ژنان لە یەکەم خولی پارلەمانی کوردستان و کابینەی یەکەمی حکومەت

2025/05/19    94 جار بینراوە


* نەوژین

ژنان لە یەکەم خولی پارلەمانی کوردستان تەنها رێژەی (٨.٥%)ـی کورسیەکانی پارلەمانیان پێدرا بو، هەروەک لەکۆی ١٤ وەزارەتیش تەنها یەک وەزارەتیان بەڕێوەدەبرد.

رۆژی (٥/١٩/ ١٩٩٢) واتا ٣٣ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنى پارلەمانى کوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنەکە دا ١٠٦ کورسی بۆ پارلەمان دیاری کرابو و تەنها هەردو حیزبی یەکێتی و پارتی بەشداربون لەگەڵ پێکهاتەکان.

لەنێو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە كۆی(٥٠) كورسی(٥)ـیان بۆ ژنان و لەنێو لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە كۆی(٥٠) كورسی(٤)ـیان بۆ ژنان بو، به‌مه‌ش لە یەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان (٩) ژن توانیان ببنه‌ ئه‌ندامی پا‌رله‌مان لەکۆی (١٠٥) پارلەمانتار کە پێنجیان کۆتای پێکهاتەکان بون و هیچ یەک لەوان ژن نەبون.

ئەو ژنانەی بون بە پەرلەمانتار لەسەر لیستی یەکێتی: (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پەریخان مەحمود عەبدولقادر، گەلاوێژ عەبدولجەبار و نەهلە محەمەد سەعدوڵڵا) بون. له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش‌ هه‌ریه‌ك‌ له‌: (فەوزیە عیزەدین، شەفیقە فەقێ‌ عەبدوڵڵا، نەسرین مستەفا مەزهەر، حەلیمە حوسێن بارزانی و زەهرا حاجی تەها رەسوڵ) بون بە پارلەمانتار.

هه‌ر لە خولی یەكەمی پارلەماندا لیژنەیەك بەناوی لیژنەی پاراستنی مافەكانی ژنان دانرا و فەوزیە عیزەدین کرا بە سەرۆکی لیژنەکە.

هاوکات له‌ كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا کە لە نێوان یەكێتی و پارتی بە یەكسانی وەزارەتەكان دابەشكران، تەنها یەك وەزیری ژن هەبو، لە كۆی هەمو وەزارەتەكان کە ژمارەیان ١٤ وەزارەت بو، ئه‌ویش (كافیە سلێمان) بو، کە پۆستی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پێ سپێردرابو



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,508,413     ژمارەی میوان 1500

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە