ژنانی گەرمیان بەهۆکاری جیاواز نابنە راهێنەری وەرزشی

2024/11/03    201 جار بینراوە


* نەوژین

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تەنها دو ژن وەک راهێنەری وەرزشی کاردەکەن، لەبارەی هۆکاری کەمی ژمارەی ژنان لە بوارەکە بەرپرسانی وەرزشی ئیدارەکە باس لەوەدەکەن، ژنان خۆیان هاتنە پێشوەیان نییە، لەبەرامبەردا رۆژنامەنوسێکی بوارەکە دەڵێت: بایەخیان پێنادرێت، بۆیە نایەنە پێشەوە.

لە گەرمیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، راهێنەری ژن لەبواری وەرزش و بەتایبەت وەرزشی تۆپی پێ کەمە، بەشێوەیەک لە تەواوی ئیدارەی گەرمیان تەنها دو ژنە راهێنەری تۆپی پێ بونی هەیە.

بەهار رەحیم، یەکێک لەو ژنە راهێنەرانەیە و راهێنەری تیپی کچانی کەلارە، پێیوایە کارەکە قورسە بۆیە ژنان روی تێناکەن.

وتی: ئەرکی بەڕێوەبردنی تیپ قورسە، پێموایە بەشێک لەهۆکاری ئەوەی ژنان ئەم کارەیان پێ ناسپێردرێت ئەوەیە، لەلایەکی دیکە ژنان حەزوخولیایان بەراورد بە پیاوان بۆ ئەم کارە کەمە.

ئەم رایە، تەڵعەت سەعدوڵا، بەڕێوەبەری وەرزشی گەرمیانیش جەختی لێدەکاتەوە، دەشڵێت: ئێمە ساڵانە بۆ هەمو ئاستەکان پێشبڕکێ، خول و چالاکیمان هەیە، دڵخۆش دەبین بە هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ بوارەکە و بەشداریکردنیان لە چالاکیەکانمان، بەڵام خۆیان هاتنە پێشەوەیان کەمە.

لە سنورەکە چەند ژنە راهێنەرێکی دیکە بونیان هەیە، کە ناوبەناو کاری راهێنەری دەکەن، بەڵام ئەوەی بە فەرمی بونی هەیە و بەشداری پاڵەوانیەتیەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دەکەن تەنها؛ بەهار رەحیم و هایدە حەسەن ـن.

گەرچی وا باسدەکرێت ژنان خۆیان کەمتەرخەم بن و هاتنە پێشەوەیان نییە، بەڵام هۆکاری سەرەکی بایەخ پێنەدانیانە لەلایەن بەرپرسانی بوارەکەوە. ئەمەش بەڕای رۆژنامەوانێکی بوارەکە.

دانا لەتیف، رۆژنامەوانی وەرزشی ـە لە گەرمیان، وتی: لێرە بەشێوەیەکی گشتی بایەخ بە تیپی ژنان و وەرزشی ژنان نادرێت، راستە خۆیان کەمتەرخەمیەکیان لەوانەیە هەبێت، کە ئەمەش بەهۆی لایەنە کۆمەڵایەتیەکەیە کە رێگری دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بایەخ پێنەدانیان هۆکارە.
 
زیاتر وتی: بۆیە ژنان لێرە نەک لەبواری راهێنەری، بەڵکو لەبواری وەرزش بەگشتی بە کەمی کاردەکەن و دەردەکەون. ژمارەی کچە یاریزانەکانیشمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت ئەوەندە کەمن.

بەهار رەحیم، جەختی لە رایەکە کردەوە، وتیشی: جگە لە یانەکەی من، یەک یانەی دیکە لە تەواوی گەرمیان هەیە، کە تیپی ژنانی هەبێت، ئەمەش هۆکارە بۆ کەمی بەشداری ژن لەبوارەکە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,602     ژمارەی میوان 1759

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە