* نەوژین
پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠%ـی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ژنن، ئەمە لەکاتێک دا سەرۆک لیستی بازنەی هەولێری حزبەکەش ژنێکە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (١٨ـی تەموز) لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەشداریکرن لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کرد، لیستەکە لە ١٩٢ ناو پێکدێت لەو ژمارەیەش ٥٩ـیان ژنن واتا بە رێژەی (٣٠%).
دابەشبونی کاندیدەکان بەسەر پارێزگاکان بەمشێوەیە؛ سلێمانی؛ ٧٢ کاندید (٢٢ـیان ژنن)، هەولێر؛ ٦٤ کاندید (٢٠ـیان ژنن)، دهۆک؛ ٤٨ کاندید (١٥ـیان ژنن) و هەڵەبجە؛ ٦ کاندید (٢ـیان ژنن).
بۆ ئەم هەڵبژاردنە سیستەمی بازنە پەیڕەودەکرێت و هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، لەکۆی چوار سەرۆک لیستی بازنەکان، حزبەکە ژنێکی بە سەرۆک لیستی بازنەی هەولێر دیاریکردوە، کە ئەویش؛ د. ڤالا فەرید ـە، کە هاوکات ئەندام کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەیە.
بڕیارە رۆژی (٢٠ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.