لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ژنانی بەریتانیا مێژویان تۆمارکرد

2024/07/06    312 جار بینراوە


* نەوژین

لە هەڵبژاردنی پارلەمانی بەریتانیا ژنان مێژویان تۆمارکرد، (٣٧%)ـی کورسیەکانی پارلەمانیان بەدەستهێنا و نیوەی وەزارەتەکانیشیان گرتە دەست.

شەوی رابردو کابینەی نوێی حکومەتی بەریتانیا راگەیەندرا، تێیدا لەکۆی ٢٢ پۆستی باڵا ١١ـیان بە ژنان سپێردران واتا رێژەی (٥٠%)ـی پۆستە باڵاکان. 

ئەو پۆستە باڵایانە بریتین لە: جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پارلەمان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی کار و خانەنشینی، وەزارەتی گواستنەوە، وەزارەتی کلتور، وەزیری کاروباری ویڵز، سەرۆکی ئەنجومەنی لۆردەکان و راوێژکاری شانشینی یەکگرتو.

ژنان تەنها لە پۆستە باڵاکان نا، بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانیش مێژویان تۆمارکرد، توانیان بە دەنگی خۆیان (٢٤٢) کورسی پارلەمان مسۆگەر بکەن، ئەوەش لەکاتێک دا کۆی گشتی کورسیەکانی پارلەمانی وڵاتەکە بریتیە لە (٦٥٠) کورسی، واتا ژنان (٣٧%)ـی کورسیەکانیان بەدەستهێناوە.

لەنێو کاندیدەکان دو ژنی بە رەچەڵەک کورد بونیان هەبو، ئەوانیش؛ یاسەمین ئەتروشی، کە بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانە و فێریاڵ کلارکی کە بە رەچەڵەک خەڵکی مەلەتیی باکوری کوردستانە.

کلارک لەسەر لیستی پارتی کار لە بازنەی باکوری ئەنفیڵد کاندید بو و توانی بۆ جاری دوەم زۆرترین دەنگی بازنەکە بەدەستبهێنێت و بچێتەوە پارلەمانەوە، بەڵام یاسەمین کە لەسەر پارتی پارێزگاران کاندید بو، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و بچێتە پارلەمان.

رۆژی (٤ـی تەموز) هەڵبژاردنی پارلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچو و تێیدا پاش ١٤ ساڵ لە حکومڕانی، پارتی پارێزگاران نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەڵکو پارتی کرێکاران کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بو زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و حکومەتی پێکهێنا.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,164     ژمارەی میوان 1549

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە