* نەوژین
نۆ پۆستی زانستی و کارگێڕی زانکۆی گەرمیان بە ژنان سپێردران، سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: بەردەوام دەبین لە پێدانی پۆستە زانستی و کارگێڕیەکان لەسەر بنەمای توانای خۆیان بە ژنان.
ئەمڕۆ دوشەممە (١٣ـی تشرینی دوەم) لە زانکۆی گەرمیان ٩ پۆستی زانستی و کارگێڕی بە ٩ ژن بەخشران، کە بریتین لە پۆستەکانی (یاریدەدەری راگری کۆلێژ، سەرۆک بەش و بەڕێوەبەر).
لەوبارەیەوە د.فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە نەوژینی راگەیاند: ئەمڕۆ نۆ پۆستی زانستی و کارگێڕی زانکۆی گەرمیانمان بە ژنان سپارد، کە بریتین لە (دیاریکردنی ژنێک بە یاریدەدەری راگری کۆلێژ، دانانی ٥ ژن بۆ پۆستی سەرۆک بەش و سێ ژنیش پۆستی بەڕێوەبەریان پێ سپێردراوە).
رایشیگەیاند: بەردەوام دەبین لە پێدانی پۆستە زانستی و ئیداریەکان لەسەر بنەمای توانای خۆیان بە ژنان، وەک سەرۆکی زانکۆش زۆر بە گرنگی دەزانم هێنانە پێشەوەی ژنان بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵا زانستی و کارگێڕیەکانی زانکۆ.
لە مێژوی زانکۆی گەرمیان ئەمساڵ دەبێتە یەکەم ساڵ کە ٧ سەرۆک بەش لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێن و یەکەمجاریشە پۆستی یاریدەدەری راگری کۆلێژێک بە ژنێک بسپێردرێت.