* نەوژین
ژنان ٧٥ کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیان بەدەستهێنا، کە دەکاتە (٢٥%)ـی کورسیەکانی ئەنجومەنەکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (٢٨ـی کانونی یەکەم) کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی و فەرمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند و بە پێی ئەنجامەکان (٧٥) ژن بون بە ئەندامی ئەنجومەنەکە.
ئەوان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە کورسیان بەدەستهێناوە: بەغدا (١٣) کورسی، نەینەوا (٧) کورسی، کەرکوک (٥) کورسی، واست (٤)، میسان (٤)، کەربەلا (٤) کورسی، سەڵاحەدین (٤) کورسی، زیقار (٥) کورسی، دیالە (٤) کورسی، بابل (٥) کورسی، نەجەف (٤) کورسی، موسەنا (٣) کورسی، قادسیە (٣) کورسی، بەسڕە (٦) کورسی و ئەنباریش (٤) کورسی.
ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ـی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچو، کە بەپێی یاساکە (٢٥%)ـی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە بۆ ژنان دانراوە، بەشێوەیەک لەکۆی (٢٧٥) کورسی دەبێت (٧٥) کورسی بۆ ژنان بێت، بەم پێیەش ژنان نەیانتوانی رێژەی کۆتا تێبپەڕێنن.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، رۆژی (١٨ـی ئەم مانگە) لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو.