چالاکێکی ژنان: لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانی فرەژنی بێدەنگ نابین

2024/05/11    444 جار بینراوە

 

* نەوژین

سبەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەو سکاڵایەی کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مەرجێکە بۆ هێنانى ژنی دوەم لە هەرێمى کوردستان دانیشتن دەکات، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانیش چالاکێکی ژنان دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکان کاریگەری خراپی دەبێت، دەشڵێت: وەک چالاکانی بواری ژنان لەبەرامبەر ئەمە بێدەنگ نابین.

بڕیارە سبەی یەکشەممە (١٢ـی ئایار) دادگاى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتن بۆ تاوێکردنى ئەو سکاڵایە بکات، کە لە دژى مەرجەکانی هێنانى ژنى دوەمە لە یاسای بارى کەسێتى، کە لەدواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون.
 
سکاڵاکە لەلایەن پارێزەرێکەوە بەناوی (بەرهەم رەئوف)ـەوە تۆمارکراوە، دەڵێت: بۆ دانیشتنى یەکەمى دادگا، کۆنوسێکى زانیارى لەوبارەیەوە پێشکەش دەکەم و داوادەکەم پێنج لە مەرجەکانی فرەژنی لە هەرێم هەڵبوەشێنەوە.

دەشڵێت: سکاڵاکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو هەموارە لەدژى دەستورى عێراقە، لە دەستوردا هاتوە نابێت هیچ یاسایەک دەربچوێندرێت، کە پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلام بێت.
 
بەگوێرەى هەموارەکەی پارلەمانی کوردستان، هیچ پیاوێک بۆی نیە زیاتر لە لە ژنێک بهێنێت مەگەر ئەوەی کە ژنی یەکەم نەخۆشیەکی درێژخایەنی سەلمێنراوی هەبێت کە رێگە لە کاری سەرجێی ژن و مێردایەتی بگرێت و ئومێدی چاکبونەوەی نەبێت،  یان نەزۆک بێت و پیاو توانای دارایی هەبێت و بەڵێنی دادپەروەری بدات لە نێوانیان و لە سەروی هەموشیەوە دەبێت ژنی یەکەمی رازی بێت بۆیە ئەگەر ئەو هۆکارانەش هەبێت و ژنی یەکەم رازی نەبێت ئەوا هێشتا پیاو ناتوانێت ژنی دوەم بهێنێت.

هەر لە هەموارەکە دا ئاماژەبەوەکراوە، هێنانى ژنى دوەم بەبێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و ١٠ ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.

لەبارەی کاریگەریەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەرجانە، کەژاڵ عەبدولقادر، چالاک و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بە نەوژینی وت: هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانی هێنانی ژنی دوەم لە هەرێم، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەرونی ژنان، هەروەک لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین خێزان.

وتیشی: وەک چالاکوانانی بواری ژنانیش لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکان بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت، چونکە ئەو مەرجانە بە ماندوبونێکی زۆر چەسپێندراون.

بەپێی یاساکەی عێراق تەنها دو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دوەم، ئەوانیش بریتین لەوەی کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى ١٨ ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات، بەو پێیەش پێچەوانەی یاسا بەرکارەکەی هەرێم پیاوان بە ئاسانی توانای هێنانی زیاد لە ژنێکیان دەبێت، هەر لەبەر ئەوەش بەشێک لە پیاوانی هەرێم بۆ هێنانی ژنی دوەم پەنا دەبەنە بەر دادگاکانی عێراق.

کەژاڵ عەبدولقادر، لەوبارەیە وتی: راستە پیاوان بەشێکیان بۆ هێنانی ژنی دوەم پەنا دەبەنە بەر دادگاکانی عێراق، بەڵام بەو رێژە زۆرە نییە، چونکە کارێکی ئاسان نییە، بۆیە لەکاتی نەمانی مەرجەکانی هێنانی ژنی دوەم وەک ئەوەیە رێگەی دور بۆ هێنانی ژنی دوەم نزیک بکرێتەوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,653,945     ژمارەی میوان 1648

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە