نە دین و نە زانست لەگەڵ خەتەنەکردنی مێینەدا نیین

2024/02/09    759 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح 

لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی مێینە دا، ژنێکی خەتەنەکراو باس لەوە دەکات بەهۆیە خەتەنەکردنیەوە توشی نەزۆکی بوە، پزیشکێکیش پشتڕاستی دەکاتەوە و دەڵێت: یەکێک لە گرفتە تەندروستیەکان کە بەهۆی خەتەنەکردنەوە توشی ژنان دەبێت ‘نەزۆک‘ـیە، مامۆستایەکی ئاینیش رەدی دەکاتەوە، خەتەنەکردنی مێینە، لەڕوی ئاینی ئیسلامەوە رێگەپێدراو و سونەت بێت.

خەتەنەکردن ئەو نەشتەرگەریەیە کە بەشێک یان زیاتری ئەندامی مێینە دەبڕدرێت و لێدەکرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش بۆ لابردنی ئامێرێکی تیژی وەک: گوێزان، چەقۆ، مەقەست، شوشە و بەردی تیژ، بەکاردەهێنرێت.

زەینەب رەحیم، تەمەن ٤١ ساڵ، لە تەمەنێکی زۆر مناڵی دا خەتەنەکراوە، باسلەوەدەکات، بەهۆی خەتەنەکردنەوە توشی گرفتی تەندروستی بوەتەوە.

ئەو وەکخۆی بە نەوژینی وت:  ئەو کاتەم بەباشی بیرنایەتەوە کە خەتەنەکرام، چونکە زۆر مناڵبوم پێموانیە تەمەنم بوبێت بە ٤ ساڵ، بیریشمنایەتەوە ئازاری چەندێک زۆر بو، بەڵام تاوەکو ئەم تەمەنە من هەرگیز مناڵم نەبوە و نەزۆکم، پزیشکیش پێی وتوم: هۆکارەکەی بە رێژەی زۆر خەتەنکردنمە. 

ژنە پزیشکێک پشت راستی ئەوە دەکاتەوە کە دەکرێت خەتەنەکردن ببێتە هۆی نەزۆکی.

د.شلێر مەجید، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون و نەزۆکی، دەڵێت: خەتەنەکردن زیانی کاتی و درێژخایەنی زۆرە، وەکو: خوێنبەربون، ئاوسان، ئازار، هەوکردن و دروستبونی گۆشتپارە لە شوێنی بڕانەکەدا، بچوکبونەوەی دەمی زێ، گیروگرفتی سێکسی، مناڵبونی سروشتی و هەروەها دەبێتە هۆی نەزۆکیش لە خانمان. 
 
ئەو خانمە پزیشکە باسی لەوەشکرد: جگە لەوانە زۆر لەو خانمانەی خەتەنەکراون توشی گیروگرفتی دەرونی و کێشەی خێزانیش بونەتەوە.

بەهۆی دانانی سزا و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی خەتەنەدەکەن، رێژەی خەتەنەکردنی مێینە لە هەرێم کەمیکردوە، بەڵام هێشتا ئەم دیاردەیە بونی ماوە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی ساڵی (٢٠٢٢) لە هەرێمی کوردستان ١٤٧ کەیسی خەتەنەکردنی کچان تۆمارکراوە کە تەمەنیان لەنێوان (١ رۆژ بۆ ١٨ ساڵ) بوە.

خ، ژنێکی تەمەن ٧٧ ساڵی دانیشتوی گوندێکی سەر بە پارێزگای سلێمانیە، ئەو بۆ ماوەی چەندین ساڵ خەتەنەی کچانی گوندەکەی کردوە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی حکومەتەوە وازی لەو کارە هێناوە.

وتی: نەمدەزانی خەتەنکردن زیانی هەیە، بۆیە ئەنجامم دەدا، ئێمە واماندەزانی دین دەڵێت ئەو کارە بکەن، بەڵام دواتر کە وتیان خراپە و رێگری کرا لەوەی ئەو کارە بکەین وازمهێناوە و ماوەی دە ساڵ دەبێت ئەو کارەم نەکردوە.

باسی لەوەشکرد: بەڵام هێشتا ئەم دیاردەیە هەر ماوە، چونکە چەند کەس لەم چەند ساڵە دا پێیان وتوم تاوەکو کچەکانیان خەتەنەبکەم، بەڵام من رەدم کردوەتەوە.

سەرباری ئەوەی دەوترێت بيانو بۆ ئەم کارە، ئاینی ئیسلامە، بەڵام مامۆستایەکی ئاینی رەدی دەکاتەوە ئیسلام لەگەڵ ئەم کارە دا بێت.

مەلا: ئیدریس ژاڵەیی، لەبارەی پەیوەندی ئاینی ئیسلام بە دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، وتی: لەکاتی هاتنی ئاینی ئیسلام ئەم دیاردەیە بونی هەبو، بەڵام ئیسلام قەدەغەیکرد، ئەو فەرمودانەشی باس لەوە دەکەن رێگەپێدراوە لاوازن، بۆیە هەر مامۆستایەکی ئاینی بانگەشە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بکات، دیارە کە لە مەبەستی ئاینی ئیسلام تێنەگەیشتوە، چونکە ئاینی ئیسلام بۆ ئاشتی و بەختەوەریە و رێگرە لە زیانگەیاندن بە جەستە.

وتیشی: وەک خۆم کە مامۆستای ئاینیم زۆرکات لە رێگەی وتار و کتێبەکانمەوە، بانگەشەی ئەوەم کردوە کە دەبێت ئەم جۆرە دیاردانە رێگری بکرێت لە ئەنجامدانیان.

شەشی شوباتی هەمو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوەنەوەی خەتەنەکردنی مێینە دیاریکراوە، لەم رۆژەدا ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان لە سەرتاسەری جیهان دا باس لە مەترسییەکانی خەتەنەکردنی مێینە وەک یەکێک لە پێشێلکارییە زەقەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,578     ژمارەی میوان 110

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە