لەبارەی مافەکانی ژنانی عێراق و هەرێم رای رێکخراوەکانی ژنان وەردەگیرێت

2024/11/23    2041 جار بینراوە


* نەوژین

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە ژنێف، پێشوازیی لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان دەکات کە رێکخراوێکی چالاکی ژنانە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەمەبەستی زانینی ئەو ئالەنگاریی و پێشێلکارییانەی ژنان لەو وڵاتەدا روبەڕوی دەبنەوە.

شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە نەوژینی وت: هەمو وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتوەکان، هەر ٤ بۆ ٥ ساڵ جارێک دەبێت راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی ورد لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ تیایدا بخاتەڕو، کە تیایدا باس لەو بەرەوپێشچون و دەستکەوتانە دەکات کە بەدییهاتون و هاوکات باس لە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانەش دەکات کە پێشتر پێیان دراوە.

وتیشی: بڕیارە مانگی یەکی ساڵی داهاتو، جارێکی دیکە عێراق راپۆرتی خۆی پێشکەش بکات، کۆمسیۆنەکە جگە لە خودی وڵاتەکە، دەرفەت بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش قسەی خۆیان لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ بخەنەڕو، بۆ ئەم مەبەستەش رێکخراوەکەی ئێمە بانگهێشتکرابو.

بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆبونەوەکەیاندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمیسیۆنەکە، بەتایبەتی لەسەر ٣ پرسی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لە عێراق قسەیان کردوە: یاسای توندوتیژی خێزانی و ھەمواری یاسای باری کەسێتی و کاریگەریە خراپەکانی، بریاری ١٣٢٥ ئەنجومەنی ئاسایش و پرسی بەشداری ژنان، لەگەڵ پرسی کوشتنی ژنان لەژێر  پاساوی شەرەف.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,946,548     ژمارەی میوان 4161

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە