رێکخراوێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی چوار داواکاری ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکات

2024/04/19    520 جار بینراوە

 

* نەوژین
 
رێكخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لەمیانی راگەیەندراوێک دا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ  بە ژنان، چوار داواکاری ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بە پرسی توندوتیژی دەکات.

ئەمڕۆ هەینی (١٩ـی نیسان) لە راگەیەندراوێک دا رێكخراوی ئێمە، شەرمەزاری كوشتنی (فەیروز ئازاد) ئەو کچەی كە لەنێو جێگەی نوستنی دا و  لە شیرینی خەو دا لەلایەن برایەکیەوە كوژرا، دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا، رێکخراوی ئێمە دەڵێت: فەیروز رزگاربوی توندوتیژی بو، هەرچەندە تاوانبارەكان چەند مانگێك زیندانیكراون، بەڵام بەداخەوە پێش ئازادبونی تاوانبارەكان، لایەنی پەیوەندیدار لە (وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی) پێناچێت هیچ پلان و ئامادەكارییەكیان بۆ  زامنكردنی  سەلامەتی و شكۆمەندی گیانی فەیروز هەبوبێت.

لە درێژەی راگەیەندراوەکە دا هاتوە: كوشتنی ژن لە نێو كۆمەڵگەی كوردستان، بوەتە لەكەیەكی شەرمەزاری  بە نێوچەوانی پیاوانی كوردستانەوە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوازێك وێنا دەكرێت كە ژنكوشتن بەشێكە لە كلتوری كۆمەڵگەی كوردستان، ئەمەش بوەتە هۆی لە كەداركردنی ناو و ناوبانگی كورد.

ئاماژە بەوەشکراوە: بۆ ئەم مەبەستە داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار:

یەكەم: وەزارەتە پەیوەندارەكان، پێویستە ئامادەكارییەكی توندوتۆڵ بكەن بۆ ئەوەی رێگربن لە رودانی كارەساتی كوشتن، لەكاتی ئازادكردنی تاوانبارانی توندوتیژی دژ بە ژن، بەشێوەیەك كە ماف و سەلامەتی رزگاربوەكە زامن بكات، بە لەبەرچاوكردنی دۆخی هەستیاری كۆمەڵگە سەبارەت بەو پرس و كێشانە.

دوەم: سەرۆكایەتی حكوومەت و لایەنە پەیوەندارەكان لەبواری رۆشنبیری و راگەیاندن راسپێرن، بۆ ئەوەی ئەو بابەت و لێدوان و بەرنامە و ناوەڕۆكانەی دەبنە هۆكاری  تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و هاندان بۆ كوشتن و سوكایەتی بە ژن، سانسۆر بكرێن.

سێیەم: پرسی ژن و خێزان بەشێكی گرنگی پرسی ئاسایشی نەتەوەییە، بۆیە پێویستە پرسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و كوشتنی ژنان، لە پێشینەكانی  كاری  دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بێت.  

چوارەم:  كاركردن بۆ راگەیاندنی هەڵمەتێكی نیشتمانی بەردەوام، بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و نەهێشتنی كوشتنی ژنان.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,653,808     ژمارەی میوان 1586

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە