ژنان، متمانەیان بە خۆیانە و دەنگ بە کاندیدە ژنەکان دەدەن

2024/10/10    287 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

“دەنگ بە کاندیدێکی ژن دەدەم، چونکە بونی ژنان لە نێو پارلەمان و دامەزراوەکانی دیکە گرنگە، بونی ئەوان واتا گەیاندنی دەنگ و رەنگی منی ژن”، لینای تەمەن ٢١ ساڵ کە بۆ یەکەمجارە لە ژیانی دا بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی دەکات، وای وت. 

دەشڵێت: ئەگەر دو سبەی یاسایەکی هاوشێوەی هەمواری یاسای باری کەسی عێراق بهێندرێتە نێو پارلەمانی کوردستان، وایدەبینم ئەوە کاندیدە ژنەکانن کە راستەوخۆ رەدی دەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن.

بڕیارە رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، رێژەی (٣٠%)ـی کاندیدەکان بۆ ئەم خولەی پارلەمان ژنن، هەروەک (٣٠٪)ـی کورسیەکانی پارلەمانی داهاتوش بەپێی سیستەمی کۆتا، هەر بۆ ژنام دەبێت.

ئامارەکان دەریدەخەن لە پێنج خولی رابردویدا پارلەمانی کوردستان، رێژەی پیاوان تیایدا سێ هێندەی ژنان بوە، بەشێوەیەک لەکۆی ٥٤٩ ئەندام، ٤٠٨ ئەندامیان لە رەگەزی نێر و تەنها ١٤١ ئەندامیان لە رەگەزی مێ بون، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی ئینستیوتی پەی.

ژنە پارلەمانتارێکی خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان باس لەوەدەکات، ژنانی پارلەمانتار لە خولەکانی پێشو هەرچەندە ژمارەیان کەمبوە، بەڵام توانیویانە رۆڵی خۆیان بەباشی بگێڕن.

ئاشنا عەبدوڵڵا، پارلەمانتاری خولی پێنجەمی پارلەمانی کوردستان، وتی: لە خولی پێشو ژنان هاوشان یان لە پیاوان زیاتر توانیمان رۆڵی خۆمان لەنێو پارلەمان ببینین، بەڵام چونکە پارلەمان خۆی هەڵنەستا بە گێڕانی رۆڵی خۆی بەتەواوی، رەنگە لەبەر ئەوە ئێمەش نەمانتوانیبێت رۆڵی خۆمان ١٠٠% بگێڕین، بۆیە کەموکورتی ئێمە بەهۆی خۆمان نا بەڵکو بەهۆی دەستەمۆیی پارلەمانەوە بوە.

سەرباری ئەوەی ژنانی پارلەمانتار لە ئاستی خۆیان رازیین، بەڵام شارەزایەکی هەڵبژاردن تێبینی لەمبارەوە هەیە.

ئارام جەمال، سەرۆکی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، وتی: ناتوانیین بڵێین ژنە پارلەمانتارەکانی پێشو رۆڵێکی باشیان گێڕاوە و کاریگەریی زۆریان هەبوە، هەروەک لەسەر پرسی ژنانیش شتێکی ئەوتۆیان نەکردوە، ئەمە هەندێکی پەیوەندیدارە بە خۆیانەوە، بەڵام زۆرینە پەیوەندی بەوە هەیە، کە هەندێک لە هاوپیشەکانیان لەنێو پارلەمان بڕوایان بە تواناکانی ژنان نییە، لەبەرامبەردا ناشتوانیین بڵێین رۆڵیان خراپ بوە، دەتوانیین بڵێین هەندێکیان توانیان کاریگەری دروستبکەن و هەندێکی دیکەیان بەو شێوەیە نەبون.

رۆژی دوشەممە (٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) ئینستتیوتی پەی کە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED پڕۆژەی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی پارلەمانی کوردستان ئەنجامدەدات، راپۆرتی ژمارەی ١٨ـی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئەدای کاری پارلەمانتاران لەماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پارلەمان (٦-١١-٢٠١٨ تاوەکو ٣٠-٥-٢٠٢٣) بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرتەکە کە وێنەی بۆ نەوژین نێردراوە، ژنانی پارلەمانتار (٣٥ کاتژمێر و ٨ خولەک و ٢١ چرکە) قسەیانکردوە، بەڵام هیچ یەکێکیان پێشنیازە یاسایان ئامادە و پێشکەش نەکردوە، هەروەک تەنها ٦ ژنە پارلەمانتار بیرۆکەیان پێشکەش کردوە.

ئارام جەمال، باس لە کۆمەڵێک سیفەت دەکات کە دەبێت ژنێک تێیدا بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پارلەمانتارێکی سەرکەوتو.

وتی: ئەو ژنانە لەنێو پارلەمان سەرکەوتو دەبن کە ئەزمونی کاری رێکخراوەییان هەبوێت و لەنێو خێزانەکەی، حزبەکەی، خوێندنگەکەی و زانکۆکەی دەرفەتی خۆ سەلماندنی پێدرابێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەنێو پارلەمانیش خۆی بسەلمێنێت، بڕوای بەخۆی هەبێت و قسەی هەبێت، هەروەک ئەمە تەنها بۆ ژنان نییە و بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوە پێویستە ئەو سیفەتانەیان هەبێت. 

لینا، جەختی لە رایەکە کردەوە و وتی: من هیچکاتێک تەنها لەبەر ژن بون دەنگ بە کاندیدە ژنەکان نادەم، بەڵکو دەنگ دەدەم بەو ژنەی دڵنیا بم کە لەنێو پارلەمان داوای مافی من دەکات. 

بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی رابردوی پارلەمانی کوردستان نزیەکی ١٠ ژن بەبێ سیستەمی کۆتای ژنان و بە دەنگی خۆیان چونە پارلەمان، ئاشنا عەبدوڵڵا ئەمە بەدەستکەوت دەبینێت و باس لەوەدەکات، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش چاویان لەوەیە چەندین ژن بەبێ کۆتا بگاتە پارلەمان.

لەبەرامبەردا ئارام جەمال، باسلەوەدەکات، گەشبین نییە ژمارەیەکی زۆری ژن بەبێ کۆتا کورسی پارلەمان مسۆگەر بکەن. لەبارەی هۆکارەکەشیەوە وتی: کۆمەڵگە و ژنان پێکەوە هۆکارن بۆ ئەمە، کۆمەڵگە هێشتا نەگەیشتوە بە ئاستێک بڕوای بە توانای ژنان هەبێت، ژنانیش نەگەیشتون بە ئاستێکی ئەوەندە باڵا کە بتوانن بە تواناکانیان بۆ کۆمەڵگەی بسەلمێنن کە ئەوان شایەنی ئەوەن لە پارلەمان بن.

تەنها (١١) رۆژ ماوە، بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، لینا بۆ ئەم هەڵبژاردنە بڕیاریداوە لەگەڵ خێزانەکەی پێکەوە بە جلی کوردیەوە بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، وتی: رۆژی هەڵبژاردن رۆژی دیاریکردنی چارەنوسمانە، بۆیە بە گشت هیوایەکمەوە دەڕۆمە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەو کاندیدە ژنە و بەو لیستە دەدەم کە دەزانم لەداهاتودا خزمەتم دەکات.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,572     ژمارەی میوان 2017

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە