* نەوژین، شنۆ نوری
یەکێک لەو کێشانەی ژنان لەکاتی دوگیانی دا روبەڕوی دەبنەوە، توشبونیانە بە نەخۆشی "شەکرەی دوگیانی"، ژنێک دەڵێت: پێشتر توشبوی شەکرە نەبوم، بەڵام لەکاتی دوگیانیم دا پزیشک پێیوتم توشی شەکرەی دوگیانی بوم، پزیشکێکی پسپۆڕیش باس لەوەدەکات: گەر دایکەکان لەوکاتەدا شەکرەکەیان کۆنتڕۆڵ نەکەن، زیان بە خۆیان و کۆرپەکەی سکیان دەگات.
بەناز فایەق، ژنێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، ماوەی ١٠ ساڵە توشی نەخۆشی شەکرە بوە، دەڵێت: لەوکاتەوەی توشبوم خۆم لە زۆرینەی خواردنەکان گرتوەتەوە.
ئەو زیاتر وتی: لەوکاتەی کە زانیم توشی نەخۆشی شەکرە بوم، دەستم بە خۆپارێزی کردوە و ئەوە ماوەی دە ساڵ دەبێت خۆم لە خواردنی برنج و هەمو جۆرە شیرینیەک دورخستوەتەوە، هەر بەوهۆیەش سەرەتا کە توشبوم پزیشک پێیوتم شەکرەی خەزنکراو لە لەشمدا ١٢ـیە، بەڵام ئێستا کەم بوەتەوە بۆ ٦.
نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان کە ناسراوە بە "بکوژە بێدەنگەکە"، درێژخایەنە و تاوەکو کۆتایی تەمەن دەمێنێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی دو جۆر لە نەخۆشی شەکرەهەیە.
جۆری یەک: لەئەنجامی نەبونی ئەنسۆلین لەخوێن دا شەکر بەرز دەبێتەوە و کەسەکە توشی شەکرە دەبێت.
جۆری دو: لە جەستەدا ئەنسۆلین هەیە، بەڵام خانەکان بەرگری دەکەن لەدروستکردنی ئەنسۆلین، بەمەش دوبارە کەسەکە توشی شەکرە دەبێت.
پزیشکێکی پسپۆڕ ئاماژەبەوەدەکات ژنانی توشبو بە شەکرە توانایان هەیە دوگیان ببن، بەڵام پێش دوگیانبون دەبێت کۆنترۆڵی شەکرەکەیان بکەن.
د.سوارە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی شەکرە، بە نەوژینی وت: دایکانی توشبو بە شەکرە دەتوانن دوگیان ببن، بە مەرجێک پێش دوگیان بونەکەیان کۆنترۆڵی شەکرەکەیان بکەن، تاوەکو لەماوەی دوگیانیان توشی کێشە نەبنەوە، بۆ چارەسەریش دەبێت زۆر گرنگی بە وەرزش و پارێزی لە هەندێک خواردن بدرێت، بۆ نمونە خواردنی فاستفود و خواردنەوە گازیەکان بە هەموشێوەیەک لێیان قەدەغەیە هەروەها ئەو خواردنانەشی شەکری زۆریان تێدایە دوبارە خواردنیان قەدەغەیە.
تارا عەلی، ژنێکی دیکەیە، سەرباری ئەوەی خۆی توشبوی شەکرە نەبوە، بەڵام لەماوەی کاتی دوگیانی دا توشی نەخۆشیەکە بوە، ئەو بۆ نەوژینی گێڕایەوە: پێش دوگیانیم توشبوی نەخۆشی شەکرە نەبوم، بەڵام لەماوەی دوگیانی دا و دوای ئەنجامدانی پشکنین پزیشک پێی وتم کە توشی "شەکرەی دوگیانی" بوم.
زیاتر وتی: هەر ئەوکاتەی کە زانیم توشی نەخۆشیەکە بوم، دەستم بە خۆپارێزیکرد، چونکە ترسام لەوەی مناڵەکەم لەباربچێت یان کەمئەندام ببێت، ئەوە بو خۆشبەختانە دوای لەدایکبونی کۆرپەکەم نەخۆشیەکەم نەما.
شەکرەی دوگیانی چیە؟
جۆرێکی تر لە شەکرەیە کە کاتیە و ژنان لەکاتی دوگیانی دا توشی دەبن، ئەوکاتەی کە جەستە بڕی پێویستی ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت بۆ رێکخستنی شەکری ناو خوێن، ئەم جۆرە لە شەکرە دروستدەبێت، کە بەزۆری لە سێ مانگی دوەم یان سێیەمی دوگیانی دا ئەگەری دروستبونی هەیە و (٩٠%)ـی توشبوەکان لەدوای لەدایکبونی کۆرپە شەکرەکەیان دادەبەزێت و کێشەیان نامێنێت، بەڵام دەکرێت لە داهاتو دا توشی شەکرەی جۆری دوەم ببن.
د.سوارە، باس لەوەدەکات توشبون بە شەکرەی دوگیانی ئەگەری لەبارچونی کۆرپە زیاددەکات، هەروەها لەئەگەری کۆنتڕۆڵ نەکردنی زیان بە دایکەکەش دەگەینێت.
وتی: گەر دایکێک لەکاتی دوگیانی دا توشی شەکرە ببێت، هەم خۆی و هەم کۆرپەکەیشی توشی زیان دەبن، دایکەکە ئەگەر هەیە توشی نەخۆشی دڵ یان پەستانی خوێن ببێت و کۆرپەکەش ئەگەری لەبارچونی دەبێت، لەگەڵ ئەوەش دا لەدوای توشبونی دایکەکە بە نەخۆشی شەکرە کۆرپەکە ئاوێکی زۆر لەدەوری دا کۆدەبێتەوە و ئەگەری نەبەکام بونی زیاترە بەراورد بە کۆرپەیەک کە دایکی توشبوی شەکرە نەبێت.
زیاتر وتی: لەکاتی چارەسەر وەرگرتنی دایکەکەش دەبێت بە گرنگیەوە رەچاوی ئەوە بکرێت دەرمانێک بەکارنەهێنێت زیان بە کۆرپەکە بگەیەنێت، بەشێوەیەکی گشتی وەرگرتنی ئەنسۆلین لەهەمو دەرمانەکان باشتر و تەندروستترە.
ئامارەکانی توشبون بە شەکرە لە هەرێمی کوردستان
رۆژی (١٤ـی تشرینی دوەم)ـی هەمو ساڵێک بە رۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرە دیاریکراوە، رۆژەکە لە ساڵی ١٩٩١ تایبەت کرا بەم نەخۆشیە، ئەوەش بەهۆی زۆربونی رێژەی توشبووانی ئەم نەخۆشیە لە جیهان دا لەو ساڵەدا، هەروەها چونکە لەم بەروارەدا و لەساڵی ١٩٢١ د.فردریک بانتینج لەدایکبوە، کە یەکێک بو لەو پزیشکانەی نەخۆشی شەکرەی دۆزیەوە.
ئامارەکانی توشبون بە نەخۆشی شەکرە، لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: ١٩٢٥ کەس توشی نەخۆشیەکە بون.
لە پارێزگای سلێمانی: ٢٥٣٣ کەس توشبون، لەم ژمارەیەش (١٥١٩)ـیان ژنن.
هاوکات بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی گشتی کەلاریش کە تایبەت دەست نەوژین کەوتوە، لە قەزاکە ٤٥٢٣ کەس توشبوی نەخۆشی شەکرەن، هەروەها لە قەزای کفری و ناحیەی رزگاریش بەکۆی گشتی: ٢٠٩٩ توشبو بە نەخۆشی درێژخایەن هەن و بەپێی ئاماری تەندروستی گەرمیانیش (٤٠%)ـی نەخۆشیە درێژخایەنەکان توشبوی نەخۆشی شەکرەن.