٣١ ژن دەبنە پارلەمانتاری خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان

2024/10/30    140 جار بینراوە


* نەوژین

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستانی راگەیاند؛ بەپێی ئەنجامەکە (٣١) ژنە کاندید دەچنە پارلەمان.

ژمارەی ژنە سەرکەوتوەکان بەپێی دەرەنجامە راگەیەنراوەکەی کۆمیسیۆن، بەمشێوەیەیە:

* بازنەی هەولێر

بازنەی هەولێر، (١١٢) کاندیدی ژن لە بازنەکە بونیان هەبو، ئەمەش لەکۆی (٣٨٥) کاندید، بەپێی ئەنجامە فەرمیەکانیش (١١) ژن دەچنە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٣٤) کاندیدی دەرچو.

ناوی ژنە کاندیدە سەرکەوتوەکان و لیستەکانیان لە بازنەی هەولێر بەمشێوەیەیە؛

پارتی دیموکراتی کوردستان؛ (٥) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (١٧) پارلەمانتار، کە بریتین لە: ڤالا فەرید، ئەڤین فەتاح، ئالان ئەسکەندەر، سەمیرە حەسەن و پاکستان حەمەئەمین.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ (٢) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٦) پارلەمانتار کە بریتین لە: نیشتیمان موستەفا و داستان بەهرام.

نەوەی نوێ؛ (١) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٥) پارلەمانتار کە (سەوسەن کاکە)یە.

رەوتی هەڵوێست یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (١) پارلەمانتار کە (سارا محسن)ـە.

بەرەی گەل یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (١) پارلەمانتار کە (ئاڵا غالب)ـە.

(مونا نەبی)ـش توانیویەتی تاکە کورسی کۆتای تورکمانیی مسۆگەر بکات.

لیستەکانی یەکگرتو و کۆمەڵی دادگەری، لە بازنەی هەولێر هیچ ژنە کاندیدێکی دەرچویان نییە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەریەکە و یەک کورسیان لە بازنەکە مسۆگەر کردوە.
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە هیچ کورسیەکی لە بازنەکە بەدەستنەهێناوە.

* بازنەی سلێمانی

بازنەی سلێمانی وەکچۆن زۆرترین ژنە کاندیدی هەبو کە (١٧١) کاندید بون لەکۆی (٥٠١) کاندید، زۆرترین ژمارەی ژنە کاندیدی سەرکەوتویشی دەبێت کە (١١) کاندیدە، لەکۆی (٣٨) کاندیدی دەرچو.

ناوی ژنە کاندیدە سەرکەوتوەکان و لیستەکانیان لە بازنەی سلێمانی بەمشێوەیەیە:

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ (٥) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (١٠) پارلەمانتار، کە بریتین لە: لاوێن مەحمود، شنیار ئەنوەر، شیرین یونس، شلێر غەفور و ئەژین ئەحمەد.

نەوەی نوێ؛ (٢) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٨) پارلەمانتار، کە بریتین لە: هێشو غەریب و خۆشی فەرەیدون.

پارتی دیموکراتی کوردستان یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٣) پارلەمانتار، کە (کەژان محەمەد)ـە.

کۆمەڵی دادگەری یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٢) پارلەمانتار کە (هێرۆ عەتار)ـە.

یەکگرتوی ئیسلامی یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٣) پارلەمانتار کە (هەڵاڵە محەمەد)ـە.

رەوتی هەڵوێست یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٢) پارلەمانتار کە (سازگار فەریق)ـە.

لیستەکانی بەرەی گەل، گۆڕان و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، لە بازنەی سلێمانی هیچ ژنە کاندیدێکی دەرچویان نییە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەر یەکە و یەک کورسیان لە بازنەکە مسۆگەر کردوە.

* بازنەی دهۆک

بازنەی دهۆک، (٦٣) کاندیدی ژن لە بازنەکە بونیان هەبو، ئەمەش لەکۆی (٢٢٠) کاندید، بەپێی ئەنجامە فەرمیەکانیش (٨) ژن دەچنە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٢٥) کاندیدی دەرچو.

ناوی ژنە کاندیدە سەرکەوتوەکان و لیستەکانیان لە بازنەی دهۆک بەمشێوەیەیە:

پارتی دیموکراتی کوردستان؛ (٦) ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (١٨) پارلەمانتار، کە بریتین لە: وشیان خودەیدا، ڤەژین عەبدولرەحمان، هاڤین سەعید، رۆژان جەبار، ژیان سەلاح و رۆژان زیور.

یەکگرتوی ئیسلامی یەک ژنە پارلەمانتاری دەبێت لەکۆی (٢) پارلەمانتار کە (هەلز ئەحمەد)ـە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ (١) ژنە پارلەمانتاری دەبێت کە ژنێکە (ڤەژین دیوالی).

نەوەی نوێ (٢) کاندیدی دەرچوی هەیە، هیچیان ژن نیین، رەوتی هەڵوێستیش کاندیدێکی دەرچوی هەیە کە ژن نییە و هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەلیش هیچ کورسیەکیان لە بازنەکە مسۆگەر نەکردوە.

* بازنەی هەڵەبجە

بازنەی هەڵەبجە، (٢٢) کاندیدی ژن لە بازنەکە بونیان هەبو، ئەمەش لەکۆی (٥٣) کاندید، بەپێی ئەنجامە فەرمیەکانیش (١) ژن لە بازنەکە دەچێتە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٣) کاندیدی دەرچو.

ژنە دەرچوەکە (ژاکاو عەبدوڵڵا)یە کە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندید بو.

هەریەک لە لیستەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامیش یەکە و کاندیدێکی دەرچویان هەیە، کە ژن نیین.

* پارتی زۆرترین ژنە کاندیدی دەرچوی هەیە 

لەنێو لیستەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین ژنە کاندیدی دەچێتە پارلەمان کە (١٣) کاندیدە، ئەوەش لەکۆی (٣٩) کاندید کە دەچنە پارلەمان.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوەم زۆرترین ژنە کاندید دەنێرێتە پارلەمان کە (٨) کاندیدە، ئەمەش لەکۆی (٢٣) کاندیدی کە دەچنە پارلەمان.

نەوەی نوێ سێیەم زۆرترین ژنە کاندیدی دەچێتە پارلەمان کە (٣) کاندیدە، ئەمەش لەکۆی (١٥) کاندیدی دەرچویان.

یەکگرتوی ئیسلامی ٢ ژنە کاندید دەنێرێتە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٧) کاندیدی دەرچوی. 

رەوتی هەڵوێست (٢) ژنە کاندید دەنێرێتە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٤) کاندیدی سەرکەوتو.

کۆمەڵی دادگەری (١) ژنە کاندید دەنێرێتە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٣) کاندیدی دەرچوی.

بەرەی گەل یەک ژنە کاندیدی دەنێرێتە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی (٢) کاندیدی دەرچوی.

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانە، هیچ ژنە پارلەمانتارێکیان نابێت، ئەوەش لەکاتێکدا یەکی یەک کورسیان بەدەستهێناوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان رۆژی (٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) بەڕێوەچو، بەپێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکەی دەکرد، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەبو، هەروەک رێژەی گشتی دەنگدان (٧٠،٠٦%) بوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,814,875     ژمارەی میوان 1083

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە