* نەوژین، پەرژین کامەران
کارین ملۆدۆخ، ژنێکی دانیشتوی وڵاتی ئەڵمانیایە، دامەزرێنەری هەردو رێکخراوی "هاوکاری ئەڵمانی" و "رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزادە" لە کوردستان، دکتۆرای هەیە لە دەرونناسی دا و پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی (سیگمۆند فرۆید) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.
ئەو کە ماوەی ٣٢ ساڵە لە هەرێمی کوردستان رێکخراوی خزمەتگوزاری بەڕێوەدەبات و بە زمانێکی کوردیی جوانیش دەدوێت. لەدیدارێکی نەوژین دا باس لە چۆنیەتی هاتنی بۆ کوردستان و درێژەدان بەکار و مانەوەی دەکات.
* سەرەتای هاتنت بۆ کوردستان بۆکەی دەگەڕێتەوە؟ و چی وایکرد درێژە بەمانەوە و کارکردن بدەیت لە کوردستان؟
من لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ رێکخراوی میدیکۆ هاتم بۆ کوردستان، لەگەڵ ئەوان لە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی کوردستان لە ناوچەکانی (پشدەر، قەرەداخ و گەرمیان) دەستم بەکارکردن کرد، سەرەتا پلان وابو بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ لێرەبم، بەڵام دوای تێکەڵبونم لەگەڵ خەڵکی و راهاتنم بە ئێرە کاتەکانی مانەوە و کارکردنم درێژ کردەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامم.
* دامەزراندنی هەردو رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و رێکخراوی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی خانزاد بۆ کەی دەگەڕێتەوە و ئامانج لە دامەزراندنیان چی بو؟
لە ساڵی ١٩٩٥ رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیمان دامەزراند، ئامانج لێی پاڵپشتیکردن لە ژنانی رزگار بوی ئەنفال بو، یەکەم کاری رێکخراوەکە دروستکردنی نوسینگەی رێکخراوی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد بو لەساڵی ١٩٩٦ لە سلێمانی.
هەروەها توانیمان لەڕێگەی ئەم رێکخراوەوە چەندین خولی وەک: (نەهێشتی نەخویندەواری، شۆفێری، زمان و کۆمپیتەر) بکەینەوە و بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سودمەند بون.
* دەڵێیت ئامانج لە دامەزراندنی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی یارمەتیدانی ژنانی رزگاربوی ئەنفال بوە، وەک رێکخراوەکە بە چ شێوەیەک یارمەتی ئەو ژنانەتان داوە؟
ئێمە هەر لە یەکەم ساتەوە بە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی لەشاڵاوی ئەنفال دا هاوسەرەکانیان لەدەستدا بو و نەیانتوانی بگەڕێنەوە گوندەکانیان دەستمان پێکرد، یارمەتی ئابوری ئەو ژنانەمان دەدا و یارمەتیدەریان بوین لەوەی چۆن بژێوی خێزانەکەیان پەیدا بکەن، چەندین کاری ئابوریمان کرد بە پڕۆژە بۆ ئەوەی بەرهەمیان هەبێت بۆ ئەو ژنانە.
ئەمە جگە لەو پڕۆژانەی لە بواری دەرونی و کۆمەڵایەتی پێشکەشمان دەکرد، ماڵ بە ماڵ دەگەڕاین بۆ ئەوەی ئاگاداری لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی ژنان بین.
* جگە لەوە تۆ تێزی دکتۆراکەشت لەسەر ژنانی ئەنفالە، چی وایکرد ئەو بابەتە هەڵبژێریت بۆ تێزی دکتۆراکەت؟
لەراستی دا ئەوە بۆ من زۆر گرنگ بو کە دکتۆراکەم لەسەر ژنانی ئەنفال بێت، بەڵێ من دکتۆراکەم بە ناونیشانی (بارودۆخی دەرونی و کۆمەڵایەتی ژنانی ئەنفال لە کوردستان- عێراق)ـە، لە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنانەی لە ساڵانی (٢٠٠٣، ٢٠١٠، ٢٠١٣) ئەنجامم دابو، من بینیم لە ماوەی ٣٥ ساڵ دوای ئەنفال گۆڕانکاری زۆر رویدا بۆ ژنانی ئەنفال، کە دوای ١٥ ساڵ لە خەفەت و بارودۆخی قورس، توانییان خێزان و کۆمەڵگا ئاوەدان بکەنەوە.
* ساڵانە خەڵاتی کارین دەبەخشیتە ژنانی ئەنفال، بە کورتی پێمان بڵێ ئەو خەڵاتە چیە و بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
خەڵاتی ئاڵتونی کارین، پرۆژەیەکی ساڵانەی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیە، کە ساڵانە و لە ساڵی (٢٠١٧)ـەوە مەدالیای زێڕ بە 5 لە ژنانی ئەنفال دەبەخشین، بەتایبەتی ئەو دایکانەی دوای تاوانی ئەنفال، مناڵەکانیان گەورە کردوە، ئەمساڵ وەرزی پێنجەمی دابەشکردنی خەڵاتەکە بو.
ئەو خەڵآتە بۆ من تایبەتە، رەمزێکە بۆ ئەو ژنانەی کە توانیویانە مناڵەکانیان بەتەنها بەخێو بکەن، سەرکەوتوبن لەژیانی خۆیان لەکاتێک دا لە رۆژگارێکی رەشدابون، لە هەمان کات دا پشتگیر و هاوکاری یەک بون لە رۆژە سەختەکانی دوای شاڵاوی ئەنفال.
* لەبارەی ئەنفالەوە چ شتێک بۆ ئێوە زۆر جێگەی بایەخە کە پەیوەندی بەژنانی ئەنفال و کوردستانەوە هەبێت؟
ئەوەی بۆمن گرنگە ژنانی ئەنفال هەر وەکو رەمزی خەفەت و گریان دەرنەخرێت، بەڵکو وەکو ژنانی بەهێزی کۆمەڵگا نیشان بدرێن کە رۆڵی گرنگیان هەبوە لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە، کە ئەمەش کەمتر قسەی لەسەر دەکرێت.
هەروەها پێمخۆشە دەنگی ژنانی ئەنفال بگەیەنم بە هەمو دونیا و توندوتیژی دژ بە ژنان کۆتایی پێبێت.