* نەوژین
بەپێی یاسا بەرکارەکان، لەكۆی ١٠٠ كورسی پارلەمانی کوردستان ٣٠ كورسی بۆ ژنان یەكلایی بونەتەوە، ژمارەی ئەو کورسیانەش بەپێی بازنەکان جیاوازن، ئەوەی نەگۆڕە رێژە کۆتاکەیە کە هەر بازنە و دەبێت ٣٠%ـی کورسیەکانی بۆ ژنان بێت.
دوێنێ یەکشەممە (٢٠ـی تشرینی یەکەم) هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچو، هەڵبژاردنەکە چوار بازنەیی بو و هەر پارێزگایەک و بازنەیەکی تایبەت بە خۆی هەبو و هەر بازنەیەکیش ژمارەیەک کاندیدی هەبو، کە رێژەی ژنان تێیاندا لەنێوان (٢٨% بۆ ٤١ %) بو.
لەمیانی دابەشکردنی کورسیەکانی پارلەمانیش سیستمە بازنەییەکە بەردەوامی دەبێت، واتا هەر بازنەیەک و ژمارەیەکی دیاریکراو لە کورسی و کۆتای ژنانی دەبێت.
دیاریکردنی ژمارەی کورسیەکان پەیوەستە بە ژمارەی دەنگدەرەکانی بازنەکە، بازنەی سلێمانی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر و کورسی هەیە، بەشێوەیەک (١،٠٨٧،٠٧٣) دەنگدەری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش زۆرترین کورسی پێدراوە کە ٣٦ کورسی گشتی و ٢ کورسی کۆتای (مەسیحی و تورکمان)ـە، لەم کورسیانەش (١١)ـیان وەک کۆتای ژنان دیاریکراون.
بازنەی هەولێر، دوەم زۆرترین ژمارەی دەنگدەر و کورسی هەیە، بەشێوەیەک (١،٠٢٢،٩٠٦) دەنگدەری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش دوەم زۆرترین کورسی پێدراوە، کە ٣٢ کورسی گشتی و ٢ کورسی کۆتای (مەسیحی و تورکمان)ـە، لەم کورسیانەش (١٠)ـیان وەک کۆتای ژنان دیاریکراون.
بازنەی دهۆک، سێیەم زۆرترین ژمارەی دەنگدەر و کورسی هەیە، بەشێوەیەک (٧٢٣،٧٤٧) دەنگدەری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش سێیەم زۆرترین کورسی پێدراوە، کە ٢٤ کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای مەسیحییە، لەم کورسیانەش (٨)ـایان وەک کۆتای ژنان دیاریکراون.
بازنەی هەڵەبجە، بەراورد بە سێ بازنەکەی دیکە کەمترین ژمارەی دەنگدەر و کورسی هەیە، بەشێوەیەک (٦٠،٢٥٢) دەنگدەری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش کەمترین کورسی پێدراوە، کە ٣ کورسیە، لەم ژمارەیەش یەک کورسیان وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە.
بەوتەی جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر ٤ و ٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان رادەگەیەنرێت.