هەولێر: پەناگەیەک تایبەت بە ژنانی بێ ماڵ و کار دەکرێتەوە

2024/12/04    193 جار بینراوە


* نەوژین

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاشکرایدەکات، پەناگەیەک دەکەنەوە تایبەت بەو ژنانەیە ماڵ و کاریان نییە، دەڵێت: مانەوەیان بە شێوەی گرێبەستە، دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی شوێن و کاری گونجاویان دەستدەکەوێت.   
 
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر راگەیاند: بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر پەناگەیەک بۆ ژنە بێ ماڵ و تەنهاکان دەکەینەوە.

لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوەشەوە، وتی: هەر وەکچۆن کەسانی بە تەمەن، ئەو ژنانەی کێشەیان هەیە و مناڵانی بێ سەرپەرشت شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، بە پێویستمان زانی ئەو ژنانەی کێشەیان نییە، بێ کار و شوێنن و تەنهان، شوێنێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

ئاشکرایشیکرد: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارەکەی بۆ هەمو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکردوە و هەمو پارێزگاکانی تریش دواتر پەناگەی لەمشێوەیە بۆ ژنان دەکەنەوە.
 
ئەوانەی دەتوانن سودمەند بن؛ ئەو ژنانەن ماڵیان نییە و بێکارن، بە مەرجێک دانیشتوی سنوری پارێزگای هەولێر بن، گرێبەستی شەش مانگیان بۆ مانەوە لەگەڵ دەکرێت گەر شەش مانگ تێپەڕی و کار و شوێنیان دەستنەکەوت دوبارە گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە.

یوسف چاوشین، وتی: پەناگەکە توانای وەرگرتنی تەنها ١٥ ژنی هەیە، چونکە ژمارەی ئەو ژنانەی بەو شێوەیەن زۆرنیین.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,875,666     ژمارەی میوان 1089

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە