خەڵاتی هونەرمەندی ساڵ لە ئەمریکا بە بیڵی ئایڵش بەخشرا

2025/05/27    71 جار بینراوە


* نەوژین

بیڵی ئایڵش، گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریکی، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکی خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی بەدەستهێنا کە بەرزترین خەڵاتی رێورەسمەکەیە و لەلایەن جەماوەرەوە دەنگی بۆ دەدرێت.

رێوڕەسمەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشممە (٢٧ـی ئایار) لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا بەڕێوەچو. بە گشتی ئایڵێش بەربژێری حەوت خەڵات بو و توانی هەر حەوتی بەدەستبهێنێت، لەوانەش باشترین ئەلبومی ساڵ و باشترین هونەرمەند.

ئایڵش، لە (١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٠١) لە لۆس ئانجلەس لە کالیفۆرنیا دایکبوە، سەرەتای دەستپێکردن و بەناوبانگبونی بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە کاتێک گۆرانی Ocean Eyes ـی بڵاوکردەوە و گۆرانییەکەی بو بە ترێند، خاوەنی دو ریکۆردی جیهانی گینس، سێ خەڵاتی ڤیدیۆ موزیکی ئێم تی ڤی، و یەک خەڵاتی بریتە، هەروەها ساڵی ٢٠١٩ پێنج خەڵاتی گرامی پێکەوە بەدەستهێنا کە هەریەک لە (باشترین ئەلبوم، باشترین گۆرانی، باشترین پۆپ، باشترین گۆرانیبێژی تازە و باشترین ریکۆرد) بو، بەوەش بو بە دوەم کەس لە مێژودا ئەو کارەی ئەنجامدابێت، هەروەک ئێستا خاوەنی نۆ خەڵاتی گرامییە.

ئایڵش، بەهۆی گەشتە هونەرییەکەیەوە نەیتوانی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکی ئامادەبێت، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: ئەمە شتێکی شێتانەیە. هەست دەکەم ناتوانم دەریببڕم، هیوای ئەوەم دەخواست ئەمشەو لەوێ بومایە.

خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکی، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لەلایەن دیک کلارک لە ١٩٧٣ دامەزرێندراوە، بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتە میوزیکییەکانی ئەمریکا  کە هەریەک لە (گرامی، بیلبۆرد و خەڵاتی هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی رۆک ئاند رۆڵ)ـن ناسراوە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,536,402     ژمارەی میوان 164

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە