزیشکی پسپۆڕی مەمک، لە دوای تەمەنی چل ساڵییەوە دو ساڵ جارێک ئیشاعەی مەمۆگرافی بکەن، ئەو ژنەشی کە لە خێزانەکەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک هەبوە و کەسی نزیکی وەک دایک و خوشکی هەیان بوە ساڵی جارێک پێویستە ئیشاعەی مەمۆگرافی بگرێت و سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مەمک بکات.
* دەوترێت بەستی ستیان بە دایمی و بەتایبەت لە شەواندا پێیەوە بخەویت توشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکت دەکات ئەمە تا چەند راستە؟
ستیان هیچ پەیوەندی بە شێرپەنجەی مەمکەوە نییە، بەڵام وا باشترە ستیان کەم کەمە لاببرێت و زۆر کات شەوان نەبەسترێت بەڵام پێیەوە خەوتن و بەستنی ستیان توشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکت ناکات و بەستنی بە شەوانیش ئاساییە و کێشەی نییە.
* ئایا شێرپەنجەی مەمک بۆماوەییە و دەمێنێتەوە بۆ مناڵەکانی نەخۆشەکە؟
بەڵێ شێرپەنجەی مەمک زۆر جار بە بۆماوەیی دەمێنێتەوە و بەئەگەری %٥ بۆ %١٠ دەمێنێتەوە، زۆرجاریش لە خێزانەکەدا کەسێک نەخۆشی شێرپەنجەی دیکەی هەیە وەک مناڵدان و هێلکەدان و نەخۆشی تر ئەوە دەمێنێتەوە بۆ مناڵ و نەوەکانی کەسەکە.
* ئەو کەسەی کە چاکدەبێتەوە لە نەخۆشییەکە پێویستە لە پشکنین کردن بەردەوام بێت، چەند مانگ جارێک یا ساڵی جارێک پشکنین بکاتەوە؟
پێویستە هەر بەردەوام بن لە سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ و پشکنینکردن، چونکە جاری وا هەیە شێرپەنجەکە سەرهەڵدەداتەوە، جاری وا هەیە دەچێتە شوێنەکانیتری جەستەی نەخۆشەکە و لەوێ سەرهەڵدەداتەوە و دەستپێدەکات، جاری واش هەیە ژنێک لایەکی مەمکی لابراوە و بڕاوەتەوە دوای ماوەیەک مەمکەکەی تریشی توشدەبێت لەبەرئەوە پێویستە چاودێری خۆی بکات، ژنانی ساغیش بەهەمان شێوە پێویستە چاودێری خۆیان بکەن و پشکنین بکەن گەر شێرپەنجەیان هەبێت یان نەبێت.
مانگی ئۆکتۆبەر (تشرینی یەکەم) لە جیهان دا بە مانگی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە، لەم مانگەدا لەلایەن رێکخراوە تەندروستیەکانەوە چەندین چالاکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامدەدرێت و ژنان لە هۆکار و چارەسەری نەخۆشیەکە هۆشیاردەکرێنەوە.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، رێژەی توشبون بە شێرپەنجەی مەمک زیادی کردەوە لە هەمان کاتدا رێژەی چاکبونەوە لە نەحۆشییەکەش زیادی کردوە لە ١٩٨٩ توشبوی نەخۆشییەکەوە بۆ %٤٤ کەمیکردوە و مردن بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی هیواش، رێژەی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە دە مانگی ئەمساڵ بەراورد بە دە مانگی پێشوی سەرەتای ساڵی رابردو رێژەی نەخۆش زیادی کردوە، بەشێوەیەک لە دە مانگی سەرەتای ئەمساڵ ٤٧٩ توشبوی شێرپەنجەی مەمک لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردو ٦٤ کەیسی نوێی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراون.
نەخۆشخانەی هیوا تاکە نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەیە لە شاری سلێمانی و دوەم نەخۆشخانەی تایبەتە بە شێرپەنجە لە کوردستان دوای نەحۆشخانەی نانەکەلی لە شاری هەولێر.