* نەوژین، شیرین ساڵح
'ئاشنا'، یەکێک بو لە فێرخوازە یەکەمەکانی پۆلەکەی، بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە چاوەڕێی کردوە بچێتە کۆلێژی پزیشکیی و ببێتە پزیشک، بەڵام بەشودانی لەلایەن باوکییەوە لە کۆتا قۆناغی خوێندنی ئامادەییدا، وایکردوە خەونەکەی هەر بە خەون بمێنێتەوە.
ئەو نمونەیەکە لەو سەدان کچەی کە لە تەمەنێکی کەمدا بەشودراون و رێگەیان پێنەدراوە بە خەون و خولیا پیشەییەکانیان بگەن. ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بەڕای پارێزەران و شارەزایان، جگە لەوەی هۆکارن بۆ کۆتاییهێنان بە خەونی کچان، هاوکات دەشبنە مایەی زیادبونی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان
'ئاشنا' کە ناوی خوازراوی ژنێکی ٢٣ ساڵەیە، دانیشتوی گوندێکی سنوری شارەزورە، بەهۆی نەبونیەوە لە تەمەنێکی کەم بەزۆر و بەبێ خواستی خۆی هاوسەرگیریی پێکراوە.
چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: بەر لە شەش ساڵ، ئەوکاتەی پۆلی ١٢ بوم، یەکێک لە فێرخوازە زیرەکەکانی پۆلەکە بوم، مامۆستاکان ئومێدیان هەبو نمرەی ١٠٠ بەدەستبهێنم و رۆژی ئاشکراکردنی ئەنجامەکان ناوی خۆم و خوێندنگەکەم ببێتە مانشێتی هەواڵی کەناڵەکان، خۆشم هەروام بیردەکردەوە و بۆ ئەوە هەوڵمدەدا نمرەی بەرز بهێنم و بڕۆمە کۆلێژی پزیشکی.
زیاتر وتی: بەڵام لەناکاو هەمو شت گۆڕا، کاتێک رۆژێکی ئاسایی لەدەوام گەڕامەوە، دایکم بانگی کردمە ژورەوە و پێی وتم: باوکم بڕیاریداوە بەشوم بدات، چونکە کەسێک هاتوەتە داوام کە باری ماددی باشە.
خێزانەکە هەشت کەسییەکەی 'ئاشنا'، دۆخی داراییان خراپ بوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەمو خەرجی ماڵەکە لە ئەستۆی باوکیان بوە و ئەویش کارەکەی بریتی بوە لە ئاژەڵ بەخێوکردن، بەو هۆیەشی مناڵی دیکەی فێرخوازبون و هاتوچۆی شاریان کردوە، دۆخەکەی زیاتر لەسەر قورس بوە.
دەڵێت: تاوەکو هاوسەرگیریەکە نەکەم زۆر لە باوکم پاڕامەوە، بەڵام ئەو وتی دەبێت تۆ ئەو هاوسەرگیریە ئەنجامبدەیت، چونکە من توانای بەخێوکردنی ئەو هەمو مناڵەم نییە، منیش ناچار هاوسەرگیریەکەم ئەنجامدا و شوم بە پیاوێک کرد کە ٢٥ ساڵ لەخۆم گەورەتر بو.
کێشەی ئەو هاوسەرگیرییە هەر ئەوەنەبو کە کۆتایی بە خەونی کچێک هێنا، بەڵکو دوچاری پرۆسەیەکی کرد کە هێشتا بۆی ئامادەنەبو و بەزۆر و ناچاریی پێیکراوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی یەکەمین و سەرەکیترین بنەمای هاوسەرگیرییە کە بریتییە لە رازییبونی هەردولا.
بەڕای چالاکێکی بواری ژنان، ئەم جۆرە هاوسەرگیریە بە هۆکاری سەرەکی توندوتیژییە خێزانییەکان و بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی جیابونەوەی هاوسەران دەزانرێت.
بەیان محەمەد، ئەندامی لقی سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە نەوژینی وت: زۆر لێکردنی خێزانەکان بۆ ئەوەی کچەکانیان لەتەمەنێکی کەم هاوسەرگیری بکەن وا دەکات ژنان توندوتیژییەکی زۆریان لە دوای هاوسەرگیری بەرامبەر بکرێت، بەو پێیەی بەشێکیان جیاوازییەکی زۆری تەمەن لە نێوانیان دا هەیە و بەوهۆیە نەگونجان لەنێوانیان دروستدەبێت، دەتوانم بێڵم ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە بە ئەستەم سەرکەوتو دەبن.
ئامارە فەرمیەکان ئاشکرایدەکەن، ساڵ لەدوای ساڵ ئامارەکانی جیابونەوەی هاوسەران لە هەرێم رو لە زیادبونە.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ساڵی رابردو دا لە هەرێمی کوردستان (١٤٣١٢) حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە، کە دابەشبونی بەسەر شارەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر (٥٨٥٧) حاڵەت، سلێمانی (٥٤٣٨) حاڵەت، دهۆک (٢١٦٤) حاڵەت و گەرمیان (٨٥٣) حاڵەت
پارێزەرێک ئاماژەبەوەدەکات، ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە وادەکەن کێشە خێزانییەکان و بەتایبەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاتر بێت.
شەیما فەرەیدون، بۆ نەوژین وتی: یەکێک لە گرفتەکان کە لەمجۆرە هاوسەرگیریە روبەڕوی کچەکە دەبێتەوە توندوتیژیە، کاتێک هاوسەرەکەی دەزانێت کە لە بارودۆخێکی ناچارکردنەوە هاتوە و دەزانێت کە خێزانەکەی پاڵپشتی ناکەن بۆیە ئاسانتر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکە ئەنجامدەدات.
ئەم حاڵەتە بەسەر 'ئاشنا'ـدا هاتوە، کاتێک پێش ئەوەی بڕواتە ماڵی تازەی، باوکی پێی وتوە هاوسەرەکەت ئەگەر لێشت بدات دەبێت تۆ قەبوڵی بکەیت و نابێت هەرگیز بە تۆراوی بگەڕێیتەوە بۆ ئێرە.
ئەم جۆرە لە هاوسەرگیریی، جگە لە زیادکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی، زۆربەیجاریش بە جیابونەوە کۆتایی دێت، ئەمەش شەیما فەرەیدون پشتڕاستی کردەوە.
ئەو وتی: ئەم هاوسەرگیرییە گرفتی دیکەی وەکو ناپاکی لێدەکەوێتەوە و هۆکاری سەرەکییشە بۆ زیادبونی رێژەی جیابونەوەی هاوسەران.
تەمەنی هاوسەرگیریەکەی 'ئاشنا' تەنها دو ساڵی خایاند و بەهۆی زۆریی رێژەی ئەو توندوتیژیانەی هاوسەرەکەی بەرامبەری ئەنجامیداوە، بڕیاری جیابونەوەی داوە.
وەکخۆی وتی: چەند رۆژێک دوای هاوسەرگیریی، هاوسەرەکەم پێی وتم مافی خوێندم نەماوە و دەبێت مناڵم ببێت و خزمەتی ئەو بکەم، ئەوە بو دوای ساڵێک کچێکم بو، بەوهۆیەی مناڵەکە کچ بو هاوسەرەکەم منی بە تاوانبار دەزانی و بەردەوام سەرزەنشتی دەکردم و توندوتیژی بەرامبەرم ئەنجامدەدا.
زیاتر وتی: دوای دو ساڵ تێپەڕین بەسەر هاوسەرگیریەکەمدا، ئیتر نەمتوانی بەرگە بگرم و بڕیاری جیابونەوەم دا، بەڵام چونکە ماڵەوەمان رازی نەبون بە بڕیارەکەم و وتیان: عەیبەیە کچێکی تەڵاقدراو لەماڵەکەمان هەبێت، وەریان نەگرتمەوە، منیش ناچار رۆشتمە ماڵی پورێکم و لەوکاتەوە لەگەڵ ئەوان دەژیم.