هەمواری یاسای باری کەسی.. توندوتیژییەکی یاسایی دژ بە ژنان

2025/01/16    140 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق، کە چەند مانگێکە بوە بە پرسی پارلەمان و دو خوێندنەوەی بۆ کراوە، بە رای چالاکوانان و بەشێک لە پارلەمانتاران توندتیژییەکای یاساییە و دژ بە مافەکانی ژنان و مناڵانیشە، وتەبێژی یەکێتی زانایانیش باسلەوەدەکات، وەک یەکێتیەکەیان هەموارەکە رەد دەکەنەوە، سەرباری ئەمانەش پارلەمانتارێک پێیوایە؛ لە دانیشتنێکی دیکەی تایبەت بەو پرسە، یاساکە هەموار دەکرێتەوە.

پرسی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق یەکێکە لەو پرسانەی ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی لەسەر دەکرێت، دەوترێت هەموارەکە لەکۆمەڵێک بڕگەدا دژ بە مافەکانی ژنان و مناڵانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا لەنێو پارلەمانی عێراق دو خوێندنەوەی بۆ کراوە و ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی سێیەمی پڕۆژەیاساکە دەکرێت.

یاسای باری کەسێتی چیە؟

یاسای باری کەسێتی عێراقی، ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، یەکێکە لەو یاسا سەرەکی و بنەڕەتیانەی کە رێکخستنی خێزان بە گشتی و باری تاکەکان بە تایبەتی لە خۆدەگرێت، یاساکە بەسەر ٩٤ ماددە دا دابەش بوە و لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کاری پێدەکرێت.

ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراق لە چەند فراكسیۆنێكی جیاواز، لە دانیشتونی رۆژی چوارشممە (٢٤ـی تەموزی ٢٠٢٤)ـی پارلەمانی عێراق هەموارێكیان بۆ یاسای باری كەسێتی كرد، هەرزو هەموارەکە دەنگی دایەوە و  بەهۆی ناڕەزایی دژ بەو هەوڵە سەرۆكایەتی پارلەمان دانیشتنەكەی هەڵگرت و ئەو پرسەی لە بەرنامەی كارلابرد. 

لە هەمواری نوێی یاساکە دا، پێشنیارکرا رێگە بە هاوسەرگیری بدرێت بەپێی مەزهەبەکان، واتا دادگاکان ناچاربکرێن گەر مەزهەبێک هاوسەرگیریەکی قەبوڵ بێت، ئەوانیش قەبوڵیان بێت. ئەوەی لەم بڕگەیەدا بو بەجێگەی مشتومڕ لاوازکردنی رۆڵی دادگاکان و ئەگەرەکان بۆ زیادبونی بەشودانی پێشوەختە بون

هەر ئەوکات شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە نەوژینی وت "هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی كچانی نۆ ساڵانیش دەدەن، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە ئێمە لەگەڵ رەدكردنەوەیداین".

پارلەمانتارێکی کورد لە پارلەمانی عێراق، باسلەوەدەکات؛ ئەگەرەکان بۆ ئەوەن لەم دانیشتنە یاساکە هەموار بکرێتەوە، رونکردنەوە لەبارەی هۆکارەکەیشیەوە دەدات.

پارلەمانتار؛ ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسا لە پارلەمانی عێراق بە نەوژینی وت: بە ئەگەری زۆرەوە لە دانیشتنی داهاتوی پارلەمانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی یاساکە هەموار دەکرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری پارلەمان شیعە مەزهەبن و زۆرینەن و بەشێکی تری کەمی سونی مەزهەبەکان دەنگی پێدەدەن بە چەند بڕگەیەک بەو یاسایە بەناچاری چونکە هەمواری یاساکە هاوشان کراوە لەگەڵ یاسای لێبوردنی گشتی.

ئەو پارلەمانتارا رونیکردەوە: هەرچەن زۆربەی پارلەمانتارە سونی مەزهەبەکان لەگەڵ هەموارەکەدا نەبون، بەڵام بەناچاری بەبۆنەی یاسای لێبوردنی گشتیەوە بەشێکیان دەنگبە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی دەدەن، بۆیە هەموارەکە ئەگەری تێپەڕاندنی زیاترە وەک لە تێنەپەڕاندن.

ئەم قسانەی ئەو پارلەمانتارە لەکاتێکدایە، لەماوەکانی رابردو پارلەمانتارانی سونی و کوردەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا دژ بە هەموارەکە وەستانەوە، بەشێکیان بایکۆتی ئەو دانیشتنانەیان کرد کە تایبەت بەو پرسە بون، بەشێکی دیکەشیان لەنێو هۆڵی پارلەمان دژ بە هەموارەکە وەستانەوە.

جگە لە پارلەمانتاران، چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان، لەدوای خوێندنەوەی یەکەم، دەستیان بە چالاکی دژ بە هەموارەکە کرد، چالاییەکان بریتیبون لە؛ هاتنە سەر شەقام لە شارە جیاوازەکان، دروستکردنی هاوپەیمانی ١٨٨ و چەند هەڵمەتێک لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیا وەک هاشتاگ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.

رێزان شێخ دلێر، چالاکوان لە هاوپەیمانی ١٨٨ و ئەندامی پێشوی پارلەمانی عێراق، جەختی لەوەکردەوە، وەک چالاکوانان رێگەی زۆریان دژ بە هەموارەکە گرتوەتە بەر، لەگەڵ چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی، سەرۆکی پارلەمانی عێراق و چەند پارلەمانتارێکی عێراق دانیشتنمان کردوە و قسەمان لەگەڵ کردون تاوەکو رێگری لە هەموارکردنەوەکە بکرێت، هەرچی بابەتی چالاکی وەک هاتنە سەر شەقامیشە چەندین گردبونەوەمان ئەنجامداوە.

وادیارە هەوڵەکان بێ ئەنجام نەبون، کاتێک بەشێک لە پارلەمانتاران سورن لەسەر تێپەڕاندنی هەموارەکە، لەگەڵ ئەوەدا بۆ خوێندنەوەی سێیەم چەند گۆڕانکارییەکیان لە بڕگەکانی هەموارەکە کردوە. بەشێوەیەک تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان لە ٩ ساڵی یان ١٢ ساڵیەوە بۆ ١٥ ساڵ بەرزکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا مەرج بۆ هاوسەرگیرییەکە دانراوە، کە دەبێت بەخێوکەری کچەکە رەزامەند بێت.

دیمەنێک تێیدا رێزان و هاوڕێکانی لە هاوپەیمانی ١٨٨ داوای رەدکردنەوەی هەموارەکە دەکەن

بەشێکی دیکە لە هەموارەکە، کە پارلەمانتاران و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە توندوتیژییە دژ بە ژنان، ئەوەیە لە بەشێكی هەموارە ئامادەكراوەكەدا و لەبارەی ماددەی ٥٧ـەوە هاتوە "دوای جیابونەوەی هاوسەرەكان راستەوخۆ مناڵ بدرێت بە باوك، تەنانەت ئەگەر تەمەنی رۆژێكیش بێت".

پارێزەرێک باس لە مەترسیەکانی ئەم خاڵە دەکات و پێیوایە دەبێتە هۆی دروستبونی کێشەی خێزانی گەورە.

پارێزەر؛ بوار کۆسار، وتی: گەر یاساکە هەمواربکرێتەوە چەندین مەترسی لێدەکەوێتەوە، دادگا دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە، بەشێوەیەک ئیشی تەنها دەبێتە ئەوەی نوسراوێکی فەرمی دەردەکات کە دو کەس هاوسەرگیریان کردوە، بۆی نیە بچێتە هەندێک وردەکارییەوە وەک؛ تەمەن و هەندێ شتی دیکەی یاسایی، بەم شێوەیەش دادگاکان گرنگیان نامێنێت و ئەمەش کێشەی گەورە دروست دەکات، لەلایەکی دیکە کێشەی خێزانی زیاد دەبێت، مەترسی راکردنی کچ لە ماڵ، رێژەی کوشتنی کچ بەهەمان شێوە، هەروەها رێژەی جیابونەوە زیاد دەکات و لەوکاتەشدا مافی دایکەکە پێشێل دەکرێت، چونکە دوای جیابونەوە رێگە بە بەخێوکردنی مناڵەکەی نادەن.

هەموارەکە نەک تەنها لەڕوی یاساییەوە، بەڵکو لەڕوی ئاینیشەوە رەد دەکرێتەوە، ئەمەش بە وتەی وتەبّژی زانایانی ئاینی کوردستان.

م. عەبدوڵڵا شیرکاوەیی، وتی: ئەم پرۆژە پێشنیازە خزمەت بە کۆمەڵگە و خێزان ناکات و لێکەوتەی خراپی بۆ عێراق و کوردستان دەبێت، پێموایە مەبەستی دیکەی لە پشتەوەیە،وەک زانایانی ئاینی کوردستان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی نین.

زیاتر وتی: وەک خۆمان بەدواداچونێکی وردمان کردوە بۆ هەمو ئەو پرسانەی کە ڕەهەندی ئایینیان هەیە و پەیوەستدارن بە باری کەسی و کاروبارەکانی خێزانەوە، دوای تاوتوێکردنی پرسی هەمواری یاسای باری کەسی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، کە یاسا بەرکارەکە کە وەرگیراوا لە شەریعەتی ئیسلام، توانیویەتی کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە خێزان رێکبخات و کێشە و هاوسەنگی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان بە جیاوازیی مەزهەبی و نەتەوەیی و کلتوری رابگرێت، هەروەها هیچ پێویستی و بۆشاییەکی یاسایی نەهاتۆتە پێش تا هەموار بکرێتەوە.

خاڵێکی دیکە کە لەبارەی هەموارەکە مشتومڕی لەسەر دەکرێت جێبەجێکردنیەتی لە کوردستان، بوار کۆسار وتی: کوردستان خۆی پارلەمانی هەیە و هەمواری یاسا و دەرکردنی یاسای نوێ لە پارلەمانی کوردستان ـەوە دەردەچوێندرێت، بۆیە ئەگەری جێبەجێکردنی هەموارەکە لە کوردستان سفرە.

راز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی سلێمانی، جەختی لە رای ئەو پارێزەرە کردەوە و وتی: بۆ هەر حاڵەتێکیش وەک بەڕێوەبەرایەتیمان رێوشوێن دژ بە یاساکە دەگرینە بەر، چونکە هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی خێزانەکانە، بەڵام وەک دیارە هەموارەکە لەو بوارە خزمەت ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوەیە، بۆیە رەدی دەکەینەوە.

بە جەختکردنەوەوە وتیشی: لە دۆخێکیشدا دەستکاری تەمەنی بەشودانی کچان بکرێت کە وەک دەڵێن بەرزکراوەتەوە بۆ ١٥ ساڵ، هێشتا رەدی دەکەینەوە، چونکە لەو قۆناغەشدا هەر پێشێلکارییە بەرامبەر بە ژنان. 

هەر لە بارەی ئەگەری جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێم؛ رێزان شێخ دلێر، چالاکوان لە هاوپەیمانی ١٨٨، وتی: ئێمە وەک چالاکوانان هەرگیز رێگە بەوەنادەین، وەک هاوپەیمانی ١٨٨، کارەکانمان تەنها لە عێراق نییە و بزانیین مەترسی جێبەجێکردنی لە هەرێمیش هەیە، دژ بەوەش دەوەستینەوە.

ئەم راپۆرتە لە لایەن (رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,099,331     ژمارەی میوان 1229

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە