ژنانی کاندید لە کارنامەکانیاندا زیاتر گرنگی بە پرسی ژن دەدەن

2024/10/14    158 جار بینراوە


* نەوژین، شنۆ نوری

تەنها سبەی ماوە و بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی پێدێت، ژنانی کاندید بە گەرموگوڕیەوە بەردەوامن لە بانگەشەکردن بۆ ئەو پڕۆژە و پلانانەی دەیانەوێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتو لە پارلەمان کاری لەسەر بکەن، ژنە دەنگدەرێکیش دەڵێت: دەنگ بە ژنە کاندیدێک دەدەم، چونکە ژنان لەنێو پارلەمان دەتوانن داوای مافەکانمان بکەن.

لەماوەی ٢٠ رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ژنان بەردەوام بون لە بانگەشەکردن بۆ خۆیان و لیستەکانیان، ئەوان هاوشێوەی پیاوانی کاندید دەڕۆنە شوێنە گشتیەکان و پلانەکانیان بۆ هاوڵاتیان باسدەکەن، هەروەک داوا دەکەن دەنگیان پێبدرێت، تاوەکو ببنە دەنگی ژنان لەنێو پارلەمان.

پەیمان ئەحمەد، یەکێک لەو ژنە کاندیدانەیە، وەکخۆی باسیدەکات ئەوەی بۆی گرنگە ئەوەیە ژنان دەنگی پێبدەن، چونکە پلانی هەیە لەنێو پارلەمان دەنگی ئەوان بگەیەنێت.

وتی: چونی ئێمەی ژنان بۆ پارلەمان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی ژنان دەبێت، لەلایەک دەبینە ئیلهام بۆ ژنانی کوردستان و لەلایەک هێز و متمانە بەخۆبونیان زیاددەکەین، من دەمەوێت لەنێو پارلەمان دەنگی ژنان بم سەرەتا، دواتر دەنگی گشتی.

ژنە پارێزەرێک پشتگیری قسەکانی پەیمان دەکات و باسلەوەدەکات پارلەمان چونکە جێگەی دانانی یاسایە، گرنگە ژنان لەوێ هەبن و رێگر بن لە دەرچواندنی هەر یاسایەک دژ بە ژنان. 

پارێزەر؛ تاڤان حەکیم ، وتیشی: زۆر گرنگە ژنانی پارلەمانتار لەم خولەی داهاتو کاربکەن لەسەر سەرجەم ئەو پرسانەی پەیوەندیدار بە پرسەکانی ژنان بن و کاربکەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، گرگترینیش ئەوەیە کاربکەن لەسەر زیادکردنی رێژەی ژنان لەسەرجەم پێگەکان.

ئاماری چالاکیەکانی ژنان لەخولی پێشوی پارلەمانی کوردستان دڵخۆشکەر نیین، بەشێوەیەک بەپێی راپۆرتێکی ئینستتیوتی پەی، هیچ یەکێکیان لەماوەی چوار ساڵ کارکردنی پارلەمان پێشنیازە یاسایان ئامادە و پێشکەش نەکردوە.

ژنە کاندیدێک، باسلەوەدەکات هۆکارەکەی پەیوەندیدارە بەوەی ژنان لەوێ داواکاری حزبەکانیان جێبەجێکردوە، نەک پلان و پڕۆگرامی خۆیان.

دڵپاک قادر، کە بەشێوەی سەربەخۆ، لەسنوری بازنەی سلێمانی خۆی کاندید کردوە، وتی: پارلەمانتارە ژنەکان لە خولەکانی پێشو نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان بەتەواوی بگێڕن، ئەوان لەبری رۆڵە سەرەکیەکەی خۆیان کە داواکردنی مافی ژنانە، داواکاری حزبەکانیان جێبەجێکردوە، هەر لەبەر ئەمەش زۆرکات ژنان متمانەیان بە کاندیدە ژنەکان نییە و ئامادەنیین دەنگیان پێبدەن.

ئاشنا عەدنان، دانیشتوی شاری سلێمانی، سێ هەڵبژاردنی پێشو دەنگی بە کاندیدی ژن داوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ژنان زیاتر لە پیاوان دەتوانن لە داواکاریەکانی ئەم تێبگەن.

وتی: ئومێدێکی زۆرم بە ژنە کاندیدەکان نییە داواکاریەکانم جێبەجێ بکەن، بەڵام دەزانم ئەوان لەپیاوەکان زیاتر شارەزاییان لە مافەکانی ژنان هەیە و زیاتر دەتوانن لە کێشەکانمان تێبگەن.

بڕیارە رۆژی (٢٠ی ئەم مانگە) هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. ٣٦٨ ژن رکابەری بۆ گەیشتن بە پارلەمانی کوردستان دەکەن، ئەمەش لەکۆی ١١٩١ کاندید

پەیمان ئەحمەد، بە گرنگی دەبینێت ژنانێکی زۆر لەپارلەمان بونیان هەبێت، لەبارەی هۆکارەکەیشیەوە وتی: بونی ژمارەیەکی زۆر لە ژن لەنێو پارلەمان وادەکات، نەتواندرێت هیچ یاسایەک دژ بە مافەکانی ژنان دەربکرێت.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,286     ژمارەی میوان 1732

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە