* نەوژین
لە مەراسیمێک دا لە ناحیەی رزگاریی، حەوتەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بە پێنج ژنی لە ئەنفال رزگاربو بەخشرا، کە لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەکانیان توانیویانە مناڵەکانیان سەرکەوتوانە پێبگەیەنن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە (١٧ـی نیسان) لە مەراسیمێک دا لە ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار، حەوتەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال رزگاربو، کە توانیویانە دوای پرۆسەی تاوانی ئەنفال و لەدەستدانی هاوسەر و ژمارەیەک لە کەسوکاریان، مناڵەکانیان سەرکەوتوانە پەروەردە بکەن و پێیان بگەیەنن.
لەوبارەیەوە، کارین ملۆدۆخ بە نەوژینی وت: لەگەڵ بەخشینی خەڵاتەکە ئامانجی من ئەوەیە هەمو ساڵ ئەوە بە بیری هەموان بهێنمەوە کە ژنانی لە ئەنفال رزگاربو رۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵگە هەبوە و پێویستە رێزیان لێبگیرێت.
خەڵاتی ئاڵتونی کارین، پرۆژەیەکی ساڵانەی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیە، ساڵانە مەدالیای ئاڵتونی بە ٥ لە ژنانی ئەنفال رزگاربو دەبەخشێت، بەتایبەتی ئەو دایکانەی دوای تاوانی ئەنفال و لەدەستدانی هاوسەرەکانیان، مناڵەکانیان گەورە کردوە.
کارین ملۆدۆخ، ژنێکی بە رەگەز ئەڵمانییە، مامۆستای زانکۆی بەرلینە، دکتۆرای لەدەرونناسی دا هەیە و تێزی دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی ئەنفالە بوە. ماوەی ٣٣ ساڵە لە گەرمیان کار دەکات بەتایبەت لەبواری ئەنفالدا و سەرپەرشتیاری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییە، کە رێکخراوێکی چالاکی سنورەکەیە.
لە وەرزی حەوتەمیدا خەڵاتی کارین بەخشرایە هەریەک لە: ئاڵتون بارام هەواس، جاهدە ئیبراهیم ئەحمەد، فاتیمە محەمەد عەلی، لەمیعە فەتاح نوری، تەیبە سلێمان عەزیز. بەمەش تاوەکو ئێستا خەڵاتەکە بە ٣٥ ژن بەخشراوە، کارین دەڵێت: هەزاران ژن ماون و پڕۆژەی ئەوەمان هەیە بەپێی توانا خەڵاتی هەمویان بکەین.
لەخوارەوە کورتەیەک دەربارەی ژیانی هەریەک لەو ژنانە دەخەینەڕو:
ئاڵتون بارام هەواس: ئەم دایکە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی کانی ماران لەدایک بوە، لە پڕۆسەی ئەنفال هاوسەرەکەی لێ جیاکراوەتەوە و تاهەتایە لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، دوای ئەنفالکردنی هاوسەرەکەی خۆیشی بۆماوەی شەش مانگ لە زیندان بوە، لەو ماوەیە دا دو کوڕی گیانیان لەدەستداوە و بەدەستەکانی خۆی ناشتونی، لەدوای پڕۆسەی ئەنفال ئاڵتون خان توانیویەتی سەربەرزانە حەوت مناڵ کە ٤ کچ و ٣ کوڕن بەخێوبکات و گەورەیان بکات.
جاهدە ئیبراهیم ئەحمەد: ئەم دایکە ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی شێخ لەنگەر لەدایکبوە، هاوسەرەکەی ئەنفالکراوە، لەدوای ئەنفال هاوشێوەی دایکانی دیکە دۆخی قورس بو، بەڵام ئازایانە مناڵەکانی کە ژمارەیان ٤ مناڵە، سێ کوڕ و کچێک بەخێویانیکردوە.
لەمیعە فەتاح نوری: ئەم دایکە لەکاتی ئەنفال تەمەنی تەنها ٢٣ ساڵ بوە، هاوسەرەکەی و دو برای ئەنفالکراون، لەدوای ئەنفال سەرباری ئەوەی تەمەنی کەم بوە، بەڵام شانی داوەتە ژێر قورساییەکانی ژیان و دو کوڕ و کچێکی بەخێوکردوە و ئێستا هەرسێکیان خزمەت بە نیشتیمان دەکەن.
تەیبە سلێمان عەزیز: ئەم دایکە لە پڕۆسەی ئەنفالدا جگە لە هاوسەرەکەی شەش ئەندامی خێزانەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتون، خۆیشی ماوەی شەش مانگ لەگەڵ شەش مناڵی لە زیندان بوە لە دوبز، لەدوای ئازادکردنیشی توانیویەتی حەوت مناڵ بەخێوبکات.
فاتیمە محەمەد عەلی: ئەم دایکە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبوە، جگە لە هاوسەرەکەی پێنج برایشی ئەنفالکراون، لەدوای ئەنفال ئازایانە توانیویەتی ٥ کوڕ و سێ کچ بەخێوبکات و گەورەیان بکات.