* نەوژین
لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، باوکێک بە ١١ فیشەک کۆتایی بە ژیانی کچەکەی هێنا، پۆلیسیش دەڵێت: جگە لە باوکی، هاوسەری کچەکەش بە تۆمەتی هاوبەشی لە روداوەکە دەستگیرکراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناحیەی حاجی ئاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین، باوکێک بە دەستڕێژی گوللە کۆتایی بە ژیانی کچە تەمەن ٢٦ ساڵیەکەی هێنا کە دایکی دو مناڵ بوە.
لەبارەی روداوەکە، دەرو قادر، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بە نەوژینی راگەیاند: بە بەپێی وتەی شایەدەکان دوای گەڕانەوەی تاوانلێکراو بۆ ماڵی باوکی و دروستبونی دەمەقاڵێ لەنێوان خۆی و باوکیدا، باوکەکە بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللەی لە کچەکە کردوە، بەشێوەیەک شوێنەواری ١١ فیشەک بە جەستەیەوە دیار بوە.
ئاشکرایشیکرد: لەدوای روداوەکە دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری داوە بە دەست بەسەرداگرتنی چەکی بەکارهاتو و راگیرکردنی تۆمەتباران هەریەک لە باوکی تاوانلێکراو بە پێی مادەی (٤٠٥ لە یاسایی سزادانی عێڕاقی) و هاوسەری ژنەکە، بەپێی مادەی (٤٠٥ بەدەلالەتی خاڵی ٤٧ و ٤٨) لە یاسای سزادانی عێڕاقی و لێڪۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.
ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست، هەروەک خاڵی ٤٧ و ٤٨ـی ماددەکە تایبەت بەو کەسانەیە کە هاوبەشن لە کوشتنی کەسێک.
ژنەکە بەناوی (ش. ف. ا) لە دایکبوی ساڵی ۱۹۹۸، پیشەی ژنی ماڵەوە دانیشتوی قەزای حاجیاوا گەڕەکی ٥ـی ئازار بوە، باوکەکە بەناوی (ف. ا. ح) لە دایکبوی ساڵی ۱۹٦۷ـە.
وتەبێژی پۆلیس، ئەوەشی خستەڕو: تەرمی ژنەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاریی لە پزیشکی دادوەری رانیە، رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، هەروەک پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.
لەکاتێکدا جیهان لە سەروبەندی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لە رانیە لەماوەی ٤ رۆژدا ئەمە دوەم روداوی کوشتنی ژنانە لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە.
رۆژی (٥ـی ئەم مانگە) لە گوندى گردجان سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشڪەنجە درا و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستدا.