چیرۆکی پشت کوشتنی ‘سارا’ لەلایەن باوکیەوە چیە؟

2024/05/26    1353 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

هەفتەی رابردو لە قەزای پێنجوێن ‘سارا’ لەلایەن باوکیەوە بە چەقۆ کوژرا، ئەم روداوە ئەوکات وا باسکرا کە بەهۆی هەڵەیەکی ساراوە بوە، بەڵام چیرۆکی پشت کوشتنەکەی شتێکی دیکەیە.

رۆژی (٢٠ـی ئەم مانگە) کاتژمێر شەشی بەیانی، (سارا عەلی) کە کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی دانیشتوی قەزای پێنجوێن بو لەلایەن باوکیەوە، بە چەقۆ کوژرا.

لەبارەی روداوەکە ئەوکات پۆلیسی پێنجوێن لەزاری باوکەکەوە روداوەکەی بۆ نەوژین گێڕایەوە و وتی: باوکی کچەکە لەکاتی ئیفادەدا وتویەتی، “کچەکەم لەگەڵ کوڕێک ساڵی رابردو هەڵهاتبو بۆ شاری هەولێر، دواتر کە گەڕایەوە بە بڕیارى دادوەر لەبری خێزانەکەی درابو بە باپیرى و لەلای ئەو دەژیا، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ باپیری کچەکەی رادەستکردینەوە و منیش راستەوخۆ بە چەقۆ کوشتم، چونکە داخی ئەو روداوەم لە دڵ مابو“. 

نەوژین ئەمڕۆ بۆ بەدواداچونی زیاتر لەسەر کەیسەکە قسەی لەگەڵ پۆلیسی پێنجوێن و کەسێکی نزیک لە سارا کرد، بەڵام هەردولا رەدیانکردەوە، قسەکانی باوکەکە راستبێت.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پێنجوێن کە نەیویست ناوی بهێنین (چونکە مافی لێدوانی فەرمی نییە) وتی: دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆسیەکە بۆمان دەرکەوتوە قسەکانی باوکەکە راست نەبون، بەڵکو راستیەکە ئەوەیە، رۆژی ٢٧ـی رەمەزانی ئەمساڵ سارا لەماڵ هەڵهاتوە وچوەتە هەولێر.

”سارا بە تەنها هەڵهاتبو، نەوەک لەگەڵ کوڕێک”

پۆلیس ئاشکرایکرد: سارا بەتەنها لە پێنجوێنەوە بە تەکسی رۆشتبوە هەولێر، ئێمە دوای زانینی روداوەکە بەهاوکاری ئاسایشی هەولێر توانیمان بزانین لەکوێیە و دۆزیمانەوە و ناردمان ماوەیەک لە شەڵتەر مایەوە، ئەوکات کە باوکی داوایلێکرد بگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەو رەدیکردەوە، دواتر بە رەزامەندی خۆی و باپیری، نێردرایە ماڵی باپیری (باوکی باوکی) لە سلێمانی تاوەکو لەوێ بمێنێتەوە.

کەسوکاری سارا ئاماژەبەوەدەکەن، سارا لەترسی باوکی هەڵهاتوە.

کەسێکی نزیک لە سارا پێی راگەیاندین: سارا لە مناڵیەوە لەلایەن باوکیەوە لە خوێندن بێبەشکرابو و بەردەوام ئازاردەدرا، ئەو ویستبوی لە ئازاردان رزگاری ببێت بۆیە رۆشتبوە هەولێر، نەوەک لەگەڵ کەسێک هەڵهاتبێت.

زیاتر وتی: بەڵام ئێمە وەک کەسوکاری ئاگاداری دۆخی ئەو نەبوین و دوای مردنی ئەوەمان زانی کە ئەو بەو شێوەیە ژیاوە.

سارا بۆچی گەڕایەوە ماڵەوە؟

سەرچاوەکەی پۆلیسی بۆ نەوژین رونیکردەوە: دو رۆژ بەر لە کوژرانی، باپیری سارای بردبوەوە بۆ ماڵی باوکی، بەڵام تاوەکو ئەو بەیانیانەی کە روداوەکە رویداوە، باوکی لەماڵ نەبوە، بەڵکو بۆ کارکردن رۆشتبوە باشماخ، هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بەیانی زو لەگەڵ سارا بو بە دەمەقاڵەیان و کوشتی.

پۆلیس ئاشکرایشیکرد: باپیری لە ئیفادەدا لەبارە هۆکاری بردنەوەی سارا بۆ ماڵەوە پێی وتین: “بردمەوە چونکە دایک، خوشک و براکانی بیری ئەویان دەکرد”، بەڵام بەهۆی گومانمان لەقسەکانی و بەوهۆیەشی باپیری بێ وەرگرتنی مۆڵەتی دادگا ئەوی بردبوەوە بۆ ماڵەوە، ئێستا باپیریشی دەستگیرکراوە.

چی ماوە رونببێتەوە؟

ئێستا لە دادگا چەند تۆمەتێک ئاراستەی باوکی سارا کراون، هەروەها کەسوکارەکەیشی چەند زانیاریەکیان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا درکاندوە، کە دەریدەخەن سارا پێشتر لە ژیانێکی زۆر سەخت دا ژیاوە،.
پۆلیسیش دەڵێت: باوکی دانی بە بەشێک لە تۆمەتەکاندا ناوە، بەڵام ناتوانین هیچ لەوبارەیەوە بڵێین، چونکە لێکۆڵینەوە بەردەوامی هەیە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,502     ژمارەی میوان 1987

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە