* نەوژین
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: لە ناوچەکە ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، هەروەک تۆمەتباریش دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردوەتەوە: کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی ژنێکی تەمەن ٧٢ ساڵ بەناوی (پ.ا.ح)، دانیشتوى گوندى گردجان سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەى گشتیى رانیە کە شوێنەوارى ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بوە.
رونیکردوەتە: بە وتەی کەسوکارەکەی ئەو ژنە لەلایەن هاوسەرەکەی بەناوی (أ. م، ح) لە دایڪبوی ساڵی ۱۹۷۱ ئەشڪەنجە دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
ئاشکرایشکرد: لەدوای روداوەکە تەرمی ژنەکە بە مەبەستی توێکاری بردراوەتە پزیشکی دادی رانییە و دوای توێکاریش رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە، هەروەک هاوسەرەکەی دوای دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامی هەیە.
ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو.