ژنانی هەڵەبجە چاویان لەوەیە بەبێ کۆتا کورسیەکی پارلەمان مسۆگەر بکەن

2024/10/02    328 جار بینراوە


* نەوژین

بە نزیکەیی نیوەی کاندیدەکانی پارێزگای هەڵەبجە ژنن، چالاکانی ژنان چاویان لەوەیە ژنێک بەبێ کۆتا بچێتە پارلەمان، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش ئاشکرایدەکات، هەبونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كاندید له‌ بازنه‌ی هه‌ڵه‌بجه، واده‌كات ژنان چانسی دەرچونیان زیاتربێت.

بۆ هه‌ڵبژاردنى خولی شه‌شه‌مى پارله‌مانى كوردستان، ٢٢ ژنه‌ كاندید له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ن، به‌مپێیه‌ش زۆرترین رێژەی ژنە کاندیدی هەیە لەچاو سێ بازنەکەی دیكه‌، بەشێوەیەک (٤١.٥٪)ـی کاندیدەکانی ژنن.

شارەزایەکی هەڵبژاردن باس لەوەدەکات، هەبونی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدی ژن لە ناوچەکە، وادەکات ژنان دو جار شانسی دەرچونیان هەبێت.

دڵشاد نامیق، شاره‌زا له‌ بواری هه‌ڵبژاردن، بە نەوژینی وت: به‌پێی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، دانانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كاندید له‌ بازنه‌ی هه‌ڵه‌بجه، واده‌كات ژنان دوجار شانسی دەرچونیان هەبێت، جارێک به‌ده‌نگی كۆتا و جارێکیش به‌ ده‌نگی خۆیان.

رونیکردەوە: سیستمی نوێی کۆمسیۆن بەجۆرێکە لە سێ کاندیدی دەرچو دەبێت دانەیەکیان ژن بێت، ئەمەش واتا لە هەڵەبجە لایەنی کەم ژنێک دەردەچێت بۆ پارلەمان، هەبونی کاندیدی زۆری ژن وادەکات رکابەری بەهێز بکەن و پێویستیان بە کۆتا نەبێت، بەڵکو خۆیان بەدەنگی خۆیان توانای دەرچونیان هەبێت.

لەبازنەی هەڵەبجە، سێ کاندید توانای دەرچونیان بۆ پارلەمانی کوردستان هەیە و لەو سێیە دەبێت دانەیەکیان ژن بێت، ئەمەش بەهۆی ئەو سیستەمە کۆتایەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردوە.

رۆژنامەنوسێکی شارەکە، باس لەوەدەکات، پێدەچێت ژنان بەبێ کۆتا کورسی مسۆگەر بکەن.

رەنگین سەلام، وتی: لە هەڵەبجە هۆشیارییەکی زۆر بەرامبەر بە ژنان هەیە، بەشێوەیەک خەڵکەکە زۆر لایان ئاساییە لەسەر بنەمای تواناکانیان دەنگ بە ژنە کاندیدەکان بدەن هاوشێوەی ئەوەی چۆن دەنگ بە کاندیدە پیاوەکان دەدەن.

زیاتر وتی: بەوپێیەشی ئەو ژنانەی لێرە کاندیدن، پێشتر کاری دیکەیان کردوە و کەسانێکن خزمەتیان بە ناوچەکە کردوە، پێموایە دەتوانن دەنگی زۆر بەدەستبهێنن و بەبێ کۆتا کورسی مسۆگەر بکەن.

ژنە کاندیدەکانی بازنەی هەڵەبجە، دابەشبونیان بەسەر حزبەکاندا بەمشێوەیەیه‌: کۆمەڵی دادگەری سێ ژنە کاندید، هەریەک لە یەکێتی، پارتی، بەرەی گەل، سەردەم، نەوەی نوێ و یەکگرتو یەکە و ٢ ژنە کاندیدیان هەیە، هەریەک لە بزوتنەوەی ئیسلامی، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، گۆڕان، هەڵوێست و هاوپەیمانی نیشتیمانی یەکەو یەک کاندیدی ژنیان هەیە.

چالاکێکی بواری ژنان، ئاماژەبەوەدەکات تەنها کاندید بون و دەنگدان بە ژن بەس نییە و دەبێت ژنانی ناوچەکە چاویان لە بەرەوپێشچونی زیاتر بێت.

شه‌هێن عومه‌ر، وتی: ژنان نابێت بەوە بوەستن کە کاندید بن و دەربچن، دەبێت هەوڵبدەن لەنێو پارلەمان خاوەنی دەنگ وسەدا و بڕیاری خۆیان بن.

ئەوەی بەلای زۆرینەی چالاکانی ژنانەوە گرنگە، ئەوەیە ژنە کاندیدەکان بە دەنگی خۆیان نەک بە کۆتا دەربچن، بۆ بەجێگەیاندنی ئەم هەنگاوەش پێیانوایە دەبێت ئەو ژنانەی کاندید دەکرێن ئەزمونێکی کاری سیاسیان هەبێت.

كوێستان ئه‌كره‌م، چالاکی ژنان، وتی: زۆر گرنگە ژنێک لە ناوچەکە بە دەنگی خۆی بچێتە پارلەمان، چونکە ئەمە وادەکات زیاتر متمانە پەیدا بکەن، هەروەک بۆ بەدەستهێنانی ئەمەش گرنگترین خاڵ ئەوەیە کاندیدە ژنەکان بەهێزبن، بەشێوەیەک شارەزاییەکی باشیان لە یاساکانی هەرێم هەبێت، تاوەکو دواتر بتوانێت خۆی بسەلمێنێت.

کوێستان، کە پێشتر سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجە بو، لەبارەی گرنگی هەبونی ژنان لە پێگە ئیداریەکان و له‌ نێو پارلەمانیش وتی: هەبونی ژن لەم شوێنانە گرنگە، دەتوانن لێیەوە جێدەستی ژنانەی خۆیان دیاریبکەن و بە بیرکردنەوەیەکی ژنانە جێگەکە بەڕێوەببەن.

بڕیارە رۆژی (٢٠ـی ئەم مانگە) هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆی ژمارەی کاندیدانی پەسەندکراو ١١٩١ کاندیدە، لەم ژمارەیەش ٣٦٨ـیان ژنن و دابەشبونیان بەسەر بازنەکان بەمشێوەیەیە:
- بازنەی سلێمانی: ١٧١ ژنە کاندید لەکۆی ٥٠١ کاندید، واتا بەڕێژەی (٣٤%).
- بازنەی هەولێر: ١١٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٣٨٥ کاندید، واتا بەڕێژەی (٢٩%).
- بازنەی دهۆک: ٦٣ ژنە کاندیدە لەکۆی ٢٢٠ کاندید، واتا بەڕێژەی (٢٨%).
- بازنەی هەڵەبجە: ٢٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٥٣ کاندید، واتا بەڕێژەی (٤١.٥%).



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,620     ژمارەی میوان 1823

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە