گفتوگۆیەک دەربارەی دۆخی بێوەژنان لە گەرمیان

2024/11/30    122 جار بینراوە


* نەوژین

بێوەژنان لە گەرمیان رۆژ لەدوای رۆژ دۆخیان بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش بە وتەی چالاکێکی بواری ژنان، پاڕەزەرێکیش باسلەوکێشانە دەکات کە بێوەژنان بەدەستیەوە گیرۆدەن، راگەیاندکارێکیش دەڵێت: سەرباری گرفتەکانی خۆیان، راگەیاندنەکانیش لەگەڵ بێوەژنان، مامەڵەیەکی تەندروست ناکەن.

دیجیتاڵ میدیای نەوژین، گفتوگۆیه‌كى له‌ رێكه‌وتى (٢٨-١١-٢٠٢٤) له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار سەبارەت بە (دۆخی بێوەژنان لە گەرمیان)، بە بەشداری هەریەک لە؛ (چالاکی ژنان؛ ڤیان سابیر، پارێزەر؛ سوعاد حەبیب، پارێزەر؛ هێڤی ئاراز، رۆژنامەنوس؛ مەریەم خالد) و بەڕێوەبردنی؛ سومەیە ساڵح، ئەنجامدا. لە خوارەوە پوختەی قسەکانیان دەخەینەڕو.

بە گشتی دۆخی بێوەژنان لە گەرمیان چۆنە؟

لەم بارەیەوە، ڤیان سابیر، وتی: دۆخی ژنان بە گشتی لە کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، بەداخەوە دەبێت بڵێین دۆخی بێوەژنان بەراورد بە ساڵانی پێشو زۆر خراپتر بوە، پێشتر دەنگی ژنان بەرز بو بۆ داواکردنی مافەکانیان، بەڵام ئێستا تاوەکو دێت دەنگیان نزمدەکرێتەوە و وای لێهاتوە ژمارەی رێکخراو و چالاکی بوارەکە رو لەکەمی دەکەن

بێوەژنان لەڕویی یاساییەوە چ مافێکیان هەیە؟ لە رۆژی جیابونەوە تاوەکو کۆتایی.

پارێزەر؛ سوعاد حەبیب، وتی: هەمو مافەکانی ژن لە یاساکانی عێراق سەرچاوەکەی شەریعەتی ئیسلامە، مافەکانی بێوەژن لە یاسای ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٨ بەمشێوەیە دیاریکراوە؛

- مافی بژێوی؛ ئەمەش سێ جۆرە (بژێوی کاتی؛ لەکاتی تۆمارکردنی داوای بژێوی ژن تاوەکو دواکاریەکەی بۆ جیابونەوە یەکلا دەبێتەوە کە جاری وا هەیە چەندین مانگ دەخایەنێت، دادوەر بڕێک پارەی بۆ دابین دەکات تا داواکەی یەکلایی دەبێتەوە. بژێوی رابردو؛ کاتی تۆرانی ژن و چونەوە بۆ ماڵی باوکی تاوەکو بەرواری رۆژی پێش تۆمارکردنی داوا، هەروەها بژێوی بەردەوام لەبەرواری تۆمارکردنی داوای بژێوی تا یەکلابونەوەی داواکە و بڕیاردانی بە پێدانی نەفەقە ئەم بژێوییە بەردەوامە تا پیاو ژن دەباتەوە یان تەڵاقی دەدات، بەتەڵاقدان سەرجەم بژێوی دەبڕێت جگە لەقەرزە کەڵەکەبوەکان.

- مافی وەرگرتنی مارەیی؛ ژن لەدوای جیابونەوە مافی وەرگرتنی مارەیی پاشەکی هەیە، کاتێکیش ژن لەدەرەوەی دادگا تەڵاق بدرێت بێ پرس و رەزامەندی خۆی، دواتر داوا تۆماربکات، مارەیی پاشەکی پێ دەدرێت، هەندێک جار بەشێوەی مانگانە دەبێت، بەڵام گەر هاوسەرەکەی ماڵ و موڵکی هەبێت راستەوخۆ دەبێث بۆی دابینبکرێت، لە دۆخێکیش هاوسەرەکەی مردبێت لە میراتی کۆچکردو بۆی دابیندەکرێت.  

- مافی وەرگرتنی قەرەبوی تەڵاقدانی ناڕەوا؛ ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە مافەکانی ژن کە خەمڵاندنی نەفەقەیە بۆی، بەمەرجێک لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، بەپێی باردۆخی دارایی پیاو و رێژەی زیان کە بەر ژن کەوتە؛ دادوەر بڕیار دەدات.

- مافی نیشتەجێبون؛ بەپێی یاسای مافی نیشتەجێبون ماددەی ٢ـی ژمارە ٧٧ـی ساڵی ١٩٨٣، ژنی جیابوەوە دەتوانێت تاوەکو سێ ساڵ لەماڵی هاوسەر پێشوی بمێنێتەوە، بەمەرجێک خۆی خاوەنی خانو نەبێت، هەروەک خانوەکە موڵکی هاوسەری پێشوی بێت.

گەر ژنێک مناڵی هەبێت دوای جیابونەوە، یاسا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟

پارێزەر هێڤی ئاراز، وتی: لەحاڵەتی بونی مناڵ، هاوشێوەی دایکەکە تاوەکو رۆژی جیابونەوە نەفەقەیان هەیە، بەڵام نەفەقەی ئەمان بەردەوامی دەبێت، کچ تاوەکو هاوسەرگیری دەکات و کوڕیش تاوەکو خوێندن تەواو دەکات و کارێکی دەستدەکەوێت.

- کرێی دایەنی؛ کرێی دایەنی مافێکی دیکەی ژنی جیابوەوەیە کە دایکی مناڵ بێت، بڕێک پارەیە دەبێت هاوسەری پێشوی مانگانە پێی بدات لەبەرامبەر بەخێوکردنی مناڵەکان.

- خاڵێکی دیکە، گەر هات و ژنی جیابوەوە بە هەر هۆکارێک. نەیویست مناڵەکەی لای خۆی بێت و دای بە هاوسەری پێشوی، ئەوە مانگانە چوا رۆژ دەتوانێت مناڵەکەی لابێت، گەر لەسەر زیاتریش رێکبکەون دادوەر کێشەی نییە و قەبوڵی دەکات.

ژنان تاوەکو چەند لەدوای جیابونەوە ئەو مافانەی بەپێی یاسا بۆیان دیاریکراوە پێیان دەدرێت؟

ڤیان سابیر، وتی: ئێمە هەرچەندە لەچەند خاڵێکی یاساکەش تێبینیمان هەیە و داوامان هەیە باشتر بکرێت، بەڵام دەبینین لە دادگاکان هێشتا ئەو مافانەش بە ژنانی بێ هاوژین نادرێت، بەردەوام لەدادگاکان ئەو کێشەیەمان هەیە کە لەدۆسیەکانی تایبەت بە ژنان ورد نیین، دۆسیە هەبوە چاودێریمان کردوە بینیومانە فێڵ لە ژنەکە کراوە و مافی خوراوە.

راگەیاندن چ رۆڵێکی لە ئاشناکردنی ژنانی بێ هاوژین بە مافەکانیان هەبوە؟

رۆژنامەنوس؛ مەریەم خالد، وتی: ناتوانیین بڵێین هەمو راگەیاندنەکان، بەڵام زۆرینەی راگەیاندنەکان کەمتەرخەمن لەم بوارە، هیچ هۆشیارییەک لە راگەیاندنەکان لەسەر دۆخی ژنانی بێ هاوژین نییە، لەکاتێکدا ئەرکی راگەیاندن هۆشیارییە. تەنانەت هێرشی ناڕەوا و نا ئەخلاقی دەکرێتە سەریان و بەشێوەیەک لە شێوەکان مانەوەی مناڵیش لای دایک دوای جیابونەوە ناشرین دەکەن.

لەبەشی دوەمی مێزگردەکە باس لە هەمواری یاسای باری کەسی و لێکەوتەکانی بەرامبەر بە دۆخی بێوەژنان کرا.

سوعاد حەبیب وتی: هەموارەکە هەندێک لەخاڵەکانی دژ بە دۆخی بێوەژنانە و ئەم یاسا بەرکارە بمێنێتەوە باشترە وەک لەوەی هەموار بکرێتەوە.

ڤیان سابیر وتی: هەموارەکە هیچ لە بەرژەوەندی ژنانی بێ هاوژین نییە، بەپێچەوانەوە دۆخیان بەرەو خراپتر دەبات، هەوڵدانە بۆ لێسەندنەوەی مناڵ لەدایک کە ئەمە گەورەترین توندوتیژییە بەرامبەر بە دایکان، وەک چالاکانی بواری ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەست بە هەمان بواریش، هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ رەدکردنەوەی.

پێشنیارەکان بۆ چاککردنی دۆخی ژنانی بێ هاوژین؛

لەکۆتایی مێزگردەکە هەموان پێشنیاری خۆیان بۆ چاککردنی دۆخی بێ هاوژینان خستەڕو بەمشێوەیە؛

هێڤی ئاراز، وتی: گرنگترین پاڵپشتی بۆ ژنێک کە لەهاوسەرەکەی جیادەبێتەوە، پشتگیری ماڵەوەیەتی لێی، چارەسەربونی دۆخی ئەوان بە پاڵپشتی خێزانەکەیان دەبێت، بەشێوەیەک پاڵپشتی بن لەڕوی ماددی و مەعنەوی نەهێڵن بڕوخێت.

ڤیان سابیر وتی: پێشنیاری دابینکردنی بودجەیەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ پرسەکانی ژنان دەکەم، بەشێوەیەک ژنان لەکاتی پێویستی بۆیان خەرج بکرێت، بە نمونە کاتی جیابونەوە بڕە پارەیەک بۆ ئەو ژنانە خەرج بکرێت لە گرتنی پارێزەر و کارەکانی دادگا خەرجی بکەن.

سوعاد حەبیب، جەختی لە رایەکەی ڤیان کردەوە و تی: زۆرکات ئەو کەیسانەی دێنە دادگە بەهۆی ئەوەی ژنەکە توانای نییە پارەیەک لە پارێزەر و هاتوچۆ خەرج بکات، ناچار لە مافی خۆی خۆشدەبێت. وتیشی: یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە لە یاسادا پێموایە پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، مارەیی پاشەکی بە قیست دەدرێت بە ژنەکە، بەمشێوەیە کێشەیە و ژنەکە ناتوانێت سودی لێببینێت، باشتر ئەوەیە بە نەختی پێیان بدرێت.

هاوکات مەریەم خالد وتی: گرنگە لەڕوی راگەیاندنیشەوە کار لەم پرسە بکرێت، پێشنیاری خولی هۆشیاری بۆ راگەیاندکاران دەکەم، بەشێوەیەک هۆشیاربکرێنەوە لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم توێژە و کارکردن لەبارەی پرسەکانیان. زیاتر وتی: لەگەڵ ئەوەش یاسا توندبکرێتەوە لەسەر ئەو پەیج و کەناڵانەی ناویان دەزڕێنن و سزای ماددیان بۆ دیاری بکرێت. 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,672     ژمارەی میوان 1794

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە