* نەوژین
لە بەرامبەر توانجی کەسێک لە کۆمێنت سەبارەت بە "پیربونی" دەستەکانی، خانمە هونەرمەند کیژان ئیبراهیم خەیات بە وەڵامێکی پڕ لە شانازییەوە، باسلەوەدەکات چرچ و لۆچییەکانی وەک مۆرکی ماندوبونی دایکایەتی و جوانیی کاری هونەریی دەبینێت.
خانمە هونەرمەند؛ کیژان ئیبراهیم خەیات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان روبەڕوی رەخنەیەک بوەوە، کاتێک خانمێک لە کۆمێنتێکدا لەسەر یەکێک لە ڤیدیۆکانی، نوسیبوی: جوانکاریی دەموچاوت زۆر کردوە، بەڵام بیرت لە دەستەکانت نەکردوەتەوە کە پیرییان پێوە دیارە”.
کیژان بە وەڵامێک روبەڕوی ئەم توانجە بوەوە و وتی: کاتێک دەبینم خانمێک ئاوا قسە لەسەر خانمێکی دیکە دەکات، نازانم بڵێم چی؟ ئەو دەستانە نیشانەی ماندوبونی کاری دایکایەتی، خاوێنکردنەوەی ماڵ و پرۆڤەی بەردەوامی پیانۆ ژەنینە. بۆیە من شانازییان پێوە دەکەم”.
هەروەها درێژەی پێدا: کاتێک دەستەکانم ماندو دەبن و دەمارەکانیان دەردەکەون، هێشتا هەر خۆشم دەوێن و پێویست ناکات بیانشارمەوە. داوایشی لەو خانمە کرد کە کۆمێنتەکەی بسڕێتەوە و پەشیمان بێتەوە لەوەی گاڵتەی بە جەستەی کەسێکی دیکە کردوە، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی رێزگرتن لە یەکتری.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنها سێ مانگ لەمەوبەر، خانمێکی تورک وێنەی دەستەکانی کیژان ئیبراهیمی بڵاوکردبوەوە و ستایشی جوانی و تایبەتمەندی ئەو دەستانەی کردبو کە چیرۆکی ژیانی کیژان دەگێڕنەوە. لەم بارەیەوە، کیژان بە وتەیەکی کوردەواری وەڵامی داوەتەوە: "قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە”، بە واتای ئەوەی کە کەسانی شارەزا و خاوەن دید، جوانی و بەها لەو شوێنانەدا دەبینن کە رەنگە هەندێکی تر بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری بکەن.