ژنانی سەیدسادق پێکەوە گەشتی شاخەوانی ئەنجامدەدەن

2024/09/06    276 جار بینراوە


* نەوژین، پەیام نەجمەدین

ژنان و کچانی سەیدسادق، لەڕێگەی گروپێکی شاخەوانییەوە، مانگانە گەشتی شاخەوانی ئەنجامدەدەن، ئەوان زیاتر وەک خولیایەک بەشداری گەشتەکان دەکەن، سەرپەرشتیاری گروپەکە باس لەوەدەکات، دڵنیایە گروپەکە لەداهاتو دا زۆر گەورەتر دەبێت، چونکە ژنانێکی زۆر لە ناوچەکە خولیای شاخەوانیان هەیە. 

کۆمەڵێک ژن لەنێو قەزای سەیدسادق گروپێکی شاخڕەویان دروستکردوە و مانگانە هەرجارە و گەشت بۆ شاخێک لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.

سومەیە محەمەد، سەرپەرشتیاری گروپەکە، لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی گروپێکی لەمشێوەیە بە نەوژینی وت: خانمانی ئێرە لەزۆر روەوە بێ خزمەتگوزاری بون، تەنانەت لە قەزاکە دا هیچ شوێنێکی تایبەت بە ژنان نەبو بۆ ئەوەی کاتە بەتاڵەکانیانی تێدابەسەر بەرن.

“لەوکاتەدا من بیرۆکەی دروستکردنی گروپێکی لەمشێوەیەم بۆهات، بۆ ئەوەی ژنان و کچانی قەزاکە تێیدا کۆببنەوە، هەم دەبێتە وەرزشێک بۆیان، هەمیش دڵخۆش دەبن کە بەوشێوەیە پێکەوە کۆدەبنەو”ە، سومەیە وایوت.

ژمارەیەکی زۆر ژن و کچ لە گروپەکەدان، بەشێک لەوان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی بەشداری دەکەن، بەشێکی دیکەشیان تەنها وەک خولیا و حەزێک.

ئاشنا ساڵح، یەکێک لەو خانمانەیە کە لەگەڵ گروپەکە بەشداری لە گەشتەکان دەکات، دەڵێت: گروپەکە جێگەی متمانەیە، بۆیە بەدڵخۆشی لەگەڵیان گەشتدەکەم، تەنها وەک خولیایەک دەڕۆمە شاخەوانی، جگە لەوە لەمیانی گەشتەکەمان لەلایەن رێکخەرانەوە زانیاریمان لەبارەی شاخەوانییەوە پێدەدرێت، کە ئەمەش سودی زۆری بۆمان هەیە.

دیمەنێک کە لەکاتی گەشتەکان تۆمارکراوە

گروپەکە کە سەر بە سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوانە، یەکەم گروپی تایبەت بە خانمانە لە نێو قەزاکە دا بەمەبەستی شاخەوانیکردن دروست بوبێت، لەمیانی گەشتەکانیان مانگانە زیاد لە ١٥ ژن بەشدار دەبن.

ئەڤین کەریم، خانمێکی دیکەی بەشداربوی گەشتەکانی گروپەکەیە، دروستبونی گروپێکی لەمشێوەیە بەدەستکەوت بۆ خانمانی شارەکە دەبینێت.

“ زۆر دڵخۆشم و شانازی دەکەم بە هەبونی گروپێکی لەمشێوەیە لە ناوچەکەمان، چێژێکی تایبەتی هەیە کاتێک کۆمەڵێک خانم پێکەوە بە پیادڕەوی دەچینە سەر شاخە بەرزەکان و بەدەم رێگەوە قسەی خۆش و زانیاری بەسود بۆ یەکتر دەگوازینەوە”، ئەڤین کەریم، وایوت.

ئەو خانمانەی لەگەڵ گروپەکە گەشت دەکەن، مەرج نییە ئەندام بن، ئاگاداری بڵاودەکەنەوە و هەر خانمێک بیەوێت دەتوانێت لەگەڵیان بەشداربێت.

کیژان مە‌هدی، چەند جارێک لەگەڵ گروپەکە گەشتی کردوە، دەڵێت: حەزکردن بۆ گەشت و گەڕان لەناو ناخی هەر یەکێکماندا هەیە، بەڵام زۆرکات پێویستمان بە کەسێک یان هاوڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین متمانەی پێبکەین، ئەم گروپە بەو کەسانەی ناساندوم و هەر مانگێک کاتم هەبێت لەگەڵیان گەشت دەکەم.

شاخەوانی وەرزشی سەرکەوتن و هەڵگەڕان بە شاخ و چیا بەرزەکانە، بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان شاخەوانیکردن چەندین سودی جەستەیی و مەعنەوی هەیە، وەک: چالاککردنی سوڕی خوێن، بەهێزکردنی ماسولکەکانی لەش، فێربونی ئارامگری و فێربون لە چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکان.

ئاشنا ساڵح، دەڵێت: هەرچەندە زیاتر وەک خولیایی دەچمە شاخەوانی، بەلام لەڕوی تەندروستی و رۆحیەوە سودی زۆرم لێی بینیوە، 

سەرپەرشتیاری گروپەکە، پلانی گەشتکردنی بۆ شوێنە جیاوازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە، وەکخۆی دەڵێت: گروپەکە هێشتا تازەیە، لەداهاتو دا گەشت بۆ جێگەی دورتریش ئەنجامدەدەین، چونکە خانمێکی زۆر هەن کە خولیای شاخەوانیان هەیە و دڵنیام لەداهاتو دا گروپەکە زۆر گەورەتر دەبێت.


 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,770,792     ژمارەی میوان 426

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە