ئێران: سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنە چالاکێکی کورد دا دەسەپێندرێت

2024/07/24    225 جار بینراوە


* نەوژین

رێكخراوی هەنگاو، دەڵێت: ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی ـدا سەپاندوە، کە ژنە رۆژنامەنوس و چالاکێکی دانیشتوی شاری مهابادە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: رۆژنامەنوس و چالاکی سیاسی کورد؛ پەخشان عەزیزی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی 'بەغی' سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەغی، تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەرجۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت و سزاکەشی بەپێی ئەوەی تۆمەتبارەکە چەکی بەکارهێنابێت یان نە، سزای لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

رێکخراوەکە رونیکردوەتەوە: ئەو خانمە لەمانگی (پێنجی ساڵی رابردو)ـەوە  لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، هەروەک ماوەی دو هەفتەیە لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

پەخشان بەر لە ماوەیەک نامەیەکی بڵاوکردبوەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردبو، چەندین جار لەنێو زیندان ئەشکەنجە دراوە و هەڵواسراوە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهابادە و دەرچوی بەشی کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی تاران.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,053     ژمارەی میوان 1499

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە