* نەوژین
بەر لە چەند رۆژێک ژنێک لە سنوری راپەڕین لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکەنجەیەکی زۆر درا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، لەبارەی روداوەکە نەوژین زانیاری ورد ئاشکرا دەکات.
رۆژی پێنجشەممەی رابردو (٥ـی کانونی یەکەم)، تەرمی ژنێکی تەمەن ٧٢ ساڵ بەناوی (پ.ا.ح)، دانیشتوى گوندى گردجان سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، گەیەندرایە نەخۆشخانەى گشتى رانیە کە شوێنەوارى ئەشکەنجە بە جەستەیەوە هەبو.
دواتر لەڕاگەیەندراوێک دا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد: بە وتەی کەسوکارەکەی ئەو ژنە لەلایەن هاوسەرەکەی بەناوی (أ. م، ح) لە دایڪبوی ساڵی ۱۹۷۱ ئەشڪەنجە دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
بۆ بەدواداچونی زیاتر، نەوژین ئەمڕۆ پەیوەندی بە دەرو قادر، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین کرد، لەبارەی دۆسیەکەوە پێی راگەیاندین: دۆسیەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەوەی رونبوەتەوە ئەوەیە، هاوسەری ئەو ژنە بە دار و بەرد لە ژنەکەی داوە و بەهۆیەوە ژنەکە گیانی لەدەستداوە.
زیاتر وتی: تاوانەکە لای دادوەر بە تاوانی بینراو هەژمارکراوە، ئەوەش بە پشت بەستن بە چەند بەڵگەیەک. تاوانی بینراو تاوانێکە کە لەکاتی ئەنجامدانی دا دەبیندرێت یاخود دوای ئەنجامدانی بە ماوەیەکی کەم لێکەوتەی تاوانەکە دەبینرێت، یان ئەگەر تاوانلێکراو بینرا کە دوای تۆمەتبار کەوتوە یان بینینی کەسی ئەنجامدەری تاوان بە چەک یان ئەو ئامرازانەوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بۆیە هاوسەرەکەی دوای دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە، دانی بە تاوانەکەدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامی هەیە.
تاوانلێکراو دایکی کچێکە، بە وتەی وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین: پێشتر چەند جارێک سکاڵای دژ بە هاوسەرەکەی تۆمارکردوە، بەڵام دوای دەستگیرکردنی ئازاد کراوەتەوە.
ئەمە و بۆ وردەکاری زیاتر، دادگا چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانی تەرمی ژنەکە دەکات کە لە پزیشکی دادی رانییە بۆی ئەنجامدراوە.