ژنانی کاندید دەڵێن: باشترکردنی دۆخی ژنان ئامانجی خۆهەڵبژاردنمانە

2024/10/16    181 جار بینراوە


* نەوژین، شیرین ساڵح

ژنانی کاندید بە پلەی یەک بیریان لای کێشەکانی ژنانە، هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و نەهێشتنی بەشودانی پێشوەختە بەشێک لەو کارانەن ژنانی کاندید دەیانەوێت لە ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ پارلەمان کاری لەسەر بکەن.       

بەشێک لە کاندیدە ژنەکانی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان کێشە و بارودۆخی ژنان بە هۆکاری سەرەکی خۆ کاندیدکردنیان بۆ پارلەمان دەزانن و باسلەوەدەکەن دەیانەوێت لەڕێگەی پارلەمانەوە درێژە بە چالاکیەکانیان لەو بوارە بدەن.

سازە عەبدوڵا، کاندیدە لە بازنەی سلێمانی، لەبارەی ئامانجی لە خۆ کاندیدکردن بە نەوژینی وت: ماوەیەکی زۆر بو کارم لەسەر پرسەکانی ژنان دەکرد، بڕیارم دا کارو پڕۆژەکانم ببەمە پارلەمان تاوەکو بە شێوەیەکی باش و رەسمی کاریان لەسەر بکەم و بیانکەم بە یاسا، هەر ئەمەش ئامانجی منە لەخۆ کاندیدکردنم.

کارکردنی سازە وەک چالاکی بواری مافەکانی ژنان وایکردوە هەست بە کۆمەڵەک گرفت بکات کە ژنانی ناوچەکە بەدەستیەوە گیرۆدەبون وەک؛ توندوتیژی دژ بە ژنان و بەشودانی پێشوەختە، وتی: بینینی ئەوەی دۆخی ژنان رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت، وایکرد بڕیاربدەم هەوڵێکی جدی بۆ کەمکردنەوەی بدەم و لە ریشەوە بە یاسا هەوڵی قەدەغەکردنی بدەم.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە (٣٦٨) ژن لەسەر لیستە جیاوازەکان و بەشێوەی سەربەخۆ کاندیدن، ئەمەش لەکۆی (١١٩١) کاندید، واتا رێژەی (٣٠%)ـی کاندیدەکان ژنن. کە ئەمەش هاوشێوەیە لەگەڵ هاڵبژاردنی رابردو کە رۆژی (٣٠ـی ئەیلولی ٢٠١٨) بەڕێوەچو.  

ئاوات حسامەدین، ژنە کاندیدێکی دیکەیە، بەهەمان شێوە بیری لای ئەوەیە لەڕێگەی چونە پارلەمانەوە خزمەت بە ژنان بکات، وتی: بارودۆخی نالەباری ژنان هۆکاری خۆ کاندیدکردنم بو، ئاینی من جیاوازە، بەڵام بیرکردنەوەم دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە ژنان جیاواز نیییە و هاوشێوەی هەموان پێموایە دەبێت ژنان لێرە ژینگەیەکی گونجاوتریان بۆ فەراهەم بکرێت.

وتیشی: ئامانجم ئەوەیە بە یارمەتی پارلەمانتارانی دیکە لەنێو پارلەمان لەڕێگەی یاساوە ئەو ژینگەیە بۆ ژنان دروستبکەین .

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم پڕۆژانەی لە کارنامەیاندا پارلەمانتاران ئاماژەی پێدەکەن، تاوەکو چەند لە رابردودا توانراوە جێبەجێ بکرێت؟. 

لەمبارەیەوە، مونیرە عوسمان، پارلەمانتاری خولی چوارەمی پارلەمانی کوردستان، هاوکات کاندید بۆ ئەم خولەی پارلەمان پێی وتین: لە خولی چواری پارلەمان وەک ژنانی پارلەمانتار رۆڵێکی ئێجگار گەورەمان لە هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی هەبو، کە زۆر لە سودی ژنانە، هەروەک پڕۆژە یاسامان پێشکەش کرد بۆ کابانی ماڵ و ژنانی بێ هاوسەر کە موچەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، پڕۆژە یاسایەکی ترمان پێشنیار کرد بۆ خزمەتکردنی ئەو ژنانەی کەوتبونە ژێر دەستی داعشەوە و روبەڕوی چەندین جۆر توندوتیژی بوبونەوە هەوڵمان دەدا لەو بارودۆخە دەریان بهێنین. 

ئەوەی وایکردوە مونیرە کە خۆی ژنێکی خاوەنپێداویستی تایبەتە، جارێکی دیکە، بڕیاربدات خۆی کاندید بکاتەوە، هەستکردنی بوە بە کۆمەڵێک کێشەی ئەو توێژە، کە پێیوایە لەتوانای دەبێت لەنێو پارلەمان کاریان لەسەر بکات.

وەکخۆی ئاماژەیپێکرد: خۆم کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتم، لە خولی پێشو ویستم کار بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەم لە پارلەمان، بەڵام ئەو کارەم بە تەواو نەکراوی جێهێشتوە، بۆیە دوبار خۆمە کاندید کردەوە بۆ تەواوکردنی ئەو کارە، هەوڵدەدەم کۆی یاسای ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی کوردستان جیبەجێ بکەین بۆ خزمەتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

رۆژی (٢٠ـی ئەم مانگە) هەڵبژاردن بۆ لیست و  پارلەمانتارانی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان؛ ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە.


 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,843,946     ژمارەی میوان 1408

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە