کاندیدانی ژن لە دهۆک: لەمیانی بانگەشە روبەڕوی ئاڵەنگاری زۆر بوینەتەوە

2024/10/12    181 جار بینراوە


* نەوژین، دێژین سدقی

لە بازنەی دهۆک کەمترین کاندیدی ژن هەیە، کاندیدانی ژنی بازنەکەش هۆکارەکەی بۆ ئەو بەربەستە زۆرانە دەگەڕێننەوە کە دێتە رێیان، لەبەرامبەردا بەرپرسێکی حزبیی هۆکارەکەی بۆ پرسێکی دیکە دەگەڕێنێتەوە.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە (٣٦٨) ژن کێبڕکێ بۆ گەیشتن بە پارلەمانی کوردستان دەکەن، ئەمەش لەکۆی (١١٩١) کاندید لە چوار بازنەی جیاواز.

رێژەی بەشداری ژنان بەپێی بازنەکان بەمشێوەیە: بازنەی هەڵەبجە زۆرترین رێژەی ژنە کاندیدی هەیە و (٤١.٥٪)ـی کاندیدەکانی ژنن، بازنەی سلێمانی دوەم زۆرترین کاندیدی ژنی لێیە کە رێژەی (٣٤%)ـی کاندیدەکان دەکات، هەریەک لە بازنەکانی هەولێر و دهۆک بە رێژەی (٢٩%) کەمترین رێژەی کاندیدی ژنیان هەیە.

لەبارەی هۆکاری کەمی کاندیدی ژن لە بازنەی دهۆک، ژنانی کاندید باس لەوەدەکەن هۆکاری سەرەکی هەبونی رێگری و بەربەستی زۆرە.

خەیاڵ سدیق، کاندید لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە بازنەی دهۆک، بە نەوژینی وت: وەک ژنە کاندیدێک لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، روبەڕوی ئاستەنگی زۆری وەک سوکایەتی راستەوخۆ و لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە بومەتەوە، ئەمە دۆخی زۆرینەی ژنە کاندیدەکانی سنورەکەیە بۆیە ژنان لێرە کەمتر بیرلەوەدەکەنەوە خۆیان کاندید بکەن.

جگە لە ناوزڕاندنیان و سوکایەتی پێکردن، لەماوەی بانگەشەی ئەمجارەدا ژنانی کاندید روبەڕوی ئاڵەنگاری سەیرتر بونەتەوە، بەشێوەیەک لەدەرگای ماڵیان دەدەن.

سیدرا فازڵ، کاندید لەسەر لیستی بەرەی گەل، وتی: دێن و لەدەرگای ماڵیشمان دەدەن، لەپێناو ئەوەی جگە لەخۆمان کەسوکاریشان بێزار بکەن، ئەمە جگە لەو هەڕەشە و کۆمێنتە نەشیاوانەی لە سۆشیاڵمیدیا دژمان دەیکەن.

سەرباری ئەمانە ژنانی کاندید لە سنورەکە کە ژمارەیان (٦٦) کاندیدە، هاوشێوەی پیاوە کاندیدەکان وێنەکانیان لەشەقام و شوێنە گشتیەکان هەڵواسیوە.

"ژنان ئازایانە وێنەکانیان لەسەر شەقامەکان نمایشدەکەن و داوای ئەوە دەکەن دەنگیان پێبدرێت، ئەمە بۆ ناوچەکە نوێیە، بۆیە رێگری دەکرێت و بێزار دەکرێین". سیدرا فازڵ وایوت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم، رێژەی ژنان لە لیستی کاندیدانی هەر حزبێک نابێت لە (٣٠%) کەمتر بێت، ئەمەش بە وتەی سەگڤان حەسەن، نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک. هەروەها وتیشی: حزبێک دەتوانێت تاوەکو هەرچەند بیەوێت کاندیدی ژنی هەبێت، بەڵام لەو رێژەیە کەمتر قەبوڵکراو نییە.

پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ژمارەی کاندیدە ژنەکان لە بازنەکە نەگەیشتوەتە ئەو رێژەیەی کە کۆمسیۆن دیاریکردوە؟

ئەم پرسیارەمان روبەڕوی: خالد ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک کردەوە، لەوەڵام دا وتی: کاندیدە سەربەخۆکان ئەم جیاوازییەیان دروستکردوە، ئێمە وەک حزبەکان بە بڕیارەکەی کۆمسیۆن پابەندین، بەڵام ژمارەی کاندیدە سەربەخۆکان جیاوازی دروستکردوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر پیاو هەن بەشێوەی سەربەخۆ کاندیدن، لەبەرامبەردا ژنان بەشێوەیەکی کەمتر بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردوە.

لە بازنەی دهۆک (٢٢٦) کاندید هەن، لەم ژمارەیە (٦٦)ـیان ژنن و دابەشبونیان بەسەر حزبەکان بەمشێوەیەیە؛ 

پارتی زۆرترین ژنە کاندیدی هەیە کە (١٥) کاندیدی ژنە لەکۆی (٤٨) کاندید، یەکێتی دوەم زۆرترین کاندیدی ژنی هەیە کە (١٣) کاندیدە لەکۆی (٣٠) کاندید، بەرەی گەل سێیەم زۆرترین کاندیدی ژنی هەیە کە (١١) کاندیدە لەکۆی (٣٥)، دواتر یەکگرتو دێت کە (٧) ژنە کاندیدی هەیە لەکۆی (٢٢) کاندید، پاشان هاوپەیمانی کوردستان کە (٥) ژنە کاندیدی هەیە لەکۆی (١٤) کاندید.

لەدوای ئەوانیش نەوەی نوێ دێت کە (٤) کاندیدی ژنی هەیە لەکۆی (١٣) کاندید، هەریەک لە هاوپەیمانی نیشتیمانی و لیستی هەڵوێستیش یەکە و (٣) ژنیان کاندید کردوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانی نیشتیمانی (١٤) کاندیدی هەیە و هەڵوێستیش (١٠) کاندید، هەروەها کۆمەڵی دادگەریی و سەردەمیش یەکە و (٢) ژنیان کاندید کردوە، کۆمەڵ بەکۆی گشتی (٦) کاندیدی هەیە و سەردەمیش (٥)، هەروەها دو ژنیش بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,284     ژمارەی میوان 1730

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە