دو هاوسەر لە قەڵادزێ شیرینیخانەیەک بەڕێوەدەبەن

2024/07/16    524 جار بینراوە


* نەوژین، هاوژین محەمەد

دو هاوسەری دانیشتوی قەڵادزێ پێکەوە شیرینیخانەیەکیان کردوەتەوە و دەڵێن: کارکردنمان پێکەوە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازی جوانی لێکراوە.

رێناس عەبدولرەحمان و پێشڕەو عەبدولرەحمان، ماوەی چوار ساڵە هاوسەرگیریان کردوە و خاوەنی مناڵێکن، پێکەوە شیرینیخانەیەکیان لە قەزای قەڵادزێ لە سنوری ئیدارەی راپەڕین کردوەتەوە.

لەبارەیەوە، رێناس بە نەوژینی وت: دوای تەواوکردنی زانکۆ خۆم و هاوسەرەکەم بڕیارمان دا پێکەوە کاربکەین، باشترین بیرۆکەش بۆ پێکەوە کارکردنمان کردنەوەی شوێنێک بو کە سەربەخۆ کاری تێدابکەین، ئەوە بو بڕیاری دروستکردنی کۆشکێکمان دا و دەستمان بە دروستکردنی شیرینی کرد، چونکە هەردوکمان لەبوارەکە شارەزا بوین.

لە شیرینی خانەکەیان دا رێناس و پێشڕەو چەندین جۆری شیرینی دروستدەکەن، وەکخۆیان دەڵێن: جگە لەو شیرنیانەی کە رۆژانە دروستیاندەکەین، لەسەر خواستی کڕیارەکانیش زۆرکات جۆری دیکەی شیرینی دروستدەکەین. 

کردنەوەی کۆشکێک لەلایەن دو هاوسەرەوە لە قەزاکە پێشوازی باشی لێکراوە، وەک رێناس ئاماژەیپێکرد: کارکردنمان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازی جوانی لێکراوە و بەردەوام دەستخۆشیمان لێدەن.

کۆشکی ئەم دو هاوسەرە، کۆشکێکی جێگیرنییە، بەڵکو رۆژانە دەیگوازنەوە و لە شوێنە جیاوازەکان شیرنیەکانیان دەفرۆشن، پێشڕەو دەڵێت: یەکێکە لە ئاستەنگیەکان ئەوەیە کە شوێنێکی دیاریکراومان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا دڵخۆشین، چونکە پێکەوە کاردەکەین.

هەروەها وایدەبینێت، گرنگە پیاوان یارمەتیدەری هاوسەرەکانیان بن لە کارکردنی ماڵەوە و دەرەوەش.

دەشڵێت: کارکردنی دو هاوسەر پێکەوە لە شوێنێکی سەربەخۆ شتێکی جوان و ئاساییە، هەروەک دو هاوسەر کە لە فەرمانگەیەک کاردەکەن لەپێناو بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان.

پێشتر هیچ دو هاوسەرێک لە ناوچەکە کاری لەم شێوەیان نەکردوە، رێناس دەڵێت: بیرۆکەی کارەکە هی من بو و هاوسەرەکەم و خێزانەکەم پاڵپشتم بون، هەروەک لەکاتی بۆنەکان دا و بەهۆی قەرەباڵغی جێگەکەیان هەلیکار بۆ چەند گەنجێکی دیکە دەڕەخسێنین.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,096     ژمارەی میوان 1542

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە