* نەوژین
ژنە زانایەکی کورد کە کار لەسەر مێشکی رۆبۆت دەکات، ناوی خرایە نێو لیستی ٢٪ـی زانایانی جیهان.
ئەو ژنە توێژەرە، د. پاوان دزەیی ـە، کە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەولێر لەدایک بوە و ئێستا لە ئیتاڵیا دەژی، دکتۆرای لە فیزیۆلۆژیای خوێن هەیە و لە زانکۆی پاڤیا لە ئیتاڵیا مامۆستا و توێژەرە.
د. پاوان، بەهۆی توێژینەوەیەکی لەبارەی مێشکی رۆبۆت ناوی خراوەتە لیستەکەوە، ئەو دەیەوێت زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ بگوازێتەوە بۆ مێشکی رۆبۆتی و لەمەودوا رۆبۆت لە بری مرۆڤ بتوانێت کار بکات.
دەڵێت؛ بە سودوەرگرتن لە پێکهاتەی مێشکی مرۆڤ بۆ دروستکردنی مێشکی رۆبۆتی، وادەکەم رۆبۆتەکە هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و رێگەچارە پزیشکییەکان رۆڵ ببینێت.
ئەم خانمە پزیشکە، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە کار لەسەر دروستکردنی پڕۆژەکە دەکات و هێشتا بەردەوامە لەکارکردن لەو بوارە، وەکخۆی دەڵێت: یەکێک لە ئامانجەکانم ئەوەیە، لەڕێگەیەوە چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک؛ نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە بدۆزمەوە.