٣٦٨ ژن کێبڕکێ بۆ گەیشتن بە پارلەمانی کوردستان دەکەن

2024/09/25    314 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

٣٦٨ ژن رکابەری بۆ گەیشتن بە پارلەمانی کوردستان دەکەن، ئەمەش لەکۆی ١١٩١ کاندید، بەم پێیەش رێژەی (٣٠%)ـی کاندیدەکان ژنن.

بە پێی دواین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، کۆی ژمارەی کاندیدانی پەسەندکراو گەیشتوەتە ١١٩١ کاندید و لەو ژمارەیەش ٣٦٨ کاندید ژنن.

بەپێی ئامارەکە کە کۆپیەکی دەست نەوژین کەوتوە، لەسەر ئاستی بازنەکاندا، بازنەی سلێمانی زۆرترین ژمارەی کاندیدی ژنی هەیە، کە بریتیە لە ١٧١ ژنە کاندید لەکۆی ٥٠١ کاندید، دابەشبونیشیان بەسەر حزبەکاندا بەمشێوەیە:

پارێزگای سلێمانی؛

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، زۆرترین ژنە کاندیدی هەیە کە ٢٤ کاندیدی ژنە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پلەی دوەم دێت بە ٢٢ ژنە کاندید، دواتر نەوەی نوێ دێت کە ١٧ ژنە کاندیدی هەیە، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١٦ ژنی کاندید کردوە، بزوتنەوەی گۆڕان ١٥ ژنە کاندیدی هەیە، بەرەی گەل ـیش ١٤ کاندید و لیستی هەڵوێستیش ١٣ کاندیدی هەیە، هەروەها کۆمەڵی دادگەری ١٠ کاندیدی ژنی هەیە، هاوپەیمانی نیشتیمانی ٩ کاندیدی ژنی هەیە، یەکگرتوی ئیسلامی ٨ ژنی کاندید کردوە و بزوتنەوەی ئیسلامیش ٥ کاندید، هاوکات لیستی سەردەم ٣ ژن و بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیش ٢ ژنی کاندید کردوە، ٣ ژنیش بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردوە.

پارێزگای هەولێر؛

بازنەی هەولێر دوەم بەزترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ١١٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٣٨٥ کاندید و دابەشبونیان بەسەر حزبەکاندا بەمشێوەیە:

یەکێتی زۆرترین ژنە کاندیدی هەیە کە ٢١ کاندیدە، پارتی دوەم زۆرترین ژنە کاندیدی هەیە کە ١٩ـەیە، پاشان بەرەی گەل کە ١٤ ژنە کاندیدی هەیە و دواتر نەوەی نوێ کە ٩ ژنی کاندید کردوە، هەروەها لیستی سەردەم ٧ ژنی کاندید کردوە، هاوپەیمانی نیشتیمانیش ٦ ژنی کاندیدکردوە، لەسەر لیستی هەڵوێستیش ٥ ژن کاندیدن، هەروەک ٤ ژنیش لەسەر لیستی تورکمانەکان کاندیدن و بەهەمان شێوە ٥ ژنیش لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئیسلامی کاندیدن، هەریەک لە گۆڕان و یەکگرتو ٤ کاندیدی ژنیان هەیە و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ٣ ژنە کاندیدی هەیە، هەروەها بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان ٢ کاندیدی هەیە، ٤ ژنیش بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردوە.

پارێزگای دهۆک؛

بازنەی دهۆک سێیەم بەزترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ٦٣ ژنە کاندیدە لەکۆی ٢٢٠ کاندید و دابەشبونیان بەسەر حزبەکاندا بەمشێوەیە: 

پارتی زۆرترین ژنە کاندیدی هەیە کە ١٥ کاندیدی ژنە، یەکێتی دوەم زۆرترین کاندیدی ژنی هەیە کە ١٠ کاندیدە، هەریەک لە یەکگرتو و بەرەی گەلیش یەکە و ٧ ژنیان کاندیدکردوە، هاوپەیمانی کوردستان ٥ ژنە کاندیدی هەیە و نەوەی نوێش ٤ کاندیدی ژنی هەیە، هەریەک لە هاوپەیمانی نیشتیمانی و لیستی هەڵوێستیش یەکە و ٣ ژنیان کاندید کردوە، هەروەها کۆمەڵی دادگەری و سەردەمیش یەکە و ٢ ژنیان کاندیدکردوە و سێ ژنیش بەشێوەی سەربەخۆ کاندیدن.

پارێزگای هەڵەبجە؛

بازنەی هەڵەبجە کەمترین ژمارەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ٢٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٥٣ کاندید و دابەشبونیان بەسەر حزبەکاندا بەمشێوەیە: 

کۆمەڵی دادگەری سێ ژنە کاندید، هەریەک لە یەکێتی، پارتی، بەرەی گەل، سەردەم، نەوەی نوێ و یەکگرتو یەکە و ٢ ژنە کاندیدیان هەیە، هەریەک لە بزوتنەوەی ئیسلامی، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، گۆڕان، هەڵوێست و هاوپەیمانی نیشتیمانی یەکەو یەک کاندیدی ژنیان هەیە.

ژمارەی کاندیدە ژنەکان بەڕێژەی سەدی

بەپێی رێژەی سەدی، (٣٠%)ـی کۆی کاندیدەکانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ژنن.

هەرپەیوەست بە رێژەی سەدییەوە، ئەگەرچی بە ژمارەی ژنە کاندید هەڵەبجە لە کۆتا ریزبەندی دایە، بەڵام بەپێی رێژەی کۆی کاندیدەکان، زۆرترین رێژەی ژنە کاندیدی هەیە و (٤١.٥٪)ـی کاندیدەکانی ژنن، بازنەی سلێمانیش دوەم زۆرترین کاندیدی ژنی لێیە کە رێژەی (٣٤%)ـی کاندیدەکان دەکات، هەولێریش بە رێژەی (٢٩%) پلەی سێیەمی هەیە لە هەبونی زۆرترین کاندیدی ژن، دهۆکیش بە رێژەی (٢٨%) کەمترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە.

ژمارەی ئەو کورسیانەی بۆ ژنان یەکلا بونەتەوە؛

بەپێی سیستەمی نوێی کۆمسیۆن، لەكۆی ٩٥ كورسی دەنگدانی گشتی ٣٠ كورسی بۆ ژنان یەكلایی بوەتەوە. بەشێوەیەک؛ لە بازنەی سلێمانی لەکۆی ۳٦ كورسی دەنگدانی گشتی دەبێت ۱۱ كورسی بۆ ژنان بێت، لە بازنەی هەولێر لەكۆی ۳۲ كورسی ۱۰ كورسی بۆ ژنان بێت، لە بازنەی دهۆك لەكۆی ۲٤ كورسی ٨ـی بۆ ژنان بێت و لە بازنەی هەڵەبجەش لەكۆی سێ كورسی كورسیەك بۆ ژنان دیاریكراوە.

لەمڕۆوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەستیپێکردوە و بڕیارە تاوەکو (١٥ـی تشرینی یەکەم) بەردەوامبێت، هەروەک بڕیارە (٢٠ـی تشرینی یەکەم) هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنیش؛ ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,161     ژمارەی میوان 2096

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە