لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسێتییەوە نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی بە عێراق دەدات

2025/01/29    6529 جار بینراوە

 

* نەوژین

وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان، لەمیانی راپۆرتی UPR تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی هۆشدارییان بە عێراق داوە.

راپۆرتی UPR، چوار ساڵ بۆ چوار ساڵ و نیو جارێک لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر مافی مرۆڤ لە جیهان ئامادە دەکرێت. لەنێویدا گرنگی بە پرسەکانی: ئازادی رادەربڕین، ئازادی رۆژنامەگەری، ئازادی بیروڕا، پرسەکانی ژنان، زیندانیان و دۆخی ئاوارەکان، دەدرێت.

راپۆرتەکە بەشێوەیەکە، وڵاتان راپۆرت لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەیان ئامادە دەکەن و دەینێرنە نەتەوەیەکگرتوەکان، پاشان بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی دیکەی بەشداربو موناقەشە لەسەر راپۆرتەکەیان بکرێت.

بەهار مونزیر، چالاکی ژنان و ئەندامی هاوپەیمانی ١٨٨، لەبارەیەوە بە نەوژینی وت: لەو سەروبەندەدا چەند رۆژی رابردو لەگەڵ نوێنەرانی عێراق قسەکراوە، بەتایبەت لەبارەی هەمواری نوێی یاسای باری کەسی سەرنجیان هەبوە، وتویانە: ئاگاداری هەموارکردنەوەی یاساکەین، هۆشداريی دەدەین کە دەبێت بابەتی تەمەن لەم بابەتە پارێزراوبێت و دەستی بۆ نەبردرێت، چونکە ئەم یاسایە هاوسەرگیری مناڵان زیاد دەکات.

ئاشکرایشیکرد: ئەو وڵاتانەی کە سەرنجیان هەبو، بریتیبون لە هەریەک لە وڵاتانی: سوید، بەلجیکا، سویسرا، بەڕازیل، کەنەدا و بریتانیا.

ئەو چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەشکرد: نادیارە کاردانەوەی عێراق لەسەر ئەمە چی دەبێت، ئومێد هەیە بڵێت بابەتی تەمەن چارەسەر دەکەم، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونکە هەموارەکە چەند خاڵێکی دیکەی تێدایە کە لەبری باشبونی دۆخی ژنان بەرەو خراپتری دەبات.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,181,751     ژمارەی میوان 352

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە