* نەوژین
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ٣٦%ـی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ژنن، بەڵام لەکۆی سەرۆک لیستی هەر چوار بازنەکە، هیچ ژنێکی بە سەرۆک لیست دیاری نەکردوە.
بەپێی ماڵپەڕی PUKMEDIA، یهكێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پارلهمانی كوردستان، ١٧٢ كاندیدی ههیه، لەو ژمارەیەش ٦٣ کاندیدیان ژنن، واتا رێژەی (٣٦%)ـی زیاتری كاندیدهكانی ژنن.
حزبەکە زۆرترین کاندیدی ژنی لە بازنەی پارێزگای سلێمانی و دواتر هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە هەیە، بەمشێوەیە؛ سلێمانی لەکۆی ٧٢ کاندید (٢٦)ـیان ژنن، هەولێر لەکۆی ٦٤ کاندید (٢٤)ـیان ژنن، دهۆک لەکۆی ٣٠ کاندید (١٠)ـیان ژنن، هەڵەبجە لەکۆی ٦ کاندید (٣)ـیان ژنن،
بۆ ئەم هەڵبژاردنە سیستەمی بازنە پەیڕەودەکرێت و هەر پارێزگایەک بازنەیەکە و هەر بازنەیەک سەرۆک لیستێکی هەیە، بەڵام لەکۆی سەرۆک لیستی هەر چوار بازنەکە، یەکێتی هیچ ژنێکی بە سەرۆک لیست دیاری نەکردوە.
بڕیارە رۆژی (٢٠ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، لە (١ـی حوزەیرانی ١٩٧٥) لە دیمەشق دامەزراوە، تاکو ئێستا پێنج کۆنگرەی بەستوە، لە کۆتا کۆنگرەی دا بڕیاری دا بە جێگیرکردنی کۆتایی ژنان بە رێژەی (٢٥%) بۆ كۆی گشتی ئهنجومهنهكانی حزبەکە.